سووراڵان

1. سوورئاڵان، سوور و ئاڵ پێکەوە؛ 2. پێداگرتن و سوێڕبوون.

دلۆڤان

مێهره‌بان، دڵسۆز.

ئاروا

نێوی فریشته‌یه‌که‌ له‌ ئایینی زه‌ڕده‌شتییه‌کاندا. بڕوانه‌ (ئار) له‌ به‌شی کوڕان.

سلیڤان

نێوی گوندێکە لە ناوچەی ورمێ لە کوردستانی رۆژهەڵات، هەروەها نێوی گوندێک لە باکووری کوردستان.

سیپان

1. کێوی پڕ لە شینایی؛ 2. رنوو، کلێڵەبەفر، شاپە؛ 3. بەرزایی باگێڕەوە، بڵندایی یەک کە باگر بێ؛ 4. کێوی پڕ لە بەفر لە هەموو دەماندا؛ 5. نێوی دوو چیایە لە کوردستانی داگیرکراو کە یەکێکیان لە کن پیرانشارە و ئەوی دیکەشیان لە لای زەریای (وان) ە و لەوانەشە لە شوێنی دیکەی کوردستان چیا بەم نێوە هەبێ، چونکە لە بەیت و چیرۆکە کوردییەکاندا نێوی سیپان زۆرە.

فرمان

ئەرک وکار، کاری رۆژانەی ناوماڵ و دەرەوە. فرمان و فەرمان لەیەک جیاوازن.

پاوانە

پاوەنە، بڕوانە پاموورە.

دمدم

نێوی قه‌ڵایه‌‌‌که‌ که‌ ساڵی 1609 ی زایینی سازکراوه‌. ئه‌و قه‌ڵایه‌ له‌ سێ فرسه‌خیی شاری ورمێ له‌ ناوچه‌ی ته‌رگه‌وه‌ڕ له‌ (گه‌لی) یان ده‌ڕڕه‌ی قاسملوو له‌سه‌ر دوندی کێوێکی به‌رز به‌ نێوی دمدم له‌ نێوان ورمێ و شنۆ، خراوه‌ته‌وه‌ که‌ یه‌کپارچه‌ به‌ردی درێژووکه‌ و ته‌سکه‌ و وه‌ک پشتی گا هه‌ڵکه‌وتووه‌. له‌ شنۆڕا که‌ ده‌ڕۆی که‌وتۆته‌ لای ده‌ستی راست. قه‌ڵای دمدم به‌ ده‌ستی شاعه‌باسی سه‌فه‌وی گیرا و داغان کرا و پاشان قڕیان خسته‌ ناو ئه‌و کوردانه‌ی که‌ له‌و قه‌ڵایه‌دا ده‌ژیان. کاره‌ساتی قه‌ڵای دمدم بوویه‌رێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ مێژووی گه‌لی کورددا و به‌یتبێژه‌کان ئه‌م رووداوه‌یان هه‌م به‌ شێوه‌ی کرمانجیی و هه‌م به‌ شێوه‌ی موکری کردووه‌ به‌ هۆنراوه‌ و، به‌ شێوه‌ی به‌یت گوتوویانه‌ته‌وه و له‌ فه‌وتان و له‌ناوچوون رزگاریان کردووه‌‌. به‌یتی دمدم له‌ لایه‌ن زانای به‌نێوبانگی ئاڵمانییه‌وه‌ ئوسکارمان، که‌ کاتی خۆی له‌ سه‌رده‌می قاجاڕه‌کاندا هاتۆته‌ کوردستان به‌ خه‌تی لاتین نووسراوه‌ته‌وه‌ و لە کتێبێکدا به‌ نێوی (توحفوی موزه‌فه‌رییه‌) نووسراوه‌ته‌وه‌ و له‌ مووزه‌ی به‌رلیندا هه‌یه‌ و ماوه‌ته‌وه‌. زۆربه‌ی ئه‌و به‌یتانه‌ی که‌ له‌و کۆپه‌ڕه‌دا هه‌ن له‌ زاری (ره‌حمان به‌کره‌وه‌) وه‌رگیراون. مامۆستا هێمن کاتی خۆی له‌ به‌غدا له‌ لاتینه‌وه‌ هێناویه‌ته‌ سه‌ر شێوه‌ی سۆرانی. دمدم: له‌ بنه‌ڕه‌تدا نێوی ئه‌و چیایه‌یه‌ که‌ ئه‌و قه‌ڵایه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ خراوه‌ته‌وه‌، لووتکه‌یان هاتۆته‌وه‌ به‌سه‌ر یه‌کدا که‌ له‌ لووت ده‌چن، له‌ موکوریانیش به‌ لووت ده‌ڵێن دم، بۆیه‌ ئه‌و چیایه‌ به‌ دمدم نێودێر کراوه‌!

ئاسکۆڵ

ئاسکۆڵه‌، ئاسکه‌ڵه‌، مه‌به‌ست له‌ ئاسکی بچووک و خنچیلانه‌یه‌.

باشیک

1. ماڵی پیرۆز؛ 2. جێگای خۆشەویستیی؛ 3. شوێنی پیرۆزی ئایینی ئیزەدییەکان؛ 4. شارۆچکەیێکی کۆنی کوردستانە، کە دوو عەشیرەتی (باشیک و بازان) ی تێدا دەژین، یان ئەو دوو هۆزە ئاوەدانیان کردۆتەوە، باشیک دەکەوێتە 25 کیلۆمیتری خۆرهەڵاتی شاری (مووسڵ) ەوە، کە کوردی ئیزیدی و گۆران و شەبەک و هەندێک ئاسووری تێدا دەژی. ئەو شارە مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژی هەیە کە لە درێژەی دێریکی کوردستاندا هەر لەبەردەم هێرشی تاتار و مەغۆل و عوسمانییەکاندا بووە و زەرەری زۆری وێکەوتووە و چەندین جار لەبەر ئایینەکەیان قەڵاچۆ کراون؛ باشیک شوێنێکی ئایینی پیرۆزە بۆ ئیزەدییەکان و چەندین زیارەتگا و نەزرگای کۆنی تێدایە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی بەر لە لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسێح؛ حکوومەتی بەعسی گۆڕبەگۆڕی فاشیست زۆر هەوڵی دا کە بیکا بە عەرەبنشین و نێوەکەی گۆڕیبوو بۆ (بعشیقه)، بەڵام باش بوو لە بەر هاتنی ئامریکا‌ بۆ ئێراق، بۆی نەکرا و ئەو ناوچەیە کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کورد.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!