ڕەزازی

لە وشەی (رزّاز)ی عەرەبییەوە هاتووە، واتە: گەنمپاککەر، کەسێک کە گەنم و برنج و دانەوێڵە پاک دەکا؛ (رەزازی) هەروەها نێوی گەڕەکێک بووە لە سەردەمی عەباسییەکان لە شاری کوردنشینی (کووت) ی لای (عەمارە) لە باشووری کوردستان که بەداخەوە ئێستا ئەو ناوچانە هەرچەند خاکی کوردستانە بەڵام لە درێژەی مێژووی بەر لە ئێراق و حکوومەتەکانی ئێراقیشدا کراون بە عەرەبنشین و کوردەکانی ئەو شار و ناوچەگەلەیان لەوێ کە خاکی دا و باپیرانی خۆیانە وەدەرناوە! بڕوانە (زەندۆر) لە بەشی کوڕان.

ڕەزێ

ئاماژە بە رەز و باخی مێو.

کۆمار

کۆمەڵەی خەڵکی لایەنگری شتێک، شێوازی حوکمڕانیی "جومهووری" لەسەر بنەمای حکوومەتی هەر لایەنێک کە زۆرترین لایەنگری لە ناو جەماوەردا هەبێ.

ئەنتیکە

کەموێنە، کەلوپەلی زۆر کەنارا، لە وشەی (ئانتیک)ی ئینگلیسی وەرگیراوە.

ماد

نێوی کەونارای رەتەوەی کوردە کە لە سەدەی حەوتەمەوە تا کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین دەوڵەتی مادیان پێک هێناوە و یەکەمین پاشایان نێوی دیاکۆ بووە و دواهەمین پاشای ئەم ئیپەراتۆرییەش ئەژدەهاک بووە کە عەرەب بە زوحاک و فارسیش بە ئازیدهاک نێوی دێنن؛ مادەکان لەگەڵ مانایی یەکان کە لە باشووری زەریای ورمێدا ژیاون خزم بوونە؛ مادەکان دوای ئەوەی کە ئاشوورییەکانیان لەناو برد، واتە ساڵی 618ی بەر لە زایین، تیرەکانی: ئیلام، پارس، هیرکان، تەبەری و باکتەری هێناوەتە ژێر فەرمانی خۆیان؛ بنەمای سۆلانی مادەکان، بریتین لە: گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، میتانییەکان، سۆبارییەکان، نەیرییەکان، مانایی یەکان، کوردۆکەکان و ئۆرارتۆکانیان کە لە بەردەنووسەکانی: سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاسووریدا زۆرجار نێویان هاتووە؛ پایتەختی مادەکان. شاری هەمەدانی ئێستا بووە، بەڵام بە پێی نووسینەکانی هێرۆدۆت، ساڵی 550ی بەرلە زایین بە دەستی کوورشی هەخامەنشی لە دەسە‌ڵات کەوتوون؛ لە ژیار و شارستانییەتی مادەکان شتێک لە دەسڕەسدا نییە بەڵام پارسەکان لە دابوکرداری و تەنانەت جلوبەرگی مادەکان کەڵکیان وەرگرتووە؛ هیچ بەردەنووسیکیش نیشاندەری هێڵ و نووسینی مادەکان نییە بەڵام لە بەردەنووسەکانی ئاشوور و لە بەردەنووسەکانی هەخامەنشیدا دەتوانین شوێنی ژیاری مادەکان هەڵکەین؛ چەند میناک لە شوێنەواری مادەکان ماون کە بنەڕەتی ژیاری مادەکان نیشان دەدا و ئەم شوێنەوارانە بریتین لە: 1. پەیکەری شێرێکی بەردین لە هەمەدان، 2. دیمەنی کەندەکاری کراوی پیاوێک بە جلوبەرگی مادییەوە لە گۆڕیچەیێک لەلای سەرپێڵ زەهاو، کە ئێستا بە (دووکانی داوود) بەنێوبانگە، 3. دیمەنی فرووهەر بە سەر بەردێکەوە لەلای شاری سەحەنە، 4. گۆڕیچە یان سەراویلکەیەک لە دێرانی لورستان کە بە (تاقی فەرهاد) بەنێوبانگە، 5. پەیکەری کەندەکاریکراوی پیاوێک لە حاڵی پەرستندا لە گۆڕیچەیێکی بچووک لە گوندی (نەوئێسحاقوەند)ی نزیک کرماشان، 6. دیمەنی پاشا و رۆحانییێک کە هەر دوو لایان مەشخەڵی ئاگرە لە (قزقاپان)ی لای دووکان لە ناووچەی سلێمانی. 7. شاری هەمەدان بە حەوت ‌قەڵای رەنگاورەنگەوە و کۆشکێک کە نیشاندەری ژیاری بریسکەداری مادەکانە!

کانیلە

کانیلکە، کانی بچووک.

باڤۆ

بە زاراوەی کرمانجی واتە: 1. باوک، باڤ، باب؛ 2. بانگکردنی زاڕۆک لە باوک. (باڤۆ وەرە).

تنۆک

دڵۆپ، دڵۆپەی باران و ئاو.

دینێ

1. ئاماژه‌ به‌ کیژ یان کوڕی سه‌رشێت و سه‌ره‌ڕۆ له‌ ئه‌ڤینداریدا؛ 2. سه‌ربه‌ندی گۆرانییه‌کی کوردییه‌. (وه‌ره‌ دینێ و دینێ من).

میدیا

1. ماد، مەدیا، میدیا، نێوی دەوڵەتی مادەکان بووە؛ 2. ئەو شوێنەی کە مادەکانی لێ ژیاون؛ (میدی) یەکان لە رەگەزی هێند و ئورووپی بوونە و لە سەدەی نۆیەمی بەر لە زایین، لە ‌رۆژهەڵاتی زەلیای کاسپین یان قەزوێنەوە چوونەتە رۆژاوای باکووری کێوەکانی ئێران واتە وڵاتی (میدیا) و وردەوردە دەسە‌ڵاتیان بە سەر دراوسێکانیشیاندا پەیدا کردووە و لە کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، حوکوومەتێکی سەربەخۆیان دامەزراندووە و نەتەوەی پارسیشیان خستۆتە ژێر دەسە‌ڵاتی خۆیان و شاری هەگمتەنا یان هەکمتان، هەمەدان) ی ئێستایان کردووە بە پایتەخت، بەڵام ساڵی 550ی بەر لە زایین بە دەست کوورشی هەخامەنشی بەزیون و لە دەسە‌ڵات کەوتوون. وشەی ماد دواتر لە سەردەمی ساسانییەکاندا بووە بە (مای) و پاشان عەرەب کردوویەت بە (ماه)، بۆ میناک بە دینەوەریان گوتووە: ماه بەسرە و بە نەهاوەندیش: ماه کووفە! بڕوانه بۆ وشەی ماد.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!