مهاباد

وشەی (ماەئاباد)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا، نێوی کۆنی (نەهاوەند) بووە کە (ماەدینار) یشیان پێگوتووە! لە زاراوەی پالەوی کۆندا، واتە ئەو زاراوەیەی کە کوردانی کەلهوڕ یان کەڵوڕ قسەی پێدەکەن، بە (شار) گوتوویانە: (ماه). عەرەبیش ئەم وشەیەی کردووە بە مەدینە! لە زمانی پالەوی ئەوێستاییشدا بە شار گوتوویانە: ماه، هەر لەبەرئەمە بە (نەهاوەند) گوتوویانە: ماەبەسرە و بە (دینەوەر) یش ماەکووفە! عەرەبیش بە هەر دووکی گوتوون: ماهان! لە کۆندا واتە لە سەردەمی ساسانییەکان بە ناوچەکانی هەمەدان و کرماشان و دینەوەر و نەهاوەند و پێشکۆ، گوتوویانە: وڵاتی ماە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم ناوە، پاشماوەی وشەی (ماد) و (مای) کۆنە کە ناوەندی وڵاتی ماد یان ئیمپەراتووریەتی ماد بووە. مەبەستیش لە (ماەکووفە)، دینەوەر و کرماشان بووە، تا هەڵوان، (ماەبەسرە)ش، نەهاوەند بووە هەتا دەگاتە (سیمەرە) لە ناوچەی لوڕستان. بە شوێنەمێنگە و ژینگەی مادەکانیشیان گوتووە: وڵاتی (ماد)، یان (مای). بە نەهاوەندیشیان گوتووە: ماەدینار. وشەی (ماە)، وشەی ئاڵشتکراوی (ماد)ە، کە نێوی تیرەی وڵاتی ڕۆژاوای ئێرانە. لە کۆپەڕەکەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا ئەم وشەیە هەر هەمان وشەی کۆنی (مادیک) یان (ماد)ە کە لە زاراوەی کوردی پالەوی یان کەڵوڕیدا بە ماە نێوی هاتووە. لە کۆپەڕی مێژوونووسان و جوغرافیزانانی ئێرانیی و عەرەبیشدا نێوی ماە هاتووە و لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) یشدا کە لە پالەوییەوە کراوە بە فارسی، زۆر جار نێوی ماە هاتووە، چونکە وەیس کچی شاقاڕن و شاژنی شارۆ و خوشکی وەیرۆ و ژنی شامۆبد و خەڵکی وڵاتی ماد بووە، شاقاڕنیش پاشای وڵاتی ماد بووە. قازی ئەحمەد لە زمانی تۆفیق وەهبی کوردناسی زاناوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: (مادەکان بەرەبەرە، لەگەڵ کوردەکان خزمایەتییان کرد و تێکەڵ بوون، جا کوردەکانی ئیمڕۆ، بەرهەمی ئەو پێوەندییەن.) دوایە دەڵێ: {نێوی ماد بە شێوەی (ماس) یان (ماسی) یا مەهاباد (ماەئاباد)، لە نووسراوە و سەنەد و بەڵگە مێژوویی یەکاندا هەروا مابووەوە.)؛ قازی ئەحمەد دەڵێ: وەختێ من چیرۆکی دڵداریی (وەیس و ڕامین) م کە بەرەبەری ساڵی (446) ی کۆچیی فەخرەدین ئەسعەدی گورگانیی لە زمانی پالەوییەوە بە شیعر کردوویە بە فارسیی، دەخوێندەوە، لە چەند جێگا نێوی (وڵاتی ماە) یا (ماەئاباد)م وەبەرچاو هات کە بۆ وەڕاستگەڕانی قسەی تۆفیق وەهبی دەکرێ وەک بەڵگەیەکی پتەو ئاماژەی پێبکرێ؛ (وڵاتی ماە)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا بە ناوچەی ڕۆژاوا و شیمالی ڕۆژاوای ئێران و ئاران و ئەرمەنستان دەگوترا کە پاتەختەکەی هەمەدان بووە و ئەم هەرێمە لە مێژوودا هەر ئەو مەڵبەندی مادە}؛ مەهاباد: نێوی پێغەمبەرێک بووە کە بەر لە زەڕدەشت هاتووە و لە خوارەوەی گۆلی ورمێ لە دایک بووە؛ وشەی (ماد) لە سەردەمی ساسانییەکاندا گۆڕدراوە بە (مای) و پاشان بوە بە (ماه).

تاژان

1. لکی باریکی دار، لقی زراوی درەخت؛ 2. تازیانە؛ 3. وێران، خاپوور؛ 4. گوندێکە لەنێوان ئەتابەک و میریۆسف لە لای (بلەکێ) لە ناوچەی بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 5. تاژان دەگەڵ تاڵان دێت؛ (گوند تاڵان و تاژان کرا).

دڵزار

1. دڵبەئێش، دڵبەسۆ؛ 2. نازنێوی شاعیری کورد ئەحمەد مستەفا عەوێزییە کە خەڵکی هەولێرە و لەوێ دەژی.

پەترۆسا

نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.

ئاڤان

نێوی زنجیره‌یه‌ک ته‌پۆڵکه‌یه‌ له‌ نزیک شاری که‌رکووک، له‌ کوردستانی باشوور.

دارۆ

1. وشەیەکی هەورامییە و واتای (هەیە) دەدا، وەکوو: هەرکەسێ کەسێ دارۆ یار نەوڕەسێ دارۆ؛ 2. کورتکراوەی نێوی (دارا) یە.

سوێروو

1. رەشۆڵە، ریشۆڵە، گاوانی؛ 2. گوندێکە لە ناوچەی بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان .

دریاز

دوای لە ناوچوون یان وێرانبوونی شاری (چێری)، لەلای باشووری رۆژاوای ئەو شارە، شارێک ساز کراوە بە نێوی (ئادریاس)، کە ئێستاش پاشماوەی ئەو شارە گوندێکە بە نێوی (دریاز). لە گوندی دریاز شتی کۆن و ئەنتیکە زۆر دیتراوەتەوە. گوندی دریاز نزیک گوندی (باییندەرێ) یە کە بە هەڵە بە فارسی پایین دەڕڕە دەنووسرێ کە لە راستیدا (بات ئیدەرا) یە واتە: (ئیدەرە) ی مەزن. ئیدەر بەر لە هاتنی زەڕدەشت و ناسینی ئەهوورا مەزدا، خودای ئاریایی یەکان بووە و وشەی (کاس) هەمان وشەی (کۆتی)، وشەی ریشەی کوردە کە دوای ئاڵوگۆڕ بووەتە کورد. واوێدەچێ وشەی ئیدرقاش یان ئیدرکاش بەمانای خودای کورد یان جێگای خودای کورد بێ. بڕوانە بۆ چێری.

ماریا

1. پاڵەوان و شەڕکەرەکانی هۆزی میتان یا مانای‌؛ 2. نێوی‌ هۆزێکی کورد بووە. بڕوانە ماردین لە بەشی کوڕان.

گەردنگاز

ژنی گەردنبەرزی جوان و لەبار.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!