بێرەسا
ئەو شوێنەی کە مەڕی لێ مۆڵ دەدەن بۆ دۆشین.
زووبینا
جگە لەو یەکە، بێژگە لەودانە.
پاوەر
کەفیل و زامن، وەکوو: کێ دەبێتە پاوەرت. بڕوانە دەستەبەر.
گراڤ
گراو، گراوی، دڵبەر.
زریاب
1. ئاوی زێڕ؛ 2. ئاوی پاک و خاوێن؛ 3. مۆسیقازانێکی کورد بووە خەڵکی شارۆچکەی (باشیک) ی لای نەینەوای کۆن یان (مووسڵ)ی ئێستا و لەسەردەمی عەباسییەکاندا ژیاوە، زریاب ساڵی 825 ی زایینی عەباسییەکانی بە جێهێشتووە و چۆتە ئەندەلووس و عەبدولرەحمان کوڕی ئەلحەکیم (206 تا 238) کردوویەتی بە هاونشینی خۆی و دیاریی و پێشکەشیی زۆری پێ رەوا دیوە؛ زریاب شاگردی ئیسحاقی کوڕی برایمی مووسڵی بووە کە ئەوانەش هەر کورد و خەڵکی باشیک و مۆسیقاری زەبەردەس بوونە؛ زریاب ژەنیاری عوود بووە و سیمی پێنجەمی عوود ئەو بەو سازەی زیاد کردووە؛ مۆسیقای فلامینکۆ کە بنەماکەی کوردییە، لە شوێنەوارە نەمرەکانی زریابە و لە سپانیاش زریاب هەر بە کورد ناسراوە.
سیاچەم
1. چاوڕەش؛ 2. چەمی رەش و لێڵ.
داشیار
ژنی ماڵ، کهیوانوو.
زارا
1. نێوێکی کۆنی کوردییە کە واتای کەو یان ژەرەژ دەدا؛ 2. نێوی شارۆچکەیەکە لە باکووری کوردستان لە سەر رێگای سێواس بۆ ئەرزنجان؛ 3. بۆ ئاگاداری نێوی سارا و زارا هەر یەکێکە و عەرەب وشەی (زارا)ی گۆڕیوە بۆ (سارا)؛ 4. سارا یان زارا هەروەسا نێوی کێوێکە لە ناوچەی سلێمانی لەلای چیای ئەژدەهاک کە لە نێوان شاری دووکان و شارۆچکەی سوورداش هەڵکەوتووە.
پاتیلە
پاتێڵ، مەنجەڵی بچووک، بەرۆشی بچووک.
ڕەنجبەر
کەسێک کە رەنج دەبا و زەحمەت دەکێشێ.