ئارباکۆ
1. ئاربەباکۆ، ئاربەبای چکۆڵە؛ 2. نێوی پاڵەوانێکی سەردەمی مادەکان بووە. بڕوانە وشەی ئار.
ژەرەژان
1. کۆی وشەی ژەرەژ، پۆلەژەرەژ؛ 2. نێوی کێوێکە لەلای زەنگان یان زەنجان کە کەوی زۆرە و لادێکانیشی کوردن.
باهۆز
بای بەهێز، گەردەلوول، کێژەڵووکە، گژەبا.
چروسک
ڕووناکی، درەوشانەوە، بریقە
مراز
نیازی دڵ، ئارەزووی خواستنی شتێک، مراد.
هێشین
1.هەرشین، هەر سەوز؛ 2. سەوزایی، شینایی.
ژیلەوار
گوندێکی کوردنشینە لە ناوچەی هایمان لە لای ئانکارا کە کوردی هەڵداژراوی سەردەمی عوسمانین.
زریان
1. بای باشوور؛ 2. بەفر و بای زەمەن لە کاتی زستاندا.
شاشان
شاشیکان، ژنی سەروێن بەسەر، ژنی سەرولا پێچ؛ ژنانی کورد بەتایبەت هی ناوچەی کەڵوڕ، ئێستاش هەر سەروێن دەبەستن؛ نێوی ئەو ژنانەی بووە کە لەسەردەمی ساسانییەکاندا سەروێنیان بەستووە و لە دەستەی هەڵپەڕکێدا بەشدار بوونە، ئەمڕۆش وەکوو پاشناو لە کوردستاندا ماوەتەوە.
بۆکان
شارێکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. بۆکان لە دوو وشەی (بەغ یان بوغ) و کۆی(ان) پێکهاتووە، بەغ و بوغ، بوگ یان بوک، واتە: خودا، بەخشندە، پێشەوا سەرۆک؛ لەسەردەمی زەڕدەشتییەکاندا دوو دەستە لە کار و باری بەڕێوەبردندا دەوریان هەبووە، (بوغەکان و موغەکان)، بوغەکان بەرپرسی کار و باری سەربازیی و موغەکان خەلیفەی کار و باری ئایینی بوونە؛ بەغ و بوغ، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بۆتە بۆگ و بۆک، کە لەگەڵ کۆی (ان) بووە بە بۆکان، واتە: جێگای خودا، پێشەوا، یان سەرداری جەنگیی زەڕدەشتییەکان؛ بۆکانیش شارێکی کۆنە و ماناییەکان لەوێدا ژیاونو، نموونەی دیکەشمان هەر لە دەوری شاری بۆکان و شوێنانی دیکەی کوردستاندا هەیە کە بەڵگە و گەواهن بۆ ئەم بانگاشەیەی ئێمە، وەکوو: گوندەکانی بۆگەبەسی، ئیسکی بەغدا، بێشاسپ، بێتووش، بێتبەگ، بەێتاس، بێژوێ و زۆری دیکە. بڕوانە بۆ بێتبەگ لە بەشی کوڕان.