ڕۆستێ
1. ئاوایی، دێ، گوند؛ 2. گوندێکە لای رواندز.
گۆیژە
گۆییژ، بلچ، گڤیشک، 1. کێوێکە لە رۆژاوای شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان؛ 2. گەڕەکێکە لە داوێنی ئەم کێوە هەر لەو شارە کە ئەو گەڕەکە لەبەر ئەو کێوەی گۆیژە ئەو نێوەی بەسەردا بڕاوە.
هەڤرس
هورس، وەرس، هەڤریست، هەڤریسک، عەرعەر، دارێکە وەک سنەوبەر، چەند جۆرە و لە خاکی شێداردا دەڕوێت کە لە گوڵ و لم پێک هاتبێت، هەروەها لە خاکی وشکی بەردەڵان و چەوریشدا کە بەردەوام هەتاو لێی بدات، دەڕوێت؛ هەڤرس بە تۆو و بە قەڵەم دەڕوێت و پاش ساڵێک ڕیشە دادەکوتێ. لە ناوچە ساردەکانی ئاسیا و ئورووپا و ئامریکا و ئامریکای باکووریی زۆرە و لە کوردستانیش لە ناوچە شاخاوییەکان زۆرە؛ جۆرەکانی ئەم دارە، هەمیشە سەرسەوز و بۆنخۆش و ستوونیی و قیتن، گەڵاکانی لە شێوەی دەرزین، بەرەکەی لەپێشدا سەوزە، بەڵام کە پێدەگات لە ترێ دەچێت، لە دۆژ مانگی ڕەشەمە و خاکەلێوەدا گوڵ دەکا، داری هەڤرس لە درووستکردنی تەختەی شوورە و پەرژین و هێڵی قەتاری ڕێئاسندا کەڵکی لێوەردەگرێت، هەڤرسی وا هەیە کە 70 تا 100 پێ هەڵدەچێ، هەڤرسی واش هەیە کە 6 پێ زیاتر هەڵناچێ.
ساتی
کاتی، کارێک کە لە کاتێکی دایکرودا ئەنجام بدرێ و دوایی هەڵوەشێنرێتەوە.
سێنارە
گوندێکە لە لای دۆڵەبەکر و شێراوا نزیک پردێ (ئاڵتوون کوپری) لە ناوچەی کەرکووک لە باشووری کوردستان .
ئارمین
1. وشەی گۆڕدراوی ئارام؛ 2. نێوی کوڕی کەیقوبادی یەکەم پاشای ماد بووە. بڕوانە وشەی ئار.
کەنی
کنا، کچ؛ کەنی و کنا دوو وشەی هەورامین، ژنان کاتێک پێکەوە قسە دەکەن، بە تایبەت لە ناوچەی سنە، ئەگەر یەکێکیان قسەکەی ئەوی دیکەی لا سەیر بێ، دەڵێ: دا بەسیەتی کەنی، یان بەسیەتی کنا! واتە بەسیەتی کچێ!
زەنتا
سەیرانگایەکی خۆشە لە کوردستانی ئێراق.
ڕۆناکۆ
نێوی هۆزێکی کورد بووە، لە ناوچەی هایمانی لای ئآنکارا، کە بە دەستی عوسمانییەکان هەڵداژراونەتە بولغارستان و بۆسنی.
بانا
ئوڵفەت بەستن بە یەکێکی دیکە، هۆگر بوون.