ئەسمەهان

نێوی خوشکی فەرید ئەترەشی گۆرانیبێژی عەرەبی بە بنەچە کوردە کە لە بنەڕڕەتدا لە کوردە درووزییەکانی لوبنانن کە لە هۆزی جونبەڵاتن. وشەی جونبەڵاتیش بە عەرەبیکراوی وشەی جانپۆڵایە کە یەکێ لە هۆزە بەنێوبانگەکانی کوردن لە لوبنان.

ژووان

1. جێگای دیاری بۆ چاوپێکەوتنی دڵداران، یەکتر بینینی گراویان؛ 2. بە ئاستەم چاوچوونەخەو، وەنەوزدان.

مانیان

1. بێهاوتا و نادر؛ 2. نێوی کۆنی میتانییەکانە کە پێیان دەگوترێ: مانایی (میتانی)؛ 3. مانیان نێوی گوندێکە لەلای فیرووزاوای شیراز لە ناوچەی کووهەک کە بە ڕەگەز کوردن؛ 4. تیرەیەک بوونە لە کورد کە ئێستا هیچ شوێنەوارێکیان لێ لەپاش بەجێ نەماوە، مەگەر ڕۆژێک دۆزراوەکانی وڵاتی ماد چۆنییەتی ژیانیان بێنێتە دەست؛ 5. وشەی (مانیان)، لە وشەی (مانی) وەرگیراوە، بەواتای بەسراوە بە مانی، لە تیرەی مانی؛

نەیری

1. لە گاتاکاندا وشەی (نەیر)، لە زەند و پازەندی کۆندا، مانای (ئاگر) دەدا؛ 2. نەیری واتە: لە تیرەی (ئاگرپەرستان)؛ 3. هەروەها نەیری واتە ئەو تیرەیەی کە ڕەزەوانن و ترێ ڕەنێو دێنن؛ 4. هەروەتر نێوی گۆڕەپانێکی پان و بەرینە لەلای سەرووی گوندی (سەبان)ەوە لە ناوچەی هەڵەبجە؛ 5. سەربەندی گۆرانییەکی فۆلکلۆری ناوچەی شارەزوورە؛ 6. نەهری یان نەیری ناوچەیەکە لە وڵاتی شەمدینان؛ 7. هەروەها تیرەیەک بوونە لە کورد کە لە کۆندا دوو ڕەتەوەی (سۆبار و گۆتۆ)یان لێکەوتۆتەوە؛ 8. مینۆرسسکی و توردانگین دەڵێن: ناوچەی (نەیری) یان (هۆبشکا)، بە شیو و دۆڵەکانی (بۆتان) گوتراوە کە لە کاتی خۆیدا دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبووە؛ مەیجەرسۆن دەڵێ: ئەگەر تەماشایاکی سەردەمی گۆتییەکان بکەین، کە لە دۆژ سەدەکانی (12 و 15) ی بەر لە زایین ژیاون، دەبینین ئەم نەیریگەلە کە پێش میدییەکان کەوتبوون، لە کوردستانی ناوەڕاستدا ژیانێکی باشیان هەبووە و دەسەڵاتێکی وایان هەبووە کە ترس و لەرزیان خستبووە دڵی هاوسێکانیانەوە. هەر ئەم نەتەوەیە بوو کە لەپاشان نێوی گۆڕدرا و بوو بە (کورد)؛ وڵاتی نەیرییەکان لەو سەردەمەدا لە زەلیای ناوەڕاست لە ڕۆباری گەورەوە دەستی پێدەکرد هەتا سەرچاوەی ڕۆبارەکە. میدییەکان کە حوکوومەتەکەیان تێدا چوو، بەرەبەرە ڕوویان کردە ئەم شوێنە و ئاوەدانیان کردەوە.

شلومل

جوانی لەشنەرم و نییان. (شلوملی، خاڵلەملی، چاوبەکلی، بەچەندی؟!)

گوڵڕوخسار

روخسار وێنەی گوڵ، ڕوومەت وەک گوڵ.

بانیس

1. شوێنی تەخت و راسا؛ 2. دەشتی پان و بەرین.

کرمەک

1. خشڵی ژنانە؛ 2. زوانەی ناو ئاڵقەی کانزا و ئاسن.

تاڤین

تاڤی، رێژنەباران، تاوی باران، لە هەندێ ناوچەی کوردنشینی باکوور واتای: تیشکی هەتاو دەدا.

مانە

1. هەمبانە، هەوانە؛ 2. مانا، واتا؛ 3. بیانوو، پەڵپ، مان، گە‌؛ 4. تێخە، مۆره، نێوان‌؛ 5. نێوی گوندێک و ناوچەیەکە لە هەرێمی خوراسان، کە گوندی مانە لە نێوان ئەرمیان و سەمەلقان هەڵکەوتووە و کوردنشینە و کوردی تیرەی شادلوون و تورکمانیشی لێیە؛ 6. ناوچەی مانەش لە نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری بجنوورددا هەڵکەوتووە کە زۆربەی زۆری کوردنشینن.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!