شلێر

گیایەکە زیاتر لە کوێستانان شین دەبێ و دووجار سێ جار بە بەژن و تەپڵی سەریدا هەڵدەچێ و گوڵەکەی سووری ئاڵ یان زەردی پیاڵەئاسای سەرەونخوونە کە وەکوو زەنگۆڵە پێدا شۆڕ دەبێتەوە؛ هەم دەشتە هەم ناوچەیەکە لە باشووری کوردستان، کە بە شاری (بانە) وە نزیکە.

لاوۆ

رۆڵە، وشەی دەنگدان و دەستوورە، بۆ روو لە کوڕی لاو و گەنج بەکار دێ، وەکوو نەکە لاوۆ، نەکە کوڕۆ.

لێوار

کنار، لچ، قەراخ، کەڵکەپاسار.

پێناو

1. هۆ، لەبەر؛ 2. فیدابوون. (لەپێناوت دەنێم سەر و .... گیان)

کارمات

1. کارماد، کارمات، کڕمات، کرماج، کوردمانج، کورد، گوندی؛ 2. جووتیار، چاندەکار؛ 3. شوان و گاوان، بەخێوکەری ئاژەڵ؛ 4. تیرەیەک لە تیرەکانی ئەلحەق بوونە کە دوای ئەبوو موسلێمی خوراسانیی، لە 254 هەتا 270 ی کۆچییدا، بە شەڕی چەکداری لە دژی خەلیفەکانی سەرەتای ئیسلام بەرگرییان لە بزووتنەوەی سۆفیگەریی یارسان (حەقە) کردووە لە کوردستان و ئێران و زۆر شوێنێ دیکە و رەواجیان بە ئایینی یارسان داوە. عەرەبی موسوڵمان ئەم وشەیانە کردووە بە قرمەت (قرمط)، واتە: ناموسوڵمان و بی دین و کافر، یان ئەو کەسانەی کە لە نووسیندا خەتیان وردە!! زۆر بە داخەوە ئەم ناژیربێژییە و ئەم بێ مەنتەقییە ناچێتە مێشکەوە، چونکە ئەوانەی کە موسڵمانن، هەر گەل و نەتەوەیێکی ناموسڵمان بە بێدین و کافر دەزانن، ئەم تیرەیەشیان لە تیرەی ئەلحەق (یارسان) زانیوە، بۆیە بە قرمط یان قرمطی نێویان بردوون‌، کڕماتەتەکان ئایینی تایبەتی خۆیانیان هەبووە و نەچوونەتە ژێر درۆ و دەلەسەی خەلیفەکانی ئیسلامی ئەو سەردەمە کە سەرانسەری کوردستانیان لەناو خوێندا شەڵاڵ کرد. (قرمط) لە راستیدا (کڕمات) بووە کە عەرەب کردوویەتی بە قرمط!!

سەفین

چیایەکی بەرزە لە پشتی شاری (شەقڵاوە) و شارۆچکەی (سەرمەیدان) لە کوردستانی باشوور.

سۆکار

شاخێکە لەلای تەڕگەوەڕ و مەرگەوەڕ لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

کەورین

1. کەڤرین، بەردین؛ 2. ئەمباری دەخڵ و دانەوێڵە؛ 3. بزنی سپی؛ 4. گوندێکە لەبن چیای (زۆزک) لە ناوچەی ڕواندز، لە باشووری کوردستان.

چەتۆ

1. مەسبەست لە ئینسانی ئازا و زیرەک؛ 2. کورتکراوەی چەتە و چەتوون، بەواتای رێگر و تۆسن.

نازەنین

1. نازدار، بەناز؛ 2. نێوی گوندێکە لە باشووری کوردستان.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!