پنکاف
گوڵاو، ئاوی گوڵ.
زارا
1. نێوێکی کۆنی کوردییە کە واتای کەو یان ژەرەژ دەدا؛ 2. نێوی شارۆچکەیەکە لە باکووری کوردستان لە سەر رێگای سێواس بۆ ئەرزنجان؛ 3. بۆ ئاگاداری نێوی سارا و زارا هەر یەکێکە و عەرەب وشەی (زارا)ی گۆڕیوە بۆ (سارا)؛ 4. سارا یان زارا هەروەسا نێوی کێوێکە لە ناوچەی سلێمانی لەلای چیای ئەژدەهاک کە لە نێوان شاری دووکان و شارۆچکەی سوورداش هەڵکەوتووە.
سەمسوور
باژێڕ و ناوچەیەکی کۆنە لە باکووری کوردستان کە چیای نەمروودی لەباوەش گرتووە و ئەرمەنیشی لێدەژی. تورکەکان نێوەکەیان گۆڕیوە و کردوویانە بە ئادیامان.
زیمکان
دۆڵێکە لە ناوچەی سلێمانی لە کوردستان.
کاشۆک
نێوی تیرەیەکی بچووکی کوردن کە چادرنشین بوونە و زۆرتر لە دەوروبەری ناوچەی ئورفا (رۆحا) ژیاون لە کوردستان شمالی.
سۆسان
گوندێکی بچووکە لە ناوچەی قوروە.
ماردین
1. رەنگی سووری تۆخ؛ 2. لە تیرەی ماد. بڕوانە مارد؛ 3. نێوی شارێکی کوردنشینە لە کوردستانی باکوور لە نێوان دیاربەکر و نوسێبین، کە کوردەکانی ئەوێ بە مێردین نێوی دێنن. لە کۆندا بە (ماردوون)یش نێوبراوە؛ بڕوانە مارد لە بەشی کوڕان لە سەرەوە. لە فەرهەنگی (دێهخودا) ی فارسیدا هاتووە کە: قەڵایەکە بەسەر چیای (جزیر) ەوە کە دەڕوانێ بە سەر (بەردەنیسەر! و دارا و نوسێبین) دا و ماردین یەکێ لە شارەکانی کوردستانە کە لە داوێنی چیای قەرجداخدا هەڵکەوتووە؛ بە پاڵەوان و شەڕکەرەکانی هۆزی میتان، کە هۆزێکی کورد بوونە، گوتوویانە: ماریا، هەندێ زانا دەڵێن: شاری ماردین شوێنێ ئەم هۆزە بووە و لە بنەڕەتدا نێوی شاری ماردین، ماریادین بووە و بەر لە هاتنی ئیسلام، لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا بنیات نراوە. بەڵام عەباسییەکان لە 279 ی کۆچییدا پەلاماری دەدەن و وێرانی دەکەن. یاقووت الحموی دەڵێ: احمد بن مروان دوای ئەوەی کە بە سەر حەمدان بن حەمدوونی حاکمی ماردیندا سەردەکەوێ، ساڵی 440 ی کۆچیی ئەم قەڵایەی لە سەرڕا ئاوەدان کردۆتەوە.
بیزا
گیایەکی کوێستانییە، بڵندە و بۆ ناو ژاژی و ترشیات بەکار دێ.
زاناڤ
وەکوو یەک، لەیەکچوو، وێکچوو.
گابریاس
نێوی فەرماندەرێکی ماد بووە کە بەرپرسی یەکێ لە لەشکرە پیادەکانی کوورشی هەخامەنشی بووە.