دیجلە
دیجلە رۆبارێکی گەورەیە کە لە دە چۆم پێک دێ و لە کۆندا (دەچڵە) شیان پێگوتووە، واتە ده لق چۆم؛ بەڵام نێوی کۆنتر و زانستیانەتر (تیژڕۆ ) بووە کە نێوی کۆنی دیجلە بووە و لە گاتاکان و لە زاراوەی پالەوی کۆنیشدا هاتووە و دواتریش بووە بە (تیگر، یان تگریس)، کە عەرەب گوڕویەتی و لە (تیگر)ەوە کردوویەتی بە تیجر و پاشان دیجر و ئەوسا دیجله؛ دیجله هەزار کیلۆمیتر بەناو خاکی کوردستاندا رەوت و رۆی هەیە.
سۆیلە
نێوی گوندێکە لە لای (تەپەکەل و مالوان) ی شارەزوور، لە باشووری کوردستان.
گۆران
نێوی تیرەیەکە لە کورد کە لە ناوچەی داڵاهۆ و رێژاو و زۆر شوێنی دیکەی کوردستان دەژین و رەدووی ئایینی (یارسان) یان (ئەهلی هەق) ن و (کاکەیی) یشیان پێدەڵێن. گۆرانەکان یەکەمین یان دەتوانم بڵێم یەکێ لەو تیرەگەلەی کوردن کە زووتر لە هەموو تیرەکانی کورد دەستیان کردووە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و وشەی (گۆرانیی) بە نێوی ئەوانەوە هاتۆتە ناو زمان و ئەدەبیاتی کوردی؛ هۆزی گۆران یەکەم هۆز و تیرەی کوردن کە شارنشینییان دەست پێکردووە؛ لەبەر ئەوەش کە موسوڵمان نین، بەداخەوە پێیانگوتوون: گەور یان گاور، واتە: ناموسوڵمان!؛ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەتیشدا هەر سروود و ستران و ئاوازێکیش کە پێداهەڵگوتنی (ئیسلام)ی تێدا نەبووبێ، بە نالەبار و ناشایانیان لە قەڵەم داوە و پێیانگوتووە: گەورانی یان گاورانی!! و لەلایەن موسوڵمانانەوە بەرگری لێکراوە و وردە وردە ئەو ستران و سروودانە وشەی گەورانی بەسەردا بڕاوە و دوایی بۆتە: گۆرانی! هۆزی (گۆران) هۆزێکی کۆن و گەورەن؛ بەداخەوە (کوردی وشکەڕۆی موسوڵمان) یش پێیانگوتوون: دز، چەتە، رێگر، کە من پێموایە لەبەر ئەوەی کە موسوڵمان نەبوونە و پەیڕەوی ئایینی کۆنی یارسانن, وایان پێگوتوون، چونکە ئەوانە سەریان بۆ عەرەب و تەنانەت کوردی موسوڵمانیش کە لەبنەڕەتدا موسوڵمان نەبوونە و بە شەق و شمشێری عەرەب بوونەتە موسوڵمان، دانەنەواندووە؛ لەبەر ئەوەش کە کوردی موسوڵمان پەیتاپەیتا هێرشیان کردوونەتە سەر و ئازاریان داون، ناچار کاردانەوەیان نیشان داوە و خۆیانیان پاراستووە، کوردە موسوڵمانەکەش لە داخی ئەوە کە ئەم یارسان (ئەلحەق) انە پەرچەیان لەو دینە نەتەوەیی یەی خۆیان کردووە, ئامادە نەبوونە ببن بە موسوڵمان و ناونیتکەی وایان لێناون و بە دز و چەتە و رێگریان لەقەڵەم داون، لە کاتێکدا وا نییە و بۆ هەموو کوردیکی تێگەییشتوو و رۆشنبیر جێگای سەربەرزین، چونکە یارسان یان گۆرانەکان، زمان و کولتووری کوردییان لە چوارچێوەی ئەو دینە کۆن و نەتەوەیی یەی خۆیاندا بۆ پاراستووین! نێوی گۆران لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا و شوێنانی دیکە، بە یۆران دەخوێرێتەوە و ئەمیش وەکوو ئالان نێوێکی دنیاداگر (ئینترناشیۆناڵ)ە. بڕوانە (پاڵەوان) و (یارسان) لە بەشی کوڕان.
شنە
بای فێنک، سروەی با، لەرین بە سروەی با.
تەنیا
تاک، بەتەنێ، تاکەکەس، تاقەشت.
هەیاسە
کەمەرەی زێڕ و زێو.
دەیلەم
1. باریی، لۆسە؛ 2. نێوی هۆزێکی کوردە لە خوراسان کە بە دەستی شاعەباسی سەفەویی، گۆڕبەگۆڕی بە رەتەوە کورد، هەڵداژراونەتە ئەوێ.
رێژان
رێژنەی باران، دابارینی بەتاو. لەبارانی توندا خەڵکی دەڵێ: یا ئەڵڵا رێژانی بەخێر.
وڵات
1. ، نیشتمان، بە سەرزەوینی جێگەژیانی خەڵک؛ 2. هێما بە دار و دیوار و دەوروبەر.
ئاران
1. بنکەی ژیانی زستانەی کۆچەران؛ (هەموو چوونە هەواران، ئێمە ماوین لە ئاران)؛ 2. گەرمیان؛ 3. زەوینی تەخت و راسا؛ 4. دەشتی بەپیت و نەرمان؛ 5. ناوچەیەکی کوردنشینە لە لای زەلیای قەزوێن. بڕوانە وشەی ئار.