بسکان

کۆی بسک و ئەگریجە، پرزەی سەر بەرگی گەنمەشامی.

هۆنیا

خۆنیا، خۆن لە زاراوەی پالەوی یان کەڵوڕی کۆندا مانای خۆش و ئاواز دەدا. ئەم وشەیە لە کۆندا بە پێی نووسراوەیەکی (خاتوو ماری بۆییس)، کە لەمەڕ خونیاگەریی یان بەیتبێژی لە کۆپەڕی (خونیاگەری لە ئێرانی گەورەدا!!!) بڵاوی کردۆتەوە و وەرگێڕدراوەتە سەر فارسی، ئاماژەی بەوە کردووە: وشەی خونیا لە بنەڕەتدا هۆنیا بووە کە تیپی یەکەمی واتە: (هـ) ، کراوە بە (خ)! وشەی خونیاگەر لەم وشەیە بە ئاوێتەی دوو وشەی (خۆنیا و گەر)درووست کراوە کە لە بنەڕەتدا (هۆنیا واچ) بووە! دیتنەکەی ماری بۆییس، درووستە بەڵام، لە بنەڕەتدا وا نییە و هۆنیاواچ،‌ لە زاراوەی هەورامیدا واتای بەیتبێژ دەدا. هۆنیا واتە: خۆش، گۆرانیی خۆش و واچیش یانێ: گوتن و خوێندن. لە ئێرانی کۆندا دوور نییە دوای ساسانییەکان، وشەی (هۆنیا واچیان کردووە بە خونیاگەر و خونیاگەریان کردووە بە ڕامشگەر و ڕامشگەریان کردووە بە چامەگوو!) خۆنیاگەر کەسێ بووە کە بەیتبێژ و گۆرانیبێژ بووە، واتە هەم هۆنراوەی داناوە، هەمیش بە گۆرانیی گوتوویەتی. ئەم شێوە گۆرانیگوتنە تەنیا لەناو کوردەکاندا باو بووە و ئەمڕۆش شوێنەوارەکەی ماوەتەوە و لە باکووری کوردستانی گەورە، واتە لە کوردستانی ژێردەستی تورکیە و ئێراق و سووریە و ئێران و تەنانەت ئەو کوردانەی کە ئەرمەنستان و ئازەرباییجان و گورجستان و ئەو وڵاتانەی کە کوردی بۆ هەڵداژراوە باوە و ماوە. بەو گۆرانیبێژانەش کە ئەم گۆرانییانە دەچڕن، دەڵێن: بەیتبێژ. بەیت کە هیچ پێوەندییەکی بە (بێت)ی عەرەبییەوە کە واتای خانوو دەدا، نییە، بەڵکوو واتە شعر کە ڕیشەی هەمان وشەی پادی ئاڤێستایی دەدا کە واتە شعر و لە ڕیشەی (پۆیێت)ی لاتینیی کەوتۆتەوە کە واتای شاعر دەدا. وەکوو بەیتی وەیس و ڕامین کە لە بنەڕەتدا کوردییە و بە زاراوەی کوردیی کەڵوڕی گوتراوە و بە هەڵە یان بە ئەنقەست لە ئێراندا پێیدەڵێن: زبان پهلوی!! و پاشان بە مەبەستی نزیککردنەوە لە فارسیی، وەکوو هۆنراوەکانی بابا تاهیری عوریان کە ئەویش بە زاراوەی کەڵوڕی گوتراوە دەستیان لێداوە!! لە زمانی کوردیدا بەو داستان و چیرۆکگەلەی کە لە کۆندا سینە بە سینە ماونەتەوە و زۆر داستانی حەماسی و کۆمەڵایەتی دیکە کە بە ئاواز دەگوترێ، دەڵێن: بەیت. بەیت لەگەڵ دەسگای بەیات کە لە فارسیدا شووری پێدەڵێن، یەک ڕیشەیە. بەیت لەباری کۆمەڵناسی و مێژوو و جوغرافیاوە گرنگە. ئاوازەکانی حەیران و لاوک و حەیرانۆک، کە لە مێلۆدییە کۆنەکانی کوردین، سەر بە بەیتن. بەیت جۆری جیاوازی هەیە، وەک چۆن لە ناوەڕۆکدا تەواو کوردییە، لە قاڵبیشدا هەروەهایە. بڕوانە بۆ گاتا.

دڵپەسن

به‌بڕۆ، دڵگر، خۆشه‌ویست.

ئاراسپاس

لە گەورەکانی ماد و بینەوانی پەرسگەی پانتائا بووە. بڕوانە وشەی ئار.

لاڤە

1. وشەیەکی کرمانجییە، واتە: شفا و لاڵە، تکا و پاڕانەوە؛ 2. جەحێڵ، خورت، گەنج؛ 3. نێوی ئەشکەوتێکە لە ناوچەی حەکاری لە باکووری کوردستان.

خۆشەنگ

خۆبه‌خۆ جوان، جووانی خۆڕسک.

هەنار

نار، نارۆک، نەرژی، میوەیەکە بۆ پاڵاوتنی خوێن باشە و لە کوردستان لە ناوچە ساردسێر و شاخاوییەکان زۆرە و ڕیشەکەی بۆ دەرمان و توێکڵەکەی بۆ ڕەنگ بەکار دەبرێ؛ هەناری هەورامان و شارەبان بەنێوبانگن؛ لە گۆرانیی کوردیشدا زۆر دێ و ئاماژەیە بە (مەمک).

تیشکە

تیرێژ، رووناکایی خۆر، بریقەدانەوە.

گەڵاڵە

1. داڕشتنی نەخشە بۆ کار یان شەڕێک یان شتی دیکە؛ 2. نموونە و پێشنووس. لە گەڵاڵەی سەفەر یان شەڕدا بووین.

ئاموود

عاموود، هێلانە، هێلانەی مەلگەلێکی گەورەی وەکوو: باز، شەهێن، شابوو، هەڵۆ.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!