کەنیلە
چکۆڵەکچ. بڕوانە (کەنی) لە بەشی کچان؛ سەربەندی گۆرانییەکی هەورامییە.
پۆلان
مانگی رەشەمە، سێهەم مانگی زستان.
زیوا
زەنبەق، گوڵێکی سپی و جووان و بۆنخۆشە.
خاڵدار
1. مرۆی خاڵدار؛ 2. نێوی گوندێکه له ناوچهی موکوریان له کوردستان.
بەرامسین
نێوی هۆزێکی کورد بووە لە ناوچەی عەمارە لە باشووری کوردستان. ئەوەش نێوی هەندێ لەو هۆز و بنەماڵە کوردانەی کە لە درێژەی مێژووی باشووری کوردستاندا لەناو چوون و نەماون: (بادین، بەیرەم، پیرمان، جەمێش، جوودی، جەویر، چیان، چەتان، شاهین، زرکان، کەوار).
خابوور
چەمێکە لە (سەرێ کانی) یەوە سەرچاوە دەگرێ و لە نێوان زاخۆ و سلۆپیشەوە تێدەپەڕێ و یەکێ لەو چۆمانەیە کە دەڕژێتە چەمی فورات لە باکووری کوردستان. حکوومەتی فاشیستی سووریە، نێوی (سەرێ کانی) گۆڕیوە بە (رأس العین)، وەکوو حکوومەتی دڕ و کوردکوژی تورکیە کە نێوی هەموو شار و گوند و دەشت و رۆبارەکانی کوردستانی لەو بەشە داگیرکراوە کردووە بە تورکی!!
سێوە
نازنێوی گۆرانیبێژی نەمری کوردی دیان (مەسیحی)، (سێوە)یە کە خەڵکی شاری کۆیە بووە لە کوردستانی باشوور کە قەتارەکانی لە رەسەنترین رەگەزەکانی مۆسیقای کوردین.
نازە
1. کورتکراوەی نێوی نازەنین؛ 2. گۆشتی ژێر ناخوون.
ئیرەڤان
یەریڤان، ئێریڤان، پایتەختی وڵاتی ئەرمەنستانە، بەڵام کوردی زۆری لێ دەژی و ئەم نێوەیان لە منداڵی خۆیان ناوە. ئەم نێوە گەییشتۆتە ناو کوردی پارچەکانی دیکەش.
هەناو
هەناڤ، دەروون، ناوسک، هوندر.