هاما

1. هەر ئەمەیە، هەرئەمەسە؛ 2. لەو دەمەدا، لەو کاتەدا؛ 3. ئەوە هاتوو، گرتمان، گریمان.

نازین

1. شانازیکردن، بەخۆ نازین؛ 2. پارێزگارشکبردن.

مەتین

1. ژیر؛ 2. سەنگین و کردار باش؛ 3. چیایەکە لەلای بامەڕنی لە ناوچەی بادینان لە کوردستانی باشوور.

مێخەک

لە ناوچەکانی هەولێر و ڕواندز و دەوروبەر بە مێخەک دەڵێن: قەنەفڕ، یان قەنەفڵ؛ لە باکووری کوردستانیش دەڵێن: نەفەل؛ مێخەک: گوڵی درەختێکی گەرمیانییە، بۆنی زۆر خۆشە و وشک دەکرێ و ژنان لە بەرۆک و سینگی خۆیانی دەدەن، مێخەک بە وشکی تا چەند ساڵ بۆنی هەر دەمێنێ و هەر جارێک کە لە ئاوی هەڵکێشی، یان بۆ چەند کاتژمێرێک لە ناو ئاودا بیهێڵیتەوە، پاش ئەوەی کە لە ئاوەکەت دەرهێنا، بۆنی هەر وەکوو ئەو یەکەمجارەیە کە لە دارەکەت کردبێتەوە؛ مێخەک هەروەها بۆ ددانئێشەش بەکاری دەبەن.

هاوار

1. داد و فریاد، بانگ و هاوار؛ 2. بانگڕاهێشتن بۆ ئاریکاریی و رەهابوون لە تەنگانە؛ 3. ئاخ و داخ؛ 4. هانا بۆ کەسێ بردن؛ 5. نێوە بۆ دوو گۆڤاری کوردی، کە یەکەمیان (جەلادەت عالی بەدرخان) لە ساڵی 1932 ی زایینیدا دەریخست، کە بە تێکڕایی 57 ژمارەی لێ دەرچوو، دووهەمیان حافز مستەفا قازیی، ساڵی1971 ی زایینی لە بەغدا دەریخست، بەڵام دوای سێ ژمارە داخرا؛ 6. نێوی گوندێکە لە کوردستانی باشوور، لە داوێنی چیای شنروێ کە کاکەیین.

کاردوو

1. تۆمی گیایەکە لە گەنم دەکا و رەنگی رەشە؛ 2. گیایەکی گەڵا پانە لە ناو سماقا زەردی دەکەن و دەیکەن بە چێشت.

کرماشان

یەکێ لە شارە کۆنەکانی کوردستانە کە بەر لە سەردەمی ساسانییەکان بنیات نراوه، بەڵام دواتر خەسرەو و بارامی ساسانیی بایەخێکی زۆریان پێداوە‌؛ کرماشان جێگا و مەڵبەندی ساسانییەکان بووە کە ئێستاش شوێنەوارەکانی هەر ماوە؛ لە سەردەمی سەفەوییەکاندا کە عوسمانییەکان بەشی سوننی نشینی کوردستانیان داگیر کرد، سەفەوییەکان بایەخێکی زۆریان بە کرماشان دا و کرماشان زۆر پێشکەوت؛ ئەوەی کە دەڵێن کرماشان (بارامی چووارەم) کە نێوی (کرمانشاه، یان شاەکرمان) بووە بنیاتی ناوە، درۆیە و ئەو شارەی کە بارامی چووارەم بنیاتی ناوە، کوێرەدێیەک بووە لە نزیک ئەسفەهان بە نێوی (کرمانشاە)، کە ئێستاش کەلاوەکانی هەر ماوە؛ کرماشان لە کۆندا نێوی (کرماجان) یا (کرمانجان) یان (کرمانجسان) بووە کە واتای (جێگای ڕەعیەتەکان، یان جێگای چاندەکاران و ئاژەڵداران) دەدا و عەربەکانیش بە قرمسین نێویان بردووە، بەڵگە و دەلیلیش ئەوەیە کە گۆرانەکان یەکەم هێز بوونە کە دەستیان بە شارنشینی کردووە و یەکەمین تیرەی کوردن کە کرماشانیان ئاوەدان کردۆتەوە و هەر لەبەر ئەوەشە نێویان ناوە کرماشان، واتە شوێنی چاندەکار و ئاژەڵداران!

چاکبین

باشبین، ئینسانی باش و خێرخواز.

میلان

نێوی هۆزێکی کوردە، لە باکووری شاری خۆی دەژین؛ نێوی گوندێکە لە کوردستانی باشوور.

دیلە

جۆرێک گەنمی سووتاوی رەشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!