ئازۆ

1. بێ بڕانەوە و نێوان؛ 2. نێوی کۆنی چیای (ساسۆن)ە لە باکووری کوردستان .

موکری

1. موکوڕ، مکووڕ، خەستۆ؛ 2. بوێر، نەترس و ئازا؛ 3. خەڵکی سەرسەخت و یاخی؛ 4. چیانشین؛ 5. نێوی هۆزی موکرییە لە موکوریان کە داگری چەندین شار و ناوچەیە. دوای ئەوەی کە شاری کۆنی ئادریاس، لە نزیک شاری مەهابادی ئێستێ، لەسەر تەپکی مەحموود خان، دانیشتوانی رووی لە کەمی کرد، شارۆچکەیەک ساز بووە بە نێوی مەکران، کە وشەی موکوریان لەو وەرگیراوە. شارۆچکەی مەکران، بەگەورەیی و گرنگی دوو شار چێری و ئادریاس نەبووە، ئاسەواری ئەو شارۆچکەیە تەنیا هەندێ شتی ئەنتیکەیە کە وەدەست کەوتووە. نزیکەی چووارسەد ساڵی بەر لە زەمانی سەفەوییەکان، شاری سابڵاغ (ساوجبڵاغ)، کە وشەیەکی تورکیە و واتە: کانیسارد، ساز کرا و شارۆچکەی مەکران وردەوردە لەناو چوو. سەفەوییەکان هەرچەند بە بنەڕەت کورد بوونە، بەڵام زۆربەی سەرۆک هۆزەکانی برادۆست و موکوریانییان سەرکوت کردووە و بە سەر فرە ناوچەی کوردستاندا زاڵ بوونە. هۆزی موکری کە لەگەڵ سەفەوییەکان بەشەڕ هاتوون، لە زستانێکی سارد و سەخڵەتدا لە کێوێک نزیک قاراوی مەنگوڕ، لەسەرمان قڕیان هاتووە و ئێستا بەو کێوە دەڵێن: موکریقڕان. بۆ موکوریانیش مامۆستا جەمیل رۆژبەیانی دەڵێ: موکوریان لە بنەڕەتدا موغریان بووە کە گۆڕدراوە بە موکوریان واتە: رێگای موغەکان، یان ئاگرپەرستەکان. ئاترگەی شینر لە تیکاپ و پەرسگەی کەرەفتوو لەلای سەقز، کە هەموویان لە ناو خاکی کوردستان هەڵکەوتوون، جەختن بۆ وەڕاستگەڕانی ئەم بەڵگەیە.

ڕەخسان

خۆبەخۆ وەدیهاتن.

پاشکۆ

کیسە یان ئەو خورجینەی کە سووار لە پاشی وڵاخی دەبەستێ و شتی تێدەخا بۆ ناو رێگا.

گەلۆ

1. ئایا، ئاخۆ، تۆبێژی، ئەی ئەوانەی قسەتان لەگەڵ دەکەم، وەکوو: گەلۆ تۆ بێژی رۆژێ کورد بە ئاواتی خۆی بگا؛ 2. گەلۆ هەوایەکی گۆرانیی کوردییە.

بەرشا

نێوی کوردیی کێوێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

مەشین

وشەیێکی کوردیی کرمانجییە واتە: گەڕان، دەرکەوتن، خۆنیشاندان. لە زاراوەی کوردیی کرمانجیدا وشەی (مەش) بۆ خۆپیشاندان بەکار دەبرێ.

بەندەوار

بەهیوا، بەتەما. وەکوو: بەندەوارێ تەمە، واتە: بەهیوای تۆم یان بەتەمای تۆم، یان چاوەڕوانی تۆم.

مەشان

نێوی یەکەم ژنێکە کە لە بەشی 2ی لاپەرەی 44ی یەشتەکانی زەڕدەشتدا نێوی هاتووه: ئەهوورا، یەکەم مرۆڤی ئافڕاند کە نێوی کەیۆمەرس بوو، ئەو ماوەی سی ساڵ بە تەنیا لە چیاکان ژیانی تێپەڕ کرد، لە کاتی مردندا لە پشتی ئەو تۆوێک هاتە دەر، کە بە هۆی گزنگی هەتاو پاڵاوترا و لە ناو خاکدا پاراسترا، دوای چل ساڵ لەو تۆوە گیایەک بە شێوەی دوو ڕێواسی لێکهاڵاو لە مانگی مێر و ڕۆژی مێر (کاتی جێژنی مێرەگان) لە زەوی سەری هەڵدا و لەپاشان لە شێوەی گیایی هاتنەدەر و شێوەی مرۆڤیان بە خۆوە گرت کە لە باڵا و ڕوخساردا مینای یەک بوون، یەکیان نێر بە نێوی مەشیە و ئەوی تریان مێ بە نێوی مەشیانە کە دوای پەنجا ساڵ ئەو دووانە پێکەوە زەماوەندیان کرد. دواقی نۆ مانگان جووتێک نێر و می لەوان بوون کە لەم جووتەش حەوت و کوڕ و کج پەیدا بوون، کە نێوی یەکەم کچیان نرا (مەشان).

سالمە

گیایەکی سەلکداری بەهارییە لە مێرگدا دەڕوێ، سەلکەکەی وەک پەنجەی مناڵی ساوا وایە و وشک ئەکرێتەوە و بە هاڕدراوی دەکرێ بە هەوێنی دۆڵمە و زۆر بەنرخە و بەکاری زۆر شت دێ.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!