مادۆ

لە وشەی ماد وەرگیراوە، بە واتای مادی بچووک. تیپی (ۆ) لە کۆتایی وشەی نێو لە کوردیدا واتای بچووککردنەوە دەدا لەبەر هەستی خۆشەویستی. وەکوو: جەماڵ: جەمۆ، یان حەسەن: حەسۆ.

ئەرکەواز

نێوی هۆزێکی کوردە لە ناوچەی خانەقین و مەندەلی، لە باشووری کوردستان. هۆزەکانی ناوچەی مەندەلی بریتین لە: (ئەرکەوازی، بەوڵی، گۆران، گاسووار، باجەڵان، زەڕگۆش، کەڵوڕ).

هاوا

نێوی کێوی دەماوەندە لە ئاوێستادا.

بێشۆرا

گوندێکە لە لای مێگر لە کن رواندز لە کوردستانی باشوور.

پەشمینە

لە پەشم سازکراو، پارچەیەکی جووان و نەرمە کە لە خوری ساز دەکرێ.

زەڕوەشان

زێڕەوشان، ئەو زێڕ و پووڵ و پارەیەی کە بە سەری زاوا و بووکیدا رۆ دەکەن.

هەمینیا

نێوی شارۆچکەیەک بووە لە ناوچەی کوردنشینی نەعمانییە لە باشووری کوردستان، کە بە دەستی حکوومەتی بەعس کرا بە عەرەبنشین. ئەمەش نێوی هەندێ لەو گوندانەی کە لەو ناوچەیە و ناوچەکانی دیکەی فەیلینشینی باشووری کوردستان‌ هەموویان لە کورد چۆڵ کران: دەفاس، جاسب، کۆرسەنگ، کەشاری، هۆرە، قەرەتەپە، بەگشیە، دێرمان، چلاوە، سۆدنە، کۆکس، مەرتاج، شالەک، کەسارە، کەشیرۆ، سیلان، کەوام، شەتیوەر، ناریجە، ئاگرۆزە، شەلاهان، مەزەک و زۆری دیکە.

تەڤگەر

کۆگەڕ، پێکەوە بە کۆمەڵ گەڕیان، بە کۆمەڵ بزووتن، تەواو لە گەڕن و جووڵە، تەڤگەڕ، وشەیەکی کرمانجییە واتە: هەدانەدەر، هەمیشە لە جووڵە و گەڕاندا، دانەسەکناو. لە ئەدەبیاتدا بۆ (بزووتنەوهی سیاسی‌) بەکار دەبرێ، وەکوو: بزووتنەوەی کوردستان.

دەنگار

کانیاوێکە لە بن چیای (هەندرێن) له باشووری کوردستان.

خەجان

خه‌جێ، خه‌جیج، خه‌جی خه‌جان؛ 2. له‌ وشه‌ی (خه‌جێ) وه‌رگیراو؛ 3. جووان و له‌بار.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!