شاملوو
1. من شام؛ 2. خەڵکی شام. 3. نێوی دوو گوندی کۆن بوون لە شارەزوور کە لە سۆنگەی لەمپەری دەربەندیخاندا چۆڵ کران و بوون بە ژێر ئاوەوە؛ 3. سەرنێوی شاعیری پایەبەرزی فارس: (ئەحمەدی شاملوو) ە؛ وشەی شام وشەیەکی عەرەبییە و لە زمانی کوردیی و فارسیدا وشەیەکی هاوبەشە واتە: سەرەتای شەو و نانی شێوان؛ وشەی (لوو) ش پاشگرە و واتە: سەربە، لەمەڕ، وەکوو هۆزی حەیدەرانلوو، سەربە حەیدەرن؛ دیسان شام چەند واتای دیکەی هەیە: 1. شام: تەنگی نوێژی شێوان؛ 2. شام: نێوی کۆنی شاری دیمەشق پایتەختی وڵاتی سووریەیە؛ 3. شام: گرێ و خڕایی سەخت لەبن پێست، لک.
ژیرۆ
ئاماژە بە ئینسانی ژیر.
تازیلە
وردەبڕوێش، بڕێشی ورد.
بێستوون
نێوی چیایەکی سەخت و بەرزە کە لە دۆژ شارەکانی کامیاران و هەمەدان و کرماشاندا هەڵکەوتووە و نزیک بە چیای "پەڕاو" ە و شاری بێستوونیش لەپەنای ئەم چیایە هەڵکەوتووە؛ ئەم نێوە لە بنەڕەتدا بەغستێن یان بەغستەن بووە، (بەغ) واتە: خودا، خولقێنەر، (ستێن یان ستەن)یش: جێگا و شوێن. بێستوون یان بەغستەنیش واتە: جێگای خودا یان خولقێنەری گەلانی بەر لە زەڕدەشتییەکان.
ڕەزاو
1. ئاوی ترێ؛ 2. گوندێکە لەنێوان سنە و مەریوان کە سەر بە هەورامانە.
بەشدار
1. خاوەنبەش؛ 2. ئەندامی بنەماڵە؛ 3. سەگ؛ 4. لە کوردستان لە زۆر ناوچەی وەکوو ئالان تا دەگاتە ناوچەی هەولێر و هیدیکە، بە سەگ دەڵێن: (بەشدار)، دیارە حەقیانە چونکە لەو ماڵەدا ئەندامە و ئاگاداری زۆر شتیانە و سەگیش بۆ کورد لە کۆندا زۆر بەنرخ و پاسەوانی ماڵ و باخ و مێگەل و شتی دیکە بووە، بەڵام بە هاتنی ئیسلام بۆ ناو کوردەواری، سەگیان لە پێش چاوی خەڵک بە سپڵۆت** لەقەڵەم داوە، لە کاتێکدا ئێمە لە ئورووپا دەیبینین کە باشترین هاوڕێیە بۆ پیر و بەساڵاچووان و ئەوانەی کە رەبەن یا تەنیان. ........................................................................ وشەی سپڵۆت**، وشەیەکی کۆنە کە لە گاتاکانی زەڕدەشتدا بە مانای سەگ هاتووە نەک پیس، کەچی بە هاتنی ئیسلام، وشەی سپڵۆتیان خراپ لێک داوەتەوە، وەکوو چۆن وشەی ناڕەوای کافریان بە سەر جوولەکە و مەسیح و ناموسوڵماناندا دابڕیوە.
زەوارە
نێوی برای رۆسەمی کوڕی زاڵ.
باگردان
1. بانگلێر، بانگردێن؛ 2. نێوی گوندێکە لە ناوچەی مەنگوڕان لە نێوان مەهاباد و سەردەشت.
پەیار
قاییم، راوەستاو.
جووتیار
جۆتکار، چاندەکار، زەویکێڵ، کەسێک کە خەریکی کێڵانی زەوین و کشتوکاڵە.