شانا

بە زاراوەی هەورامی واتە: کلی کرد، شاندی، هەناردی، رەوانەی کرد.

نسار

خۆرنەوەز، تاونەگر، جێگای بەرزی شاخ و کێو کە تاو لێینەدا و هەمووکات سێبەر بێت.

تەمەر

تارمایی، لێڵ.

شەوبۆ

گیایەکە سەرەتای بەهار شین دەبێ و گوڵی سپی دەکا و بۆنی خۆشە، بە ڕۆژدا بۆنی نییە و لای ئێوارە کە هەتاو ئاوا دەبێ و فێنک دەکا، بۆن بەر دەدا و هەتا لای بەیانی ئەو بۆنەی هەر دەمێنێ.

سەرسیان

دێیەکە لای دێیەکانی (مەمەنداوا و دێبیژە) کە لە تیرەی ترکەرەشەن، لە باشووری کوردستان .

دڵشا

کەسی دڵخۆش، کورتکراوی دڵشاد

شنیان

1. هەڵکردنی بای سروە؛ 2. پێکەنین و شنینی ساوا؛ 3. تاسەکردن.

سەرتەرز

شتێکە وەکوو تاڵەدەزوو بە بڕکەی بێستان و دار رەزەوە دەئاڵێ، تەرز.

شارەبان

1. شوێنی دەشت و بەرز؛ 2. شاری تەخت و راسا؛ 3. چاودێری شار، شارەوان؛ 4. شارۆچکەیەکە لە نزیک شاری خانەقین؛ هەندێک بیرەوەند پێیان وایە کە لە بنەڕەتدا ئەم شارە لە سەردەمی ساسانییەکاندا بە نێوی (ئابان) ی کچی (کەسرا) وە ساز کراوە؛ ئەم شارە شارێکی گەورە و ئاوەدان بووە، بەڵام لە کاتی هێرشی مەغۆلەکاندا بۆ سەر کوردستان وێران کراوە؛ لەم شارەدا شوێنەواری سەردەمی سۆمەرییەکان و ئەکەدییەکان و کاسییەکان و ئاشوورییەکان و ساسانییەکان هەر ماوە، لەوانە زیندانی کەسرای سەردەمی ساسانییەکان.

وەندی

1. گۆڕدراوی وشەی کۆنی (وەنت) ە، واتە: خاوەن، خودان ساحێو؛ 2. کاسە و دەفر و قاپ و گۆزە و دێزە؛ 3. پاشگری وشەیە بۆ وێکچوون و نیشاندان؛ 4. پاشگری نێوی چەند عەشیرەتن لە کوردستان، وەکوو عەلیوەندی و حسەینوەندی.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!