کرماشان
یەکێ لە شارە کۆنەکانی کوردستانە کە بەر لە سەردەمی ساسانییەکان بنیات نراوه، بەڵام دواتر خەسرەو و بارامی ساسانیی بایەخێکی زۆریان پێداوە؛ کرماشان جێگا و مەڵبەندی ساسانییەکان بووە کە ئێستاش شوێنەوارەکانی هەر ماوە؛ لە سەردەمی سەفەوییەکاندا کە عوسمانییەکان بەشی سوننی نشینی کوردستانیان داگیر کرد، سەفەوییەکان بایەخێکی زۆریان بە کرماشان دا و کرماشان زۆر پێشکەوت؛ ئەوەی کە دەڵێن کرماشان (بارامی چووارەم) کە نێوی (کرمانشاه، یان شاەکرمان) بووە بنیاتی ناوە، درۆیە و ئەو شارەی کە بارامی چووارەم بنیاتی ناوە، کوێرەدێیەک بووە لە نزیک ئەسفەهان بە نێوی (کرمانشاە)، کە ئێستاش کەلاوەکانی هەر ماوە؛ کرماشان لە کۆندا نێوی (کرماجان) یا (کرمانجان) یان (کرمانجسان) بووە کە واتای (جێگای ڕەعیەتەکان، یان جێگای چاندەکاران و ئاژەڵداران) دەدا و عەربەکانیش بە قرمسین نێویان بردووە، بەڵگە و دەلیلیش ئەوەیە کە گۆرانەکان یەکەم هێز بوونە کە دەستیان بە شارنشینی کردووە و یەکەمین تیرەی کوردن کە کرماشانیان ئاوەدان کردۆتەوە و هەر لەبەر ئەوەشە نێویان ناوە کرماشان، واتە شوێنی چاندەکار و ئاژەڵداران!
شارا
1. ماسوولکەی گەنم لەسەر خەرمان، لاسک و ساقەتی خەلە؛ 2. کەمێ لە کوڵەش یان خۆیان کە بە درێژەوەیە؛ 3. کای نێوان دیوارەی چاڵ و دەخڵ؛ 4. گیشەی دەخڵی دووراو.
پەسار
1. شوێنی سێبەر، نسار، نسرم؛ 2. پەنای با، پەنای باراننەگر؛ 3. حەشارگەی راوچی.
پەلشین
جۆرێک گیایە کە گوڵی وەنەوشەیی یان سوورشین دەردەکا.
ڕەوەند
خێڵەکی، کۆچەر، چادرنشین، ئەوانەی گەرمێن و کوێستان دەکەن.
هاوار
1. داد و فریاد، بانگ و هاوار؛ 2. بانگڕاهێشتن بۆ ئاریکاریی و رەهابوون لە تەنگانە؛ 3. ئاخ و داخ؛ 4. هانا بۆ کەسێ بردن؛ 5. نێوە بۆ دوو گۆڤاری کوردی، کە یەکەمیان (جەلادەت عالی بەدرخان) لە ساڵی 1932 ی زایینی‌دا دەریخست، کە بە تێکڕایی 57 ژمارەی لێ دەرچوو، دووهەمیان حافز مستەفا قازیی، ساڵی1971 ی زایینی لە بەغدا دەریخست، بەڵام دوای سێ ژمارە داخرا؛ 6. نێوی گوندێکە لە کوردستانی باشوور، لە داوێنی چیای شنروێ کە کاکەیین.
بژار
1. گیای کەڵە، گیای هەرزە؛ 2. (دان) ی غەریبە لەناو دانەوێڵەدا؛ 3. خۆدۆزین و بەخۆدا گەڕان؛ 4. ژماردن.
ئادیامان
شارێکی کوردنشینە لە باکوور‌ی کوردستان. بڕوانە وشەی ئاد.
دمدم
نێوی قه‌ڵایه‌که که ساڵی 1609 ی زایینی سازکراوه. ئه‌و قه‌ڵایه له سێ فرسه‌خیی شاری ورمێ له ناوچه‌ی ته‌رگه‌وه‌ڕ له (گه‌لی) یان ده‌ڕڕه‌ی قاسملوو له‌سه‌ر دوندی کێوێکی به‌رز به نێوی دمدم له نێوان ورمێ و شنۆ، خراوه‌ته‌وه که یه‌کپارچه به‌ردی درێژووکه و ته‌سکه و وه‌ک پشتی گا هه‌ڵکه‌وتووه. له شنۆڕا که ده‌ڕۆی که‌وتۆته لای ده‌ستی راست. قه‌ڵای دمدم به ده‌ستی شاعه‌باسی سه‌فه‌وی گیرا و داغان کرا و پاشان قڕیان خسته ناو ئه‌و کوردانه‌ی که له‌و قه‌ڵایه‌دا ده‌ژیان. کاره‌ساتی قه‌ڵای دمدم بوویه‌رێکی گه‌وره‌یه له مێژووی گه‌لی کورددا و به‌یتبێژه‌کان ئه‌م رووداوه‌یان هه‌م به شێوه‌ی کرمانجیی و هه‌م به شێوه‌ی موکری کردووه به هۆنراوه و، به شێوه‌ی به‌یت گوتوویانه‌ته‌وه و له فه‌وتان و له‌ناوچوون رزگاریان کردووه. به‌یتی دمدم له لایه‌ن زانای به‌نێوبانگی ئاڵمانییه‌وه ئوسکارمان، که کاتی خۆی له سه‌رده‌می قاجاڕه‌کاندا هاتۆته کوردستان به خه‌تی لاتین نووسراوه‌ته‌وه و لە کتێبێک‌دا به نێوی (توحفوی موزه‌فه‌رییه) نووسراوه‌ته‌وه و له مووزه‌ی به‌رلیندا هه‌یه و ماوه‌ته‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و به‌یتانه‌ی که له‌و کۆپه‌ڕه‌دا هه‌ن له زاری (ره‌حمان به‌کره‌وه) وه‌رگیراون. مامۆستا هێمن کاتی خۆی له به‌غدا له لاتینه‌وه هێناویه‌ته سه‌ر شێوه‌ی سۆرانی. دمدم: له بنه‌ڕه‌تدا نێوی ئه‌و چیایه‌یه که ئه‌و قه‌ڵایه‌ی به‌سه‌ره‌وه خراوه‌ته‌وه، لووتکه‌یان هاتۆته‌وه به‌سه‌ر یه‌کدا که له لووت ده‌چن، له موکوریانیش به لووت ده‌ڵێن دم، بۆیه ئه‌و چیایه به دمدم نێودێر کراوه!
شاتان
سپینداری بەرز و راستا.