ڕەندۆک
1. ئازا و مێرخاس؛ 2. زەوینی هەرچوارلا ئاو؛ 3. تەختایی ناو گردان.
شێردڵ
1. ئازا و بەجەرگ؛ 2. وەک شێر نەترس.
بارزان
1. بەرزان، شوێنی بەرز؛ 2. ناوچەیەکە چڕ و شاخاویی، کە کەوتۆتە باکووری زێی گەورەوە لە باشووری کوردستان و شوێنەمێنگەی هۆزی بەنێوبانگی بارزانە.
لاوک
1. گۆرانیی درێژ و کەون؛ 2. هەوای قەتارێکی کوردیی کۆنە؛ لاوک بە ناوەڕۆک شێوە و جۆری جیا لەیەکی هەیە کە باسی رووداوی حەماسی و راستەقینەی تێدایە. ئەم هەوایە لە لایەن گۆرانیبێژانی بەنێوبانگی وەکوو: کاووس ئاغا و حەسەن جزیریی و عارف جزیریی و حیسا بەرواریی و مریەم خان و هیدیکەوە گوتراوە و بەیتە کۆنەکان بە لاوک گوتراون. دیسان لاوک واتای کوڕ دەدا. بۆ نموونە لە زاراوەی کرمانجیدا دایک یان باوک ئەگەر بێژن دوو کوڕمان هەیە، دەڵێن: دوو لاوکێن مە هەنە. گزنفۆنی یۆنانیی کە ساڵی 401 ی بەر لە زایین، بە بانگهێشتنی کوورۆشی کوڕی داریووش هاتۆتە وڵاتی ئێرانی ئەو سەردەمە، لەکاتی گەڕانەوی 12000 سووارەکەیدا بۆ یۆنان، لە کوردستان 355 تا 430 ی زایینیی، تووشی شەڕ دەبن! گزنفۆن لە ئاناباز (گەڕانەوە) دا دەڵێ: (کاردۆخییەکان کە ویستیان هێرش بکەنە سەرمان، جۆرێک سروودی پڕجۆش و خرۆشیان دەگوت کە ریتم و میزانی نەبوو!) بە پێی گوتەکانی گزنفۆن، ئەو سروودە پڕجۆش و خرۆشە دوور نییە هەر ئەو لاوکە بێ کە ئەمڕۆ لە کوردستان ماوەتەوە و ریتمی نییە و ئازاد دەگوترێ!
خۆماڵ
ماڵیی، تایبەت بەماڵی خۆت.
دڵخاوێن
بێغهلوغهش، بێگز، بێفڕوفێڵ.
چالاک
1. بەکار؛ 2. هەڵسووڕاو؛ 3. لەشسووک؛ 4. ئازا و بەدسەتوبرد.
یاسان
ئەی سوڵتان، یا سوڵتان.
ناوتۆ
دوو تۆی شتێک، وەکوو: ناوتۆی لێف یان ناوتۆی کۆپەڕ. بۆ نموونە: کاغەزەکە لە ناوتۆی کۆپەڕەکەدایە، تەزبێحەکە لەناوتۆی لێفەکەدا بوو!
ڕاڤە
وشەیەکی کرمانجی یە واتە: شرۆڤە، شیکردنەوە (شەرح) ی عەرەبی.