زاگرۆس
1. جێگای سەرهەڵدانی زکرتییەکان، شوێنەمێنگەی زکرتییەکان؛ 2. زکرتییەکان تیرەیەکی کۆنی کوردن کە بە یۆنانیی پێیان گوتراوە: (زاگرتی یان ساگرتی؛ ساگارت، ساگارتی؛ زاگرتی، زاگرۆس)؛ 3. زاکرۆس یان زاگرۆس، داگری زنجیرەیەک چیایە کە لە ئەرمەنستان و ئازەرباییجانەوە دەست پێدەکا و بە ناو زۆر دۆڵ و چیای کوردستاندا دێتە خوارێ و لە شیراز تەواو دەبێ. درێژایی زاگرۆس لە کوردستان 1000 کیلۆمیترە و بەرزاییشی لە وشترانکێو دەبێتە 4700 میتر.
بەسێ
لە وشەی بەستە (بەسیە)وە هاتووە. ئەم نێوە لە ناوچەی مەنگوڕان زۆرە. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە. هەی بەسێ عەمرم بەسێ.
ناتۆر
باخەوان، کەسێک کە قەڵەمی دار لە بێشەدا دادەچێنێ.
لاوکۆ
1. کوڕی لاو؛ 2. کوڕی تازەپێگەییشتوو؛ 3. کۆی لاو؛ لە زمانی کوردیدا نێوگەلێک کە پاشگری (ۆ)یان هەیە، زیاتر بۆ بانگکردنە لەبەر هەستی خۆشەویستیی. بڕوانە بۆ لاو.
کاردۆ
کارۆخ، کاردۆخ، کاردۆک، کارداک، کارداکا، وشەی (کاردۆ) یان (کورد)، ریشەی مێژوویی و کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ چووار هەزار ساڵی لەمەوبەر؛ دێریک و بەسەرهاتی نەتەوەی کورد، مێژوویەکی سەرسووڕێنەر و پڕ لە کارەسات و هەوراز و نشێوە، کە ئەم گەلە گەورە و ماندوویی نەناسە لە درێژەی رۆژگاراندا لە پشت سەری ناوە و هێشتاش هەر ماوە؛ بۆ واژەی (کورد) دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دێریک و ئەو بەڵگە و نووسراوانەی کە بۆمان ماوەتەوە؛ بەر لە کورد، لە چیای زاگرۆس گەل و نەتەوەی دیکە ژیاون، کە بریتین لە: گۆتییەکان، لۆلۆیی یەکان، کاسییەکان، میتانییەکان، خالدییەکان و ئیلامییەکان و هیدیکە کە سۆلان و زمان و فەرهەنگیان هاو ریشە بووە؛ ئەوەی کە لێکۆڵەرەوان و نووسەرانی کۆن و تازە لە سەری ساقن، دیتنیان ئەوەیە کە: بەر لە هاتنی تیرەی کورد بۆ کوردستان، نەتەوەیێکی دیکە، بە نێوی کاردۆ یان کاردۆخ، شوێنەمێنگەیان ئەم نیشتمانە بووە و خاوەنی شارستانییەت بوونە، کە لەگەڵ هاوسێکانی دەوروبەری خۆیان بەربەرەکانێیان کردووە و هەندێکیان هێناوەتە ژێر رکێفی خۆیان و لە ناو خۆیاندا تواندوویانەتەوە و هەر بەو (نێو)ەوە، ماونەتەوە؛ بۆ یەکەمجار وشەی (کاردایاک)، وەکوو وڵاتی کوردان لەسەر بەردەنووسەکانی ئاسوورییەکاندا خوێندراوەتەوە و لە زەریای (وان)ەوە بەرەو خوار داکشاوە و لە بتلیس قەڵای قاییم و بتەویان هەبووە و شوێنەوارەکەشی تا سەدەی پێنج و شەشی زایینی هەر ماوەتەوە و پاشان لەناو براوە؛ لە 2400ی پێش زایینیش نێوی (کارداکا)، لە بەردەنووسی سۆمەرییەکانیشدا هاتووە و (قەراڵ لاگاش ئاداد نارای) لە بەردەنووسێکدا باسی کردووە و رەشی یاسەمی بە نموونەی هێناوەتەوە؛ لە بەردەنووسێکی سەکۆییشدا کە هی سۆمەرییەکان بووە، نێوی (کارداکا) وەکوو نیشتمان هاتووە نەک تیرە و هۆز؛ لە سەردەمی پاشایەتی (گیمیل سین)ی سێهەم دەسەڵاتداری ئۆرارتۆرییەکان، سەدەی 22ی بەر لە زایین، ناوچەی کوردستانی ئێستا، لە لایەن ئەو پاشایەوە، سپێردراوە بە ئەمیرێکی بەتوانا، کە نێوی (ڤاردنانێر Vard Nanner) بووە و جگە لە ناوچەکانی (گەڤەر و هەکاری)، کە هی ئەو ئەمیرە خۆی بووە، ناوچەی (ئەربیل) و (ئیشار) و فەرمانڕەوایی تیرەی سۆبارتۆ و وڵاتی (کوردە)ی پێ سپاردووە؛ بە پێی لیکۆڵینەوەی (تووردان ژان)یش، کارداک هاوسێی سۆبارییەکان بوونە و ئارامییەکان نێویان ناون: (بێت قردو) و شاری (جزیر)ی ئێستاش جێگەیان بووە و بەو شارەیان گوتووە: (گازارتا کاردۆ Gazarta Kardo)؛ (تیگلات پەلسیر)یش کە لە سەدەی پێنجەمی بەر لە زایین، لەگەڵ کارداکییەکان تووشی شەڕ هاتووە، نێوی بردوون؛ هەروەسا ئارامییەکان تەواوی ناوچەکانی نێوان (دیجلە و فۆرات)یان بە وڵاتی (گواژارتا کاردۆ) نێو بردووە؛ ئەرمەنییەکانیش بە کاردۆخیان نێو هێناون و لە جوغرافیای کۆنی ئەرمەنستاندا بە (وڵاتی کورچیخ) نێودێریان کردوون؛ ئسترابوونی جوغرافیناسیش قەراخی دیجلەی بە وڵاتی کاردۆییەکان نێو هێناوە و باسی قەڵا و شوورەی ئەم تیرەیەی کردوون کە داگری (دیاربەکر و مووسڵ) بووە؛ واتای کوردیش لە زمانی بابلی و ئاشووریدا (زۆردار و پاڵەوان) بووە؛ ئسترابوون لە کۆپەڕی 15 لە بەندی حەڤدەهەمدا دەڵێ: کارداکییەکان لاوان و گەنجانی پارسییان فێری ئەوە دەکرد کە لە سەرما و گەرما و باراندا خۆڕاگر و هێور بن و لە شەویشدا فێری شەونخوونییان دەکردن و رایان دەهێنان کە لە میوەی لێڕەوارەکان بخۆن، بۆ نموونە: بەڕوو و شتی دیکە، هەر لەبەر ئەم هۆیە، بە لاوانی دلێر و ئازای پارسییەکانیان دەگوت: کارداک؛ لە کۆنیشدا شاعیرانی پارسی، بە کوردەکانیان گوتووە: گورد؛ (شەرەفخانی بدلیسی)یش لە شەرەفنامەدا دەڵێ: کورد واتە: ئازا و دلێر و پاڵەوان، چونکە رۆسەمی زاڵ، و بارامی چێوین و گورگین میلاد و فەرهادی کۆکەن، هەموویان کورد بوونە؛ دواتر وشەی کاردۆک، کردۆک و کاردۆخ هاتۆتە ناو نێوگەل و لە ئاکامیشدا وشەی کورد و کوردستان، ساڵی 511 تا 522 زایینی لە زەمانی پاشاکانی (سەلجووقی) دا بە شێوەیەکی رەسمیی بڵاو کراوەتەوە. منیش لەو بڕوایەدام کە نێوی (کەرکووک)، کە مێژووی ئاوەدانکردنەوەی دەگەڕێتەوە بۆ 4500 ساڵ بەر لە زایین، نزیکە بەم نێوانەوە: کارداکا، کارداک، کارداکۆ، کاردۆک، کاردۆخ، کارۆخ، کارخۆ، کەرخۆ، کارکۆ، کاردکۆ، کەرکووک. بڕوانە (کاردۆخ) و بڕوانە (گۆتۆ).
گوڵەزەردە
جۆرێک گوڵە کە ڕەنگی زەرد و جوانە.
یادێ
1. داڵگ، داییک، داک، دا، دییا، دایە؛ 2. وتەی بانگکردنی دایک؛ 3. سەربەندی لاوکێکی کوردییە.
بەستۆرە
1. چۆمێ کە لە هاویندا وشک دەکا؛ 2. گوندێکە لە نێوان شەقڵاوە و هەولێر.
کانە
1. کاری دارهەڵکۆڵین؛ 2. ئامرازی دارکۆڵین.
شاخۆ
1. شاخی بچووک؛ 2. ئاماژە بە شاخی ئاژەڵ و کێوی بچووک.