ئاپۆ

وشه‌یێکه‌ بۆ رێزلێنان و بانگکردنی مام.

ئاراسته

له‌ کوردیدا ئاراسته‌ واته‌: رووی شتێک به‌ره‌و که‌سێک کردن. وه‌کوو سڵاوی ئاراسته‌ ده‌که‌م، یان تیرێکی ئاراسته‌ کرد. به‌ڵام له‌ فارسیدا ئاراسته واته‌: ئارایش کردن، رازاندنه‌وه‌، کۆکردنه‌وه‌ و راخستن و زۆر مانای دیکه‌.

گوارە

گۆشوارە، گوارەی گوێ.

داڵانپەڕ

نێوی چیایەکە لە کوردستان کە ساڵی 1943، کۆمەڵەی (ژێ کاف) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و (حیزبی هیوا) لە باشووری کوردستان و کۆمەڵەی خۆییبوون لە باکووری کوردستان، لە چیای نێوبراو لە لایەن نوێنەرانی سێ پارچەی کوردستانەوە، پەیمانی سێ سنووریان مۆر کرد و نەخشەی جوغرافیای کوردستانیان دەسنیشان کرد و لەسەر مەسەلەی کوردستانی گەورە رێک کەوتن. هەروەسا ئالأشیان دیاری کردووە و ئەو ئالأیەی لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مهاباد هەڵدراوە و گەیشتۆتە ئەمڕۆ، هی ئەو سەردەمەیە.

بارۆ

بە زاراوەی هەورامی واتە: بیهێنە، بیتێرانە.

زاگرۆس

1. جێگای سەرهەڵدانی زکرتییەکان، شوێنەمێنگەی زکرتییەکان؛ 2. زکرتییەکان تیرەیەکی کۆنی کوردن کە بە یۆنانیی پێیان گوتراوە: (زاگرتی یان ساگرتی؛ ساگارت، ساگارتی؛ زاگرتی، زاگرۆس)؛ 3. زاکرۆس یان زاگرۆس، داگری زنجیرەیەک چیایە کە لە ئەرمەنستان و ئازەرباییجانەوە دەست پێدەکا و بە ناو زۆر دۆڵ و چیای کوردستاندا دێتە خوارێ و لە شیراز تەواو دەبێ. درێژایی زاگرۆس لە کوردستان 1000 کیلۆمیترە و بەرزاییشی لە وشترانکێو دەبێتە 4700 میتر.

تیکان

دڕک، چقڵ، دڕکی دار و گوڵ.

فەیلی

چەند تیرەن لە کورد کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئیلامن، بەڵام نزیکەی 400 ساڵ دەبێ کە لە بەغدا دەژین و لەبەر نەبوونی کار و باری ئابووری لە ئێران چوونەتە ئەوێ؛ هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە کە فەیلی واتە: فێئەت عەلی واتە: پەێڕەوانی حەزرەتی عەلی و زاراوە گۆڕیویەتی؛ دیتنێکی دیکەش هەیە کە دەڵێن: لە بەغدا بە کرێکاری کوردیان گوتووە: پاڵە و فەلە و وشەی فەیلی لەبەر ئەو هۆیە بە سەر فەیلییەکاندا دابڕاوە؛ بەڵام گرنگتر لە هەمووی ئەمانە، فەیلی واتە ئەو کوردانەی کە بە زاراوەی کەڵوڕی یان پالەوی قسە دەکەن و وشەی پالەوی عەرەب کردوویەتی بە فەهلەوی و بەو تیرەیەشیان گوتووە فەیلی و ئەو نێوەیان بەسەردا بڕاوە؛ فەیلییەکان لەبەرئەوەی کە شیعەن، سەددام حسێن، بە تاوانی شیعەبوون، زڵمی زۆری لێکردوون و هەتا ئێستا بە هەزارنیان لێ کوژراوە و هەڵداژراونەتەوە بۆ ئێران. بڕوانە بۆ پاڵەوان.

کۆڤار

گۆڤار، مەجەلەیەک کە حەوتووانە یان مانگانە دەردەچێ.

سەوزە

1. ئەسمەر، رەشتاڵە؛ 2. سەوزی خواردن؛ 3. جۆرێک کشمیش.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!