سەرکەش

1. سەرکێش، سەرەڕۆ؛ 2. یاخی و ملنەدەر؛ 3. زۆردار و بەکار؛ 4. ملنەدەر و گوێنەدەر؛ 5. کێوێکە لە ناچەی گێڵان غەرب لە کوردستان.

جەربەزە

1.جەزرەبە، ئازار؛ 2. دانەسەکناو، هاروهاژ؛ 3. بوێر، ئازا، بەجەرگ، دڵدار.

بێرات

شوێنی ئاژەڵداری، شاخێکە لەڵای چیای کارۆخ، لە کوردستانی باشوور.

چەمەر

1. کۆبوونەوە لەدەوری یەک لەکاتی شیوەن و رۆڕۆدا؛ 2. کەمە، بازنە.

ڕۆژەڤ

وشەیەکی تازەیە بە واتای بەرنامەی رۆژانە.

ئارین

بەسراو بە نژادی ئارییەوە.

کەویژ

1. قەفیز، دەفری شتپێوان، بەتایبەت بۆ گەنم و دانەوێڵە و شتی وا لە کۆندا کەڵکیان لێوەردەگرت. پێشینان دەڵێن: (چکەویژێ، چمەویژێ!) ؛ 2. قەفیز وشەیێکی عەرەبییە و کوردییەکەی (دەمبێن یان دەمبەس)ە، دەمبێن‌ پارچە ئاسنەواڵەیێکە کاتێ‌ سۆندە یان شلنگی ئاو دەپچڕێت، بۆریی یان لوولەیەکی ئاسن دەخرێتە نێوان ئەو سۆندە بچڕاوە بۆ وێکخستنەوەی، ئەو بۆرییەی کە ئەم سەر و ئەو سەری سۆندەکەی تێکراوە، بەو دەمبێنە لە یەک گرێ دەرێتەوە.

تیرمە

ناوچەیەکی کوردنشین بووە لە ناوچەی کووت کە مەسیحیشی تێدا ژیاوە و (ابن روستەم) لە کۆپەڕی (الاغلاق النفسیە) دا لە باسی شاری کووت بەر لە ئیسلام باسی کردووە و کوردی فەیلی تێدا ژیاوە.

بادینان

1. بەهدینان؛ 2. بە بەشی سەرەوەی باشووری کوردستان دەگوترێ کە داگری شارەکانی (زاخۆ، شەنگار، دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بارزان) و چەندین گوند و شارۆچکەی دیکەیە. 3. (بەهدینان) پێوەندیی بە پرسگرێکی زەڕدەشتەوە هەیە و لە دوو وشەی (بەهـ و دین) پێکهاتووە کە (بەهـ) وشەیێکی کۆنی ئەوێستایی پالەوییە و واتای باش دەدا و (دین)یش هەر وشەیەکی کۆنی ئەوێستایی یە کە واتای ویژدان دەدا و بە کۆی (ان) واتای بادینان دەبێتە: 1. ویژدانی باش، 2. ئاکاری چاک، 3. شوێنی پاک و پیرۆز. ‌

پاڵە

1. سەپان، کرێکار؛ 2. شاری زەڕدەشتییەکان یان گاورەکان. بڕوانە (پاڵەوان).

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!