ئادیابن

له‌ کۆندا‌ له‌ سه‌رده‌می ماده‌کانه‌وه‌ هه‌تا سه‌رده‌می ساسانییه‌کان، به‌و ناوچه‌یه‌ی گوتراوه‌ که‌ باژێره‌کانی زاخۆ و دهۆک و ئاکرێی گرتۆته‌ خۆی! بڕوانه‌ وشه‌ی ئاد.

سەپکە

سەپک، رنەک، کولێرەی لە ئاردی دورشت. ئەم (سەپک) ە دوورە لە سەبکی بەواتای شێواز!

گوڵان

1. دووەم مانگی بەهار؛ 2. کۆی گوڵ؛ 3. ناوچەیەکی کوردنشینە لە ئیسراییل کە بە (بەرزییەکانی گوڵان بەنێوبانگە)؛ 4. چەم و باخێکی خۆشە لەلای هەڵەبجە؛ 5. گوندێکە کەوتۆتە دۆڵێک لە نزیک شاری ڕانیە کە هەر ئەو دۆڵە بە دۆڵی گوڵان بەنێوبانگە و داگری چەند گوندە بەم نێوگەلەی خوارەوە: دارەبەن، بەردانگا، ناوەزینان، شەگەڵە، مێدەرە، بۆتێ، وەرتێ.

ئاگرۆ

بە واتای ئاگر، ئاگری بچووک.

ڕاڤە

وشەیەکی کرمانجی یە واتە: شرۆڤە، شیکردنەوە (شەرح) ی عەرەبی.

بژار

1. گیای کەڵە، گیای هەرزە؛ 2. (دان) ی غەریبە لەناو دانەوێڵەدا؛ 3. خۆدۆزین و بەخۆدا گەڕان؛ 4. ژماردن.

ئامانج

ئاماژ، 1. مەرام و مەبەست لە ژیاندا؛ 2. نیشانە یان هەدەف بۆ پێکان و ئەنگاوتن، کێلک، ئەو شتەی بۆ تیرهاویشتن لە پێشچاو دەگیرێ؛ 3. خزم و کەسوکار؛ 4. دۆز، وەکوو: (دۆزی کورد دۆزێکی پێچەڵپێچە).

کاڵا

1. قوماش، پارچە، ماڵی گەزیی، جلوبەرگ؛ 2. کەلوپەلی بازرگانی. (کاڵا بەقەد باڵایە)

شەوبۆ

گیایەکە سەرەتای بەهار شین دەبێ و گوڵی سپی دەکا و بۆنی خۆشە، بە ڕۆژدا بۆنی نییە و لای ئێوارە کە هەتاو ئاوا دەبێ و فێنک دەکا، بۆن بەر دەدا و هەتا لای بەیانی ئەو بۆنەی هەر دەمێنێ.

ئاراوان

نێوی یەکێ لە نێودارەکانی سەردەمی ساسانی بووە. بڕوانە وشەی ئار.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!