باجەڵان
بەت گلا، بەت جلا، باجەڵان، نێوی هۆزێکی کوردە لە هەرێمی کرماشان، کە دەبنە دوو تیرە: (جەمەوەر و قازانلوو). هۆزی باجەڵان لە دەوروبەری قۆرەتوو و هەورێن و شێخان و قەسری شیرین و قازانییەی مەندەلی و ناوچەی دەرگەزێن و دەیژ و لەلای (قەزوێن) یش هەن. بۆ واتای وشەی باجەڵان بڕوانە وشەی کەڵوڕ لە بەشی کوڕان.
ئادا
1. ئهدا، وشهیهکی ههورامییه، واته: دایک؛ 2. گهوره؛ 3. بهخشێنهر.
گۆران
نێوی تیرەیەکە لە کورد کە لە ناوچەی داڵاهۆ و رێژاو و زۆر شوێنی دیکەی کوردستان دەژین و رەدووی ئایینی (یارسان) یان (ئەهلی هەق) ن و (کاکەیی) یشیان پێدەڵێن. گۆرانەکان یەکەمین یان دەتوانم بڵێم یەکێ لەو تیرەگەلەی کوردن کە زووتر لە هەموو تیرەکانی کورد دەستیان کردووە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و وشەی (گۆرانیی) بە نێوی ئەوانەوە هاتۆتە ناو زمان و ئەدەبیاتی کوردی؛ هۆزی گۆران یەکەم هۆز و تیرەی کوردن کە شارنشینییان دەست پێکردووە؛ لەبەر ئەوەش کە موسوڵمان نین، بەداخەوە پێیانگوتوون: گەور یان گاور، واتە: ناموسوڵمان!؛ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەتیشدا هەر سروود و ستران و ئاوازێکیش کە پێداهەڵگوتنی (ئیسلام)ی تێدا نەبووبێ، بە نالەبار و ناشایانیان لە قەڵەم داوە و پێیانگوتووە: گەورانی یان گاورانی!! و لەلایەن موسوڵمانانەوە بەرگری لێکراوە و وردە وردە ئەو ستران و سروودانە وشەی گەورانی بەسەردا بڕاوە و دوایی بۆتە: گۆرانی! هۆزی (گۆران) هۆزێکی کۆن و گەورەن؛ بەداخەوە (کوردی وشکەڕۆی موسوڵمان) یش پێیانگوتوون: دز، چەتە، رێگر، کە من پێموایە لەبەر ئەوەی کە موسوڵمان نەبوونە و پەیڕەوی ئایینی کۆنی یارسانن, وایان پێگوتوون، چونکە ئەوانە سەریان بۆ عەرەب و تەنانەت کوردی موسوڵمانیش کە لەبنەڕەتدا موسوڵمان نەبوونە و بە شەق و شمشێری عەرەب بوونەتە موسوڵمان، دانەنەواندووە؛ لەبەر ئەوەش کە کوردی موسوڵمان پەیتاپەیتا هێرشیان کردوونەتە سەر و ئازاریان داون، ناچار کاردانەوەیان نیشان داوە و خۆیانیان پاراستووە، کوردە موسوڵمانەکەش لە داخی ئەوە کە ئەم یارسان (ئەلحەق) انە پەرچەیان لەو دینە نەتەوەیی یەی خۆیان کردووە, ئامادە نەبوونە ببن بە موسوڵمان و ناونیتکەی وایان لێناون و بە دز و چەتە و رێگریان لەقەڵەم داون، لە کاتێکدا وا نییە و بۆ هەموو کوردیکی تێگەییشتوو و رۆشنبیر جێگای سەربەرزین، چونکە یارسان یان گۆرانەکان، زمان و کولتووری کوردییان لە چوارچێوەی ئەو دینە کۆن و نەتەوەیی یەی خۆیاندا بۆ پاراستووین! نێوی گۆران لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا و شوێنانی دیکە، بە یۆران دەخوێرێتەوە و ئەمیش وەکوو ئالان نێوێکی دنیاداگر (ئینترناشیۆناڵ)ە. بڕوانە (پاڵەوان) و (یارسان) لە بەشی کوڕان.
دڵخۆش
کهسێک که ژیانی باش و ئاسوودهی ههبێ.
پاتیس
نێوی یەکێ لە فەرمانڕەواکانی گۆتی بووە کە 2500 ساڵ بەر لە زایین شوێنی دەسەڵاتداریی لە شاری (لاگاشدا) بووە.
تۆژاڵ
1. تۆزقاڵ، کەمێک، بڕێک؛ 2. تۆژگ، توێژاڵ، تۆژاڵک، پێستی ناسک یان سەرتۆی ماس؛ 3. جێگای تۆو، جێگای دانەوێڵە.
داڵاهۆ
دالأهوو، نێوی کێوێکە لە ناوچەی (رێژاو) لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نزیک چیای (بەمۆ) لە دۆژ کرند و قەسری شیرین، کە گڵکۆی (باوە یادگار) کەوتۆتە بناری ئەم کێوە.
بەشان
1. لەراندنەوەی شان و باهوو لە هەڵپەڕکێدا؛ 2. نێوی جۆرێک هەڵپەڕکێ؛ 3. نێوی نەزمێکی دەهۆڵیی هەڵپەڕکێیە.
بەخێو
1. ئاگاداری، سەرپەرشتی؛ 2. حەوانەوە، ئێوەت.
زۆراو
نێوی کوڕی رۆسەمی قارەمانی داستانی کوردیی (رۆسەم و زۆراو)ە. دوکتۆر عیمادەلدینی دەوڵەتشاهی کە خەڵکی کرماشان و پیاوێکی زانا بوو سەلماندوویەتی که رۆسەم و زۆراو کورد بوونە و چیرۆکەکەشیان چیرۆکێکی کۆنی کوردییە. بڕوانە بۆ زۆر.