شەونم

شەڤنەم، نمی هەوای شەو لە سەر گوڵ و گەڵا و گیا، ئاونگ. لەبەهاراندا بە بۆنەی تینی هەتاوەوە، گیا هەڵم دەکا و شەو کە هەوا فێنک دەبێ، لە شێوەی وردەدڵۆپ، دەنیشێتە سەر گوڵ و گیا.

ئانێشا

وشەیەکی هەورامییە واتە: ئەوان، ئەمان، ئەو.

شیلان

جۆرێک موورووی وردی سوورە؛ 2. دلێق، جلێق، بەری دارێکی سووری بتەوی دڕکاوییە، کە شەش گەز هەڵدەچێ و گوڵی زەردی تۆپ و پڕ دەکا و بەری سووری ورد و خرت و شیرین و بەچێژ دەگرێ، لە شێوەی سرینچک (سنجوو)، کە دەخورێ و بۆ دەرمانیش بەکار دێ.

بەیتاس

گوندێکە لە 50 کیلۆمیتری شاری مهاباد، کە رێگای مهاباد بۆ سەردەشت بەبەر ئەم گوندەدا تێدەپەڕێ. 1. (بەت) لە زمانی مادیدا واتە گەورە و مەزن، کە هەمان وشەی (بەد)ی پاشگری وشەی (مووبەد)ە، کە لە موو یان موغ و بەت پێکهاتووە؛ 2. موغ واتە بەرپرسی ئایینیی زەڕدەشتییەکان و بەد و بەت و پەت و باد و پات، واتە گەورە و مەزن کە بەسەر یەکەوە، دەبێتە گەورەی زەڕدەشتییان؛ (بەت) لەگەڵ وشەی (بەیت)ی کوردیی کە ریشەکەی لە (پاد)ی ئاوێستایی و (پۆیێت)ی لاتینی کە هەردووکیان واتای شیعریش دەدەن نزیکە و دوور نییە یەک ریشە بن. بڕوانە هۆنیا لە بەشی کچان. ئاس لە زمانی مادیدا بە مانای مەڵبەندە، کە ستێن و ستان و ئوستان و ئاستان، هەر لەو ریشەیەن. لە زمانی پەهلەویدا، ئەو وشەیە بۆتە وستان. لە کارنامەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا، شارستێن، شتەروستان نووسراوە. بەیتاس کە لە بنچینەدا بەتئاس بووە، واتە مەڵبەندی گاوران. لە کوردستان ئاوایی دیکەشمان هەنە کە پاشگرەکەی (ئاس)ە وەکوو: سوێناس لە مەڵبەندی گەورکی مەهاباد، کە سوێئاس بووە بەمانای مەڵبەندی نوور؛ هەروەها نەڵاس لەلای سەردەشت کە وێدەچێ نێڵئاس بووبێ کە واتای مەڵبەندی ئاور دەدا. بڕوانە بۆ گۆران.

بزێن

گەمەی جغزێن، یارییەکی منداڵانەیە.

کابان

1. ژنی ئاگاداری ماڵ، کەیوانوو، کەیبانوو؛ 2. نازنێوی گۆرانیبێژی کوردی باشووری کوردستان، (کەریم کابان)ی خەڵکی سلێمانییە.

بزێو

1. بزۆز، سەرزیندە، زیت و وریا؛ 2. پاشگری بزوێنەر.

پاکان

ئینسانی چاک، پیاو چاکان، شێخ و مەشایەخ.

پەروەر

بەخێوکەر. وەکو: (وڵاتپەروەر)

تاتریک

سواپ، تابەرە، بەردی تەنک و بچووک کە منداڵ لەسەر رۆبار کایەی پێدەکەن.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!