دیار

1. لەبەرچاو، ئاشکرا؛ 2. لا، تەنیشت؛ 3. سەر و سیما؛ 4. کەس و کار؛ 5. نیشتمان.

لیرە

1. لوورە، بالۆرە، جۆرێک گۆرانییە کە ژنان لە کاتی کار و فرماندا دەیچڕن و بەسۆزە؛ 2. دراوی سکە لە زێڕ.

یارسان

لە دوو وشەی ئاوێتەی (یار و سان) پێکهاتووە کە یار واتە: دۆست، هاوڕێ، هاواڵ، سانیش واتە: پەروەردگار، هەتاو، سوڵتان، کە بە سەر یەکەوە، یارسان واتە: هۆگری پەروەردگار، دۆستی خۆرەتاو، هاوڕێی سوڵتان. یارسان، نێوی ئایینزا (مذهب)ی کوردانی (ئەلحەق)ە لە کوردستان، کە بە تیرەی (گۆران)یش بەنێوبانگن. ئایینی یارسان، ئایینی پانتاییزمە واتە (وحدت وجود) یان (یەکێتی هەبوون)، کە بڕوایان بە دۆنادۆن (تناسخ ارواح)ە و یارسانەکان هەرچەند لەلایەن شیعە و سوننی یەوە، کەوتوونەتە بەر زوڵم و زۆری فراوان و بەگشتیی پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام لە درێژەی مێژوودا دەستدرێژیی زۆریان کردۆتە سەریان، بەڵام کۆنترین ئایینی کوردە کە لە کوردستان دوای زەڕدەشت ماوەتەوە. یارسانەکان هەتا ئێستا لە دووتوێی ئایینەکەیاندا زمانی کوردییان پاراستووە. وەک چۆن یەکێ لە پایەکانی مۆسیقای ئێرانیی مۆسیقای کوردییە، لەراستیشدا یەکێ لە بناغەکانی مۆسیقای کوردیی وا بەسەر مۆسیقای کوردیی یارسانەکانەوە، چونکە ئەو قەتار و گۆشە و قامگەلەی که مامۆستا عەلی مەردان و حوسێن عەلی گوتوویانن و تەنانەت هەندێ لە قۆریاتی تورکمانیی کە بە بنەڕەت کوردین، لە سایەی بوونی تیرەی گۆران و ئایین زای یارسانەوە بۆمان ماونەتەوه. بۆ وەبیرهێنانەوە، بە هەڵە بە یارسانەکان دەڵێن: کاکەیی، لە کاتێکدا بەشێک لە یارسانەکان لەبەر ئەوەی کە سەر بە تەریقەتی سید کاکەن، پێاندەگوترێ: کاکەیی، کە لە ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین دەژین‌. ناوچەی یارسانەکان هەتا سەردەمی ساسانییەکان، واتە ئەو کاتەی کە عەرەب هێرش دەکاتە سەر ئەو پاشایەتییە، (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، هەورامان، سنە، دینەوەر، ئیلام، لوڕستان، بەختیاری و شیراز) بووە، واتە بەر لەوەی کە عەرەب هێرش بێننە سەر ئێران و کوردستان بەگشتیی، نەتەوەی کورد رەدووی ئەو ئایینە کەوتووە و ئایینی هەموو خەڵکی کوردستان، یارسان و ئیزەدی بووە، بەڵام لەبەر هێرشی عەرەب و داسەپاندنی ئایینی ئیسلام، ئەم نەتەوەیە کەوتۆتە بەر هێرشی کوشت و کوشتار و لەناوچوون، بە دەستی عەرەب. ئەم تیرە گەورەیەی کورد کە دوای کەوتنی ساسانییەکان نێوی‌ (گۆران)یان بەسەردا بڕا و لەلایەن کوردی بە موسڵمان کراوەوە بە بە (گاور)، واتە: کافر نێودێر کران، لە کۆندا و بەر لە ساسانییەکانیش، یەکەم تیرەی کوردن کە شارنشینییان دەسپێکردووە. ئەم تیرە گەورەیەی کورد دوای ئەوەی کە بە زۆر زۆربەی خەڵکی کوردستانیان کرد بە موسوڵمان، چووار شۆڕشی گەورەیان دژ بە عەرەب و ئایینی ئیسلام کە بە زۆر بە سەر کۆمەڵگای کوردیاندا سەپاند، هەڵگیرساندووە، کە یەکەمیان‌: شۆڕشی گەورەی گۆرانە کە‌ لە شیرازەوە هەڵگیرساوه و ئەبوو موسلێمی خوراسانی‌ تێدا بەشدار بووە و لە کارنامەی ئەردەشێری پاپەکاندا ئاماژەی پێکراوە، هەروەها شۆڕشی شا خۆشین، شۆڕشی سوڵتان ئیسحاق، شۆڕشی سەی براکە، کە بۆ پەرچە لەو ئایینە هەڵگیرساوە، ئەم تیرەیە هەتا ئێستا، سەرەڕای ئەوەی کە بەردەوام لەژێر گوشار و زەبر و زۆری موسڵمانی سوننی و شیعەدا بوونە، بەڵام خۆیان راگرتووە و نەیانهێشتووە ئەو ئایینە کۆنەی کورد لەناو بچێ. ئەگەر تۆزێ ورد سەرنجی رووداوەکانی ئەو سەردەمە و هاتنی عەرەب بۆ سەر خاکی کوردستان بدەین و لێیبکۆڵینەوە‌، وا دەردەکەوێ لە کۆندا دوو ئایین لە کوردستان هەبووبێ، (ئیزەدی و یارسان)، کە ئیزەدیی ئایینی کوردی زاراوەکرمانج بووە و یارسان ئایینی کوردی زاراوەپالەویی و هەورامیی و موکریی، بێژگە لە بوونی جوولەکە لە کوردستان و دواتریش مەسیحییەکان. ئەو ئاورگەگەلەش کە لە ئێراندا دۆزراونەتەوە و ماون، 18 ئاورگەیە کە نزیک بە 16 ئاورگەی لەناو خکی کوردستاندا هەڵکەوتوون. یارسانەکان، کە لە تورکییە و سووریە بە‌ عەلەوی و لە ئازەرباییجان‌ بە قزڵباش و لە ئێراق بە یەزیدیی و کاکەیی و لە ئێران بە ئەهلی حەق و هیدیکە نێویان دێنن، هەر هەموویان پاشماوەی ئایینی زەڕدەشتن و دەگەڕێنەوە بۆ ئایینی میتراپەرستی، زمانە‌کەشیان لە کۆندا پالەویی و هەورامیی بووە، کە عەرەب زاراوەی پالەویی بە فەهلەویی نێوی دێنن و پالەویی (پاڵەیی)یش، هەر ئەم (کەڵوڕیی)یەی ئەمڕۆیە. لە کارنامەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا ئاماژە بە مووزیکەکەیان کە هۆرەیه کراوە‌، بەڵام بە نێوی (لەحن اورامن)، کە ئەمڕۆ بەداخەوە ئەم لەحن ئەورامەنە هێشتا ساق نەکراوەتەوە کە هۆرەیە یان سیاچەمانە؟! ساسانییەکان خۆیان یارسان بوونە و لە بارەگای خۆیاندا بە هەورامی قسەیان کردووە. یارسانەکان هەر موغەکانی سەردەمی ماد بوونە کە دوای کەوتنی مادەکان بە دەستی هەخامەنشییەکان، دژی هەخامەنشییەکان شۆڕشیان هەڵگیرساندووە و شۆڕشەکەیان بە دەستی ئەوان تێدا چووە. دوور نییە وشەی یارسان بە واتای (یاری ساسان) یان (یاری ساسانییەکان)، یان یاری (سان) بەواتای (سوڵتان)ە، بووبێ، کە دەبێتە سوڵتانی ساسانییەکان. چونکە ئەوەی لە مێژوو بزانێ ساسانییەکان دوایین تیرەن کە پەرچەیان لە ئایینی یارسان کردووە و لە سەردەمی ئەوانیشدا ئەم ئایینە کەوتە بەر هێرشی گەورەی لەناوچوون، بە دەستی عەرەب. بڕوانە گۆران لە بەشی کوڕان. ســـڕ حەق زانــۆ، ســڕ حــــەق زانۆ داخم پەی کەسێ ســــڕ حەق زانۆ بەڵام ئەو سڕە پەی کەس نەوانۆ تا رۆژ ئەلەســـت ئەو ســـڕە مانۆ! هۆنراوەی‌ دەفتەری (کەلام)ی یارسانەکان‌.

ئەنجام

ئاکام

بەگداد

نێوی سەرۆکێکی مانایی یەکان بووە، کە سارگۆنی پاشای ئاشوور گرتی و فەرمانی دا کە پێستی کەوڵ کەن، نێوی شاری بەغداد لەمە وەرگیراوە. بڕوانە بێتبەگ، لە بەشی کوڕان.

کەیان

1. مەزنان، سەروەران؛ 2. پاشایانی گەورە و زۆردار؛ 3. جۆرێک چادری خڕی گومبەزوێنەیە کە بە کۆڵەکەیەک هەڵدەدرێ و لە نێو عەجەماندا بە خێوەتی کوردیی یان خێوەتی کوردان بەنێوبانگە.

هەیڤین

ئازیز و خۆشەویست.

سالمە

گیایەکی سەلکداری بەهارییە لە مێرگدا دەڕوێ، سەلکەکەی وەک پەنجەی مناڵی ساوا وایە و وشک ئەکرێتەوە و بە هاڕدراوی دەکرێ بە هەوێنی دۆڵمە و زۆر بەنرخە و بەکاری زۆر شت دێ.

ماد

نێوی کەونارای رەتەوەی کوردە کە لە سەدەی حەوتەمەوە تا کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین دەوڵەتی مادیان پێک هێناوە و یەکەمین پاشایان نێوی دیاکۆ بووە و دواهەمین پاشای ئەم ئیپەراتۆرییەش ئەژدەهاک بووە کە عەرەب بە زوحاک و فارسیش بە ئازیدهاک نێوی دێنن؛ مادەکان لەگەڵ مانایی یەکان کە لە باشووری زەریای ورمێدا ژیاون خزم بوونە؛ مادەکان دوای ئەوەی کە ئاشوورییەکانیان لەناو برد، واتە ساڵی 618ی بەر لە زایین، تیرەکانی: ئیلام، پارس، هیرکان، تەبەری و باکتەری هێناوەتە ژێر فەرمانی خۆیان؛ بنەمای سۆلانی مادەکان، بریتین لە: گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، میتانییەکان، سۆبارییەکان، نەیرییەکان، مانایی یەکان، کوردۆکەکان و ئۆرارتۆکانیان کە لە بەردەنووسەکانی: سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاسووریدا زۆرجار نێویان هاتووە؛ پایتەختی مادەکان. شاری هەمەدانی ئێستا بووە، بەڵام بە پێی نووسینەکانی هێرۆدۆت، ساڵی 550ی بەرلە زایین بە دەستی کوورشی هەخامەنشی لە دەسە‌ڵات کەوتوون؛ لە ژیار و شارستانییەتی مادەکان شتێک لە دەسڕەسدا نییە بەڵام پارسەکان لە دابوکرداری و تەنانەت جلوبەرگی مادەکان کەڵکیان وەرگرتووە؛ هیچ بەردەنووسیکیش نیشاندەری هێڵ و نووسینی مادەکان نییە بەڵام لە بەردەنووسەکانی ئاشوور و لە بەردەنووسەکانی هەخامەنشیدا دەتوانین شوێنی ژیاری مادەکان هەڵکەین؛ چەند میناک لە شوێنەواری مادەکان ماون کە بنەڕەتی ژیاری مادەکان نیشان دەدا و ئەم شوێنەوارانە بریتین لە: 1. پەیکەری شێرێکی بەردین لە هەمەدان، 2. دیمەنی کەندەکاری کراوی پیاوێک بە جلوبەرگی مادییەوە لە گۆڕیچەیێک لەلای سەرپێڵ زەهاو، کە ئێستا بە (دووکانی داوود) بەنێوبانگە، 3. دیمەنی فرووهەر بە سەر بەردێکەوە لەلای شاری سەحەنە، 4. گۆڕیچە یان سەراویلکەیەک لە دێرانی لورستان کە بە (تاقی فەرهاد) بەنێوبانگە، 5. پەیکەری کەندەکاریکراوی پیاوێک لە حاڵی پەرستندا لە گۆڕیچەیێکی بچووک لە گوندی (نەوئێسحاقوەند)ی نزیک کرماشان، 6. دیمەنی پاشا و رۆحانییێک کە هەر دوو لایان مەشخەڵی ئاگرە لە (قزقاپان)ی لای دووکان لە ناووچەی سلێمانی. 7. شاری هەمەدان بە حەوت ‌قەڵای رەنگاورەنگەوە و کۆشکێک کە نیشاندەری ژیاری بریسکەداری مادەکانە!

ژێدەر

1. بنەما، رەگەزی وشە؛ 2. جگە، بێژگە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!