سارتان

نێوی تیرەیەکە لە چلوچووار تیرەی میللی لە باکووری کوردستان کە لە قەرەجداخ و عوسمانجق و دێرسیم دەژین.

یەمان

1. زۆربەهێز؛ 2. نەترس و ئازا؛ 3. زیرەک و بە دەستوبرد؛ وشەی زیادی لە گۆرانیی کوردیدا وەکوو: ئاخ و یەمان.

بەڵێن

پەیمان، سۆز.

بەیتاس

گوندێکە لە 50 کیلۆمیتری شاری مهاباد، کە رێگای مهاباد بۆ سەردەشت بەبەر ئەم گوندەدا تێدەپەڕێ. 1. (بەت) لە زمانی مادیدا واتە گەورە و مەزن، کە هەمان وشەی (بەد)ی پاشگری وشەی (مووبەد)ە، کە لە موو یان موغ و بەت پێکهاتووە؛ 2. موغ واتە بەرپرسی ئایینیی زەڕدەشتییەکان و بەد و بەت و پەت و باد و پات، واتە گەورە و مەزن کە بەسەر یەکەوە، دەبێتە گەورەی زەڕدەشتییان؛ (بەت) لەگەڵ وشەی (بەیت)ی کوردیی کە ریشەکەی لە (پاد)ی ئاوێستایی و (پۆیێت)ی لاتینی کە هەردووکیان واتای شیعریش دەدەن نزیکە و دوور نییە یەک ریشە بن. بڕوانە هۆنیا لە بەشی کچان. ئاس لە زمانی مادیدا بە مانای مەڵبەندە، کە ستێن و ستان و ئوستان و ئاستان، هەر لەو ریشەیەن. لە زمانی پەهلەویدا، ئەو وشەیە بۆتە وستان. لە کارنامەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا، شارستێن، شتەروستان نووسراوە. بەیتاس کە لە بنچینەدا بەتئاس بووە، واتە مەڵبەندی گاوران. لە کوردستان ئاوایی دیکەشمان هەنە کە پاشگرەکەی (ئاس)ە وەکوو: سوێناس لە مەڵبەندی گەورکی مەهاباد، کە سوێئاس بووە بەمانای مەڵبەندی نوور؛ هەروەها نەڵاس لەلای سەردەشت کە وێدەچێ نێڵئاس بووبێ کە واتای مەڵبەندی ئاور دەدا. بڕوانە بۆ گۆران.

سیدار

1. جێگای سێبەر، سێبەری دار؛ 2. ناوێکە کە لە کوردی باکووری کوردستانم بیستووە.

مەکۆ

1. سەنگەر؛ 2. پەناگە، حەشارگە؛ 3. کۆ، کۆگا؛ 4. جێگەی کۆبوونەوەی خەڵک؛ 5. جێگەی بەسەریەکاکردنی شت؛ 6. شتێکی سەروبنباریکی هێلکەوێنەیە بەڵام گەورەتر، کە جۆڵا مەکارەی تێدەخا و جۆڵایی پێدەکا.

دیلۆک

گۆرانیی هەڵپەڕکێ، گۆرانیگەلێک کە لە داوەتدا دەگوترێن.

زەندۆر

نێوی شارۆچکەیەک بووە، لە سەردەمی ساسانییەکان، لە ناوچەی کوردنشینی کووت لە لای عەمارە؛ حوکوومەتی بەعس دوایی نێوی ئەم شارەی کرد بە (عەلی غەربی)؛ لە سەردەمی ساسانییەکاندا نێوی شاری زەندۆر (کاسکار، یان کەسکەر) بووە و نێوی کووت ئەفروون، بەڵام دوای هاتنی ئیسلام، تووشی وێرانیی هات و لە گەشەکردن وەستا؛ پاشان دەوڵەتی بەعس، نێوی کووتی گۆڕی بۆ (واست) و کوردەکانیان بەرەبەرە دەرکرد و کۆمەڵێکیشیان لێ کوژرا و تەنانەت 6000 لاویان بە زیندووی بێسەروشوێن کرد و ئەو شارە کوردنشینەیان لە کورد چۆڵ کرد.

نەیری

1. لە گاتاکاندا وشەی (نەیر)، لە زەند و پازەندی کۆندا، مانای (ئاگر) دەدا؛ 2. نەیری واتە: لە تیرەی (ئاگرپەرستان)؛ 3. هەروەها نەیری واتە ئەو تیرەیەی کە ڕەزەوانن و ترێ ڕەنێو دێنن؛ 4. هەروەتر نێوی گۆڕەپانێکی پان و بەرینە لەلای سەرووی گوندی (سەبان)ەوە لە ناوچەی هەڵەبجە؛ 5. سەربەندی گۆرانییەکی فۆلکلۆری ناوچەی شارەزوورە؛ 6. نەهری یان نەیری ناوچەیەکە لە وڵاتی شەمدینان؛ 7. هەروەها تیرەیەک بوونە لە کورد کە لە کۆندا دوو ڕەتەوەی (سۆبار و گۆتۆ)یان لێکەوتۆتەوە؛ 8. مینۆرسسکی و توردانگین دەڵێن: ناوچەی (نەیری) یان (هۆبشکا)، بە شیو و دۆڵەکانی (بۆتان) گوتراوە کە لە کاتی خۆیدا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبووە؛ مەیجەرسۆن دەڵێ: ئەگەر تەماشایاکی سەردەمی گۆتییەکان بکەین، کە لە دۆژ سەدەکانی (12 و 15) ی بەر لە زایین ژیاون، دەبینین ئەم نەیریگەلە کە پێش میدییەکان کەوتبوون، لە کوردستانی ناوەڕاستدا ژیانێکی باشیان هەبووە و دەسەڵاتێکی وایان هەبووە کە ترس و لەرزیان خستبووە دڵی هاوسێکانیانەوە. هەر ئەم نەتەوەیە بوو کە لەپاشان نێوی گۆڕدرا و بوو بە (کورد)؛ وڵاتی نەیرییەکان لەو سەردەمەدا لە زەلیای ناوەڕاست لە ڕۆباری گەورەوە دەستی پێدەکرد هەتا سەرچاوەی ڕۆبارەکە. میدییەکان کە حوکوومەتەکەیان تێدا چوو، بەرەبەرە ڕوویان کردە ئەم شوێنە و ئاوەدانیان کردەوە.

ئارکاس

1. گەورەی کاسییەکان؛ 2. نێوی گوندێکە لە ناوچەی مووش لە باکوور‌ی کوردستان. بڕوانە وشەی ئار.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!