داژگر

داژگیر، بێژنگی کونبڵاو بۆ گەنم پاککردن.

بەفراو

وەفر، ئاوی بەفر کە بەهاران بە شەتاواندا دێتە خوارەوە.

مەشان

نێوی یەکەم ژنێکە کە لە بەشی 2ی لاپەرەی 44ی یەشتەکانی زەڕدەشتدا نێوی هاتووه: ئەهوورا، یەکەم مرۆڤی ئافڕاند کە نێوی کەیۆمەرس بوو، ئەو ماوەی سی ساڵ بە تەنیا لە چیاکان ژیانی تێپەڕ کرد، لە کاتی مردندا لە پشتی ئەو تۆوێک هاتە دەر، کە بە هۆی گزنگی هەتاو پاڵاوترا و لە ناو خاکدا پاراسترا، دوای چل ساڵ لەو تۆوە گیایەک بە شێوەی دوو ڕێواسی لێکهاڵاو لە مانگی مێر و ڕۆژی مێر (کاتی جێژنی مێرەگان) لە زەوی سەری هەڵدا و لەپاشان لە شێوەی گیایی هاتنەدەر و شێوەی مرۆڤیان بە خۆوە گرت کە لە باڵا و ڕوخساردا مینای یەک بوون، یەکیان نێر بە نێوی مەشیە و ئەوی تریان مێ بە نێوی مەشیانە کە دوای پەنجا ساڵ ئەو دووانە پێکەوە زەماوەندیان کرد. دواقی نۆ مانگان جووتێک نێر و می لەوان بوون کە لەم جووتەش حەوت و کوڕ و کج پەیدا بوون، کە نێوی یەکەم کچیان نرا (مەشان).

ولیان

1. باران لە دوای باران، وەکوو: بارانی چی، ولیانە! 2. نێوی سێ گوندە کە یەکێکیان لە ناوچەی (کەرەج)ە و دوو گوندەکەی دیکەشیان لە لای (چاڵانچۆڵان) و (واڵانگرد)ە، لە ناوچەی برووجرد (برووگرد)، لە ناوچەی لوڕستان کە کوردن؛ 3. هەروەها نێوی گوندێکە لە ناوچەی قەراخ لە سلێمانی.

زەندین

گولەبەن، کراسی زرێپۆش کە لە کۆندا وەکوو گولەنەبڕ لەبەریان دەکرد.

ساوێن

ساماڵ، ئاسمانی ساو. (شەوێکی خۆش و ساوێن) دانیشتبووین.

سارۆس

1. شارێک بووە لە ناوچەی نێوانڕۆباران لە سەردەمی مادەکاند که لەناو خاکی کوردستاندا بووە، بەڵام ئێستا شوێنەواری نەماوە؛ 2. یەکێک بووە لە فەرمانڕەواکانی ماد لە سەردەمی ئەژدەهاکدا لە شەڕ لەگەڵ کوورشی هەخامەنشیدا کوژراوە.

باسار

وێژەری بەرنامەی رادیۆ و تەلەڤزیۆن.

بەرشین

بە زاراوەی هەورامی هاتنەدەر، دەرکەوتن.

لاولاو

لاڤلاڤک، گیایەکە لاسکی باریکە، چووار تا پێنج گەز هەڵدەچێ، گوڵێکی وەکوو گوڵی ئەتلەس دەدا کە سوور و شین و کەسک و هەمەڕەنگە، تەنیا لە فێنکیی بەیاناندا گوڵی دەپشکوێ، بەڵام هەر کە هەتاو درەهات، وردەوردە سیس دەبێ.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!