پەریچەم
چەم واتە: چاو بە هەورامی و پەریچەمیش واتە: چاو وەکوو چاوی پەری.
خانیل
خانیک و خانیل نێوی دوو هۆزی کورد بوونە لە ناوچەی شیراز، کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان و دواتر ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوونە و زۆربەشیان بە دەستی تورک و عەرەب لەناو چوون. ئێستەخری جوغرافیزانی گەورە لە 340 ی کۆچیدا نووسیویەتی: بنەماڵەکوردەکانی شیراز ئەوەندە زۆرن که لە ئەژمار نایەن؛ ابن حوقل لە ساڵی 367 ی کۆچیدا نووسیویەتی: کوردەکانی پارس یان شیراز سەرووتر لە 100 تیرەن کە من بۆ خۆم نێوی زۆرتر لە 30 تیرەیانم نووسیوە: خەسروی، شاکانی، ستامیری، ئآزەرکانی، بەندادمیری، رامانی، میرەکی، شاهۆیی و هیدیکە؛ مقدیسی ساڵی 375 ی کۆچی لە کۆپەڕی کتاب (احسن التقاسم فی معرفەالقالیم) نووسیویەتی: 33 هۆزی کورد لە پارس دەژین کە ئەژماریان 500 بنەماڵەن؛ ابن بلخی لە فارسنامەدا نووسیویەتی: شان و شەوکەتێک کە لەشکری فارس هەیەتی لەبەر بوونی کوردەکانە؛ یاقووتی حەمەوی لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا باسی شاری کورد (شهر کرد) ی شیرازی کردووە و زۆر لە نووسەرانی دیکەی دنیا باسی کوردەکانی ناوچەی شیراز یان فارسیان کردووە کە لە دەوروبەری ساسانییەکاندا بوونە چونکە بەر لە هێرشی عەرەب بۆ سەر ناوچەکە، شیراز شوێنەمێنگەی ئەو کوردانە بووە کە لە سەردەمی مادەوە لەوێ ژیاون هەتا سەردەمی ساسانییەکان.
قارەمان
پاڵەوان.
ڤەژەن
تین، هاڵاوی گەرما.
برزۆ
1. باڵابەرز؛ 2. زیرەک و ئازا؛ 3. نێوی (کوڕی زۆراوی کوڕی رۆسەمی زاڵ) ی لە بنەڕەتدا کورد بووە. ئەم نێوە لە ناو فارسەکانی ئێراندا نێوی خەباتگێڕێکی خەڵکی تووران بووە کە لەناو لەشکرەکەی (ئەفراسیاو) دا بووە و، نێوی "بورزوو" بووە. بڕوانە بەرزۆ.
دەستەوا
گۆڕینهوهی دوو شتی وهکوو یهک، گۆڕینهوهی شتێک به شتێکی دیکهی وهکوو خۆی.
کۆچبەر
کەسێ کە ناچار دەبێ ماڵ و حاڵی خۆی بە جێ بهێڵێ و لە شوێنێکی دیکەدا بژی، پەنابەر.
ڕاگر
1. راگیر، کۆنترۆڵ؛ 2. رێگر، چەتە؛ 3. بەرپێگر، پێشپێگر؛ 4. گیردەر؛ 5. ئاگادریکەر؛ 6. پاشبەندی وشەیە وەکوو: گوێڕاگر.
هەژیار
1. بەڕێز؛ 2. پێشکەوتوو؛ 3. ژیر و بەبیر.
یارا
1. بڕست و توانا؛ 2. ئەی یار؛ 3. سەربەندە بۆ گوتنی مەقام.