دەهاک
ئاژدەهاک، بە زاراوەی پالەوی کۆن، یان کەڵوڕی ئەمڕۆ، 1. (ئاژ) واتە: بەنرخ، بەڕێز، پیرۆز؛ 2. (دەهاک)یش دەبێتە: کوێخا، ئاغای گوند؛ 3. گەورەی تیرە و هۆز؛ 4. دەهاک نێوی هۆزێکی کوردی سەردەمی ساسانییەکان بووە کە دوای شەڕی قادسیە، بە دەستی سەلمانی فارسی و ئەبوو گاوانی کورد، بەرەبەرە بوون بە موسوڵمان.
کەژۆک
بەری گیایەکە لە لۆکە دەکا و سپییە، ئاوریشمی خاو.
ڕاژینە
نێوێکی ئاسووری یە کە لە بادینان هەیە و سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە کە عارف جزیری گوتوویەتی.
سەرکان
نێوی هۆزێکە لە کوردستان.
بەڕۆژ
1. بەربەرۆچکە؛ 2. گوند یان مەزرای رووبە رۆژ؛ 3. لەرۆژدا.
باشیک
1. ماڵی پیرۆز؛ 2. جێگای خۆشەویستیی؛ 3. شوێنی پیرۆزی ئایینی ئیزەدییەکان؛ 4. شارۆچکەیێکی کۆنی کوردستانە، کە دوو عەشیرەتی (باشیک و بازان) ی تێدا دەژین، یان ئەو دوو هۆزە ئاوەدانیان کردۆتەوە، باشیک دەکەوێتە 25 کیلۆمیتری خۆرهەڵاتی شاری (مووسڵ) ەوە، کە کوردی ئیزیدی و گۆران و شەبەک و هەندێک ئاسووری تێدا دەژی. ئەو شارە مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژی هەیە کە لە درێژەی دێریکی کوردستاندا هەر لەبەردەم هێرشی تاتار و مەغۆل و عوسمانییەکاندا بووە و زەرەری زۆری وێکەوتووە و چەندین جار لەبەر ئایینەکەیان قەڵاچۆ کراون؛ باشیک شوێنێکی ئایینی پیرۆزە بۆ ئیزەدییەکان و چەندین زیارەتگا و نەزرگای کۆنی تێدایە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی بەر لە لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسێح؛ حکوومەتی بەعسی گۆڕبەگۆڕی فاشیست زۆر هەوڵی دا کە بیکا بە عەرەبنشین و نێوەکەی گۆڕیبوو بۆ (بعشیقه)، بەڵام باش بوو لە بەر هاتنی ئامریکا بۆ ئێراق، بۆی نەکرا و ئەو ناوچەیە کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کورد.
نشوان
نێوی گوندێکە لە ناوچەی حەکاریی لە کوردستان شمالی.
سەراسا
1. گشتیی؛ 2. تایبەتی، 3. سەراسا.
زیمکان
دۆڵێکە لە ناوچەی سلێمانی لە کوردستان.
ئارتین
1. لە ریشەی وشەی (ئار)ی ئەوێستایی یەوە هاتووە و واتای (ئاگرپەرست) دەدا؛ 2. پیرنیا لە (تاریخ ایران زمین) دا دەڵێ: ئارتین، نێوی حەوتەمین پاشای مادەکان بووە. ئەو نێوانەی کە لە دوو وشە پێکهاتوون و وشەی یەکەمیان (ئار)ە، بە زۆریی لەناو ئەرمەنییەکاندا باوە و کوردین. زۆربەی ئەو نێوگەلەی کە بەوشەی (ئار) دەست پێدەکا، وەکوو: (ئارتین، ئارهان، ئاراس، ئاران، ئاردەوان، ئاردەڵان، ئارژەنگ، ئارساماس، ئارکاناس، ئارسان، ئارشام و ئارکاس) و هیدیکە، لە ریشەی وشەی کۆنی مادی و ئاوێستایین و دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمانە. بڕوانە وشەی ئار.