بەدیل

1. نۆگە، نۆرە، سەرە؛ 2. لەجێگە، ئاڵترناتیڤ.

شایان

1. چەند شا؛ 2. شایەن؛ 3. هێژا؛ 4. سزاوار.

کانە

1. کاری دارهەڵکۆڵین؛ 2. ئامرازی دارکۆڵین.

تاوێرە

1. تاوێر، تاڤێر بە هەموو مانایەک، تمتمان، زەوی رەقەن؛ 2. گوندێکە لەڵای سەرکەن و دەرەشیش لە ناوچەی هەڵەبجە.

ماد

نێوی کەونارای رەتەوەی کوردە کە لە سەدەی حەوتەمەوە تا کۆتایی سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین دەوڵەتی مادیان پێک هێناوە و یەکەمین پاشایان نێوی دیاکۆ بووە و دواهەمین پاشای ئەم ئیپەراتۆرییەش ئەژدەهاک بووە کە عەرەب بە زوحاک و فارسیش بە ئازیدهاک نێوی دێنن؛ مادەکان لەگەڵ مانایی یەکان کە لە باشووری زەریای ورمێدا ژیاون خزم بوونە؛ مادەکان دوای ئەوەی کە ئاشوورییەکانیان لەناو برد، واتە ساڵی 618ی بەر لە زایین، تیرەکانی: ئیلام، پارس، هیرکان، تەبەری و باکتەری هێناوەتە ژێر فەرمانی خۆیان؛ بنەمای سۆلانی مادەکان، بریتین لە: گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، میتانییەکان، سۆبارییەکان، نەیرییەکان، مانایی یەکان، کوردۆکەکان و ئۆرارتۆکانیان کە لە بەردەنووسەکانی: سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاسووریدا زۆرجار نێویان هاتووە؛ پایتەختی مادەکان. شاری هەمەدانی ئێستا بووە، بەڵام بە پێی نووسینەکانی هێرۆدۆت، ساڵی 550ی بەرلە زایین بە دەستی کوورشی هەخامەنشی لە دەسە‌ڵات کەوتوون؛ لە ژیار و شارستانییەتی مادەکان شتێک لە دەسڕەسدا نییە بەڵام پارسەکان لە دابوکرداری و تەنانەت جلوبەرگی مادەکان کەڵکیان وەرگرتووە؛ هیچ بەردەنووسیکیش نیشاندەری هێڵ و نووسینی مادەکان نییە بەڵام لە بەردەنووسەکانی ئاشوور و لە بەردەنووسەکانی هەخامەنشیدا دەتوانین شوێنی ژیاری مادەکان هەڵکەین؛ چەند میناک لە شوێنەواری مادەکان ماون کە بنەڕەتی ژیاری مادەکان نیشان دەدا و ئەم شوێنەوارانە بریتین لە: 1. پەیکەری شێرێکی بەردین لە هەمەدان، 2. دیمەنی کەندەکاری کراوی پیاوێک بە جلوبەرگی مادییەوە لە گۆڕیچەیێک لەلای سەرپێڵ زەهاو، کە ئێستا بە (دووکانی داوود) بەنێوبانگە، 3. دیمەنی فرووهەر بە سەر بەردێکەوە لەلای شاری سەحەنە، 4. گۆڕیچە یان سەراویلکەیەک لە دێرانی لورستان کە بە (تاقی فەرهاد) بەنێوبانگە، 5. پەیکەری کەندەکاریکراوی پیاوێک لە حاڵی پەرستندا لە گۆڕیچەیێکی بچووک لە گوندی (نەوئێسحاقوەند)ی نزیک کرماشان، 6. دیمەنی پاشا و رۆحانییێک کە هەر دوو لایان مەشخەڵی ئاگرە لە (قزقاپان)ی لای دووکان لە ناووچەی سلێمانی. 7. شاری هەمەدان بە حەوت ‌قەڵای رەنگاورەنگەوە و کۆشکێک کە نیشاندەری ژیاری بریسکەداری مادەکانە!

شامار

1. زەها، ئەژدیها، ئەژدەهاک، حەزیا؛ 2. تیرەیەکن کە دانیشتووی شارەکانی (خانەقین و سنە)ن لە کوردستان.

باشیک

1. ماڵی پیرۆز؛ 2. جێگای خۆشەویستیی؛ 3. شوێنی پیرۆزی ئایینی ئیزەدییەکان؛ 4. شارۆچکەیێکی کۆنی کوردستانە، کە دوو عەشیرەتی (باشیک و بازان) ی تێدا دەژین، یان ئەو دوو هۆزە ئاوەدانیان کردۆتەوە، باشیک دەکەوێتە 25 کیلۆمیتری خۆرهەڵاتی شاری (مووسڵ) ەوە، کە کوردی ئیزیدی و گۆران و شەبەک و هەندێک ئاسووری تێدا دەژی. ئەو شارە مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژی هەیە کە لە درێژەی دێریکی کوردستاندا هەر لەبەردەم هێرشی تاتار و مەغۆل و عوسمانییەکاندا بووە و زەرەری زۆری وێکەوتووە و چەندین جار لەبەر ئایینەکەیان قەڵاچۆ کراون؛ باشیک شوێنێکی ئایینی پیرۆزە بۆ ئیزەدییەکان و چەندین زیارەتگا و نەزرگای کۆنی تێدایە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی بەر لە لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسێح؛ حکوومەتی بەعسی گۆڕبەگۆڕی فاشیست زۆر هەوڵی دا کە بیکا بە عەرەبنشین و نێوەکەی گۆڕیبوو بۆ (بعشیقه)، بەڵام باش بوو لە بەر هاتنی ئامریکا‌ بۆ ئێراق، بۆی نەکرا و ئەو ناوچەیە کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کورد.

چیچک

1. گوڵێ له‌ ده‌شت پشکووتبێ؛ 2. چۆله‌که‌؛ 3. جووجه‌ڵه‌.

شەڤین

1. شەوێن، ڕەش وک شەو، شەوەزەنگ؛ 2. لەوەڕینی ئاژەڵ بەشەو؛ 3. جێگای پشوودانی ئاژەڵ لە شەودا.

ئاڵیشک

ئاڵشک، زوقم، سیخوار، خووسار.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!