کەورین

1. کەڤرین، بەردین؛ 2. ئەمباری دەخڵ و دانەوێڵە؛ 3. بزنی سپی؛ 4. گوندێکە لەبن چیای (زۆزک) لە ناوچەی ڕواندز، لە باشووری کوردستان.

فرازە

پەرێز، جێگەی دەخڵی درەوکریاگ.

بێستوون

نێوی چیایەکی سەخت و بەرزە کە لە دۆژ شارەکانی کامیاران و هەمەدان و کرماشاندا هەڵکەوتووە و نزیک بە چیای "پەڕاو" ە و شاری بێستوونیش لەپەنای ئەم چیایە هەڵکەوتووە؛ ئەم نێوە لە بنەڕەتدا بەغستێن یان بەغستەن بووە، (بەغ) واتە: خودا، خولقێنەر، (ستێن یان ستەن)یش: جێگا و شوێن. بێستوون یان بەغستەنیش واتە: جێگای خودا یان خولقێنەری گەلانی بەر لە زەڕدەشتییەکان.

ڕاهێن

فێرکار، پەروەرێنەر.

کانیسک

لاسکی وشکی نیسک.

لاوک

1. گۆرانیی درێژ و کەون؛ 2. هەوای قەتارێکی کوردیی کۆنە؛ لاوک بە ناوەڕۆک شێوە و جۆری جیا لەیەکی هەیە کە باسی رووداوی حەماسی و راستەقینەی تێدایە. ئەم هەوایە لە لایەن گۆرانیبێژانی بەنێوبانگی وەکوو: کاووس ئاغا و حەسەن جزیریی و عارف جزیریی و حیسا بەرواریی و مریەم خان و هیدیکەوە گوتراوە و بەیتە کۆنەکان بە لاوک گوتراون. دیسان لاوک واتای کوڕ دەدا. بۆ نموونە لە زاراوەی کرمانجیدا دایک یان باوک ئەگەر بێژن دوو کوڕمان هەیە، دەڵێن: دوو لاوکێن مە هەنە. گزنفۆنی یۆنانیی کە ساڵی 401 ی بەر لە زایین، بە بانگهێشتنی کوورۆشی کوڕی داریووش هاتۆتە وڵاتی ئێرانی ئەو سەردەمە، لەکاتی گەڕانەوی 12000 سووارەکەیدا بۆ یۆنان، لە کوردستان 355 تا 430 ی زایینیی، تووشی شەڕ دەبن! گزنفۆن لە ئاناباز (گەڕانەوە) دا دەڵێ: (کاردۆخییەکان کە ویستیان هێرش بکەنە سەرمان، جۆرێک سروودی پڕجۆش و خرۆشیان دەگوت کە ریتم و میزانی نەبوو!) بە پێی گوتەکانی گزنفۆن، ئەو سروودە پڕجۆش و خرۆشە دوور نییە هەر ئەو لاوکە‌ بێ کە ئەمڕۆ لە کوردستان ماوەتەوە و ریتمی نییە و ئازاد دەگوترێ!

پووشین

1. دروستکراو لە لاسکی دەخڵ و گیا، سەلەی پووشین؛ 2. کڵاوی پووشین، پارچەیەکی رەشە، کە ژنان وەکوو سەرپۆش بە سەریدا دەدەن.

دەلیل

بەڵگە، گەواه.

شالوور

ریشۆڵەی رەش، گاوانی.

باسمە

شەقڵی خەرمان.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!