ڕاژین

راژێنەر، رانندە، لێخوڕ، کەسێ کە کاری لێخوڕینە.

ژەرەژ

بە زاراوەی هەورانی واتە کەو، بە زازاکیش واتە: زەرنج.

شەونم

شەڤنەم، نمی هەوای شەو لە سەر گوڵ و گەڵا و گیا، ئاونگ. لەبەهاراندا بە بۆنەی تینی هەتاوەوە، گیا هەڵم دەکا و شەو کە هەوا فێنک دەبێ، لە شێوەی وردەدڵۆپ، دەنیشێتە سەر گوڵ و گیا.

حەسار

1. حەوشە، قووڵایی ناو چوواردیواری ماڵ؛ 2. زەوینی بەرماڵ کە دیواری بە دەوردا کێشرابێ.

ئەکراش

نێوی یەکێ لە دەسەڵاتدارانی کورد بووە لە سەردەمی ئەڵچاتیۆی مەغۆلدا.

ئانگارێس

نێوی بەیتبێژێکی سەردەمی مادەکان بووە کە بەیتبێژی دیوەخانی ئەژدەهاک بووە، ئانگارێس بە بەیت، ئەژدەهاکی لە هاتنی کوورش بۆ گرتنی وڵاتی ماد ئاگادار کردووە؛ ماری بۆییس خانم لە کۆپەڕی (خونیاگەری لە ئێرانی گەورە)دا نێوی هێناوە؛ بەڵام لە کۆپەڕی (کورد و دێرۆکە تاڵانکراوەکەی)، کە حەمە سدێق میرزا نووسیویەتی، هاتووە کە: ژنێک ئەژدەهاکی لەم کارەساتە، واتە لەشکرکێشی کوورش بۆ سەر وڵاتی ماد ئاگادار کردووە، جا نازانم ئانگارێس نێوی ژنانەیە یان پیاوانە! چونکە بۆ (نەکیسا)یش، نووسەرانی فارس دەڵێن: نەکیسا نێوی ژنانەیە! (نەکیسا) یەکێ لە مۆسیقازان و بەیتبێژە کوردەکانی سەردەمی ساسانییەکان بووە و هاوچەرخی (باربەت)ی فارس بووە کە پێکەوە بە بەیت لە بارەگای ساسانییەکاندا شەڕە گۆرانییان کردووه و ئێستاش ئەو نەرێتە هەر لەناو کورددا، واتە: شەڕەگۆرانیی هەر ماوە و لە کۆندا لە دیوەخانی ئاغا و بەگەکانی کورددا هەبووە‌. بڕوانە بۆ (هۆنیا) لە بەشی کچان.

ئاڵیا

پێچرا، تێک ئاڵا.

هۆما

1. هوما، هومای، بە زاراوەی زازاکی واتە: یەزدان، خودا، خودێ، پەروەردگار؛ 2. دڵبەستن بە ئەنجامدانی کاری چاک یان خراپ؛ 3. گۆرانیگوتن بۆ منداڵ بە مەبەستی کردنەخەو؛ 4. مەلێکە کە لە میتۆلۆژی ئێراندا وا باوە کە: سێوەری بکەوێتە سەر سەری هەرکەسێک دبێتە پاشا و خاوەن تاج و تەخت؛ 5. گوندێکی کوردنشینە لە ناوچەی برووجرد.

ڕەندان

1. کۆی وشەی (رەند)، کە دەبێتە: ئازا و مێرخاس؛ 2. ئاد، زەوینی هەر چوارلا ئاو؛ 3. تەختایی ناو گردان.

خۆشناو

1. نێو بە چاکدەرچوو؛ 2. جۆرێ ترێی رەشە؛ 3. هۆزێکی کوردە لە ناوچەی هەولێر، بەو ناوچەیەی کە ئەم هۆزەی تێدا دەژین دەصێن: خۆشناوەتی.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!