شۆڕێ

1. باڵابەرز، بەژنشۆڕ؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.

ئەستی

نێوی خوشکی ئەمیرزێندینی بۆتانی و خوشکی (زین)ی قارەمانی ناو داستانی (مەم و زین)ە و گراویی شێخ فەرخە لە بەیتی (شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی)دا.

بێخاڵ

1. سادە و بێخەوش؛ 2. بەفری سپی؛ 3. ئاوی پاک و بێگەرد؛ 4. شوێنێکی پڕئاوی چەندئاشگەڕێنە نزیک بە شاری رواندز، لە کوردستانی باشوور کە بە سەیرانگایەکی یەکجار خۆش و دڵگیرە و بە یەکێ لە هاوینەهەوارەکانی کوردستان دێتە ئەژمار.

جاوان

1. ئەم وشەیە لە کۆندا (گاوان) بووە بە واتای گادار و ئاژەڵدار، بەڵام زاراوەی عەرەبی کردوویەتی بە جاوان و پاشانیش فارس به جابان؛ 2. گاوان هۆزێکی گەورەی کورد بوونە کە ئێستا شوێنەواریان بەم نێوە نەماوە، وەلێ دوور نییە ئەم هۆزە هەر هۆزی (جاف) بووبێ کە عەرەب ئاوەها گۆڕیبێتی و کردبێتی بە جاوان. بڕوانە گاوان. لە سەردەمی هێرشی عەرەب بۆ کوردستان، شاری تکریت، شاری سەلاحەدینی ئەیۆبی، لە ئێراق لە لایەن هۆزی (گاوان)ەوە پارێزراوە و زۆر جار لە ساڵەکانی 607 بۆ 616 ی زایین، شەڕی خوێناویی لە نێوان عەرەبە بیاوانگێڵەکان و هۆزی گاواندا رووی داوە کە دواتر بە زاڵبوونی ئیسلام لەوێ، ئەو هۆزەیان تەفروتوونا کرد و زۆربەی زۆریان هەڵداشتن بۆ خوراسان.

گوڵبێن

جووانبین، ئاماژە بە ئینسانی گفت ولفت شیرینە.

کەیا

1. نازنێوی پیاوی بەدەسە‌ڵات، کوێخا؛ 2. کایە؛ 3. ژەندنی تراو، وەکوو مەشکەت کەیاندووە؟!

وردبین

1. ئاماژە بە مرۆڤی وریا و تێگەییشتوو؛ 2. بیرتیژ و بەهۆش.

سارۆس

1. شارێک بووە لە ناوچەی نێوانڕۆباران لە سەردەمی مادەکاند که لەناو خاکی کوردستاندا بووە، بەڵام ئێستا شوێنەواری نەماوە؛ 2. یەکێک بووە لە فەرمانڕەواکانی ماد لە سەردەمی ئەژدەهاکدا لە شەڕ لەگەڵ کوورشی هەخامەنشیدا کوژراوە.

جگەرسۆز

مێهره‌بان، خه‌مخۆر و دڵسۆز.

مانە

1. هەمبانە، هەوانە؛ 2. مانا، واتا؛ 3. بیانوو، پەڵپ، مان، گە‌؛ 4. تێخە، مۆره، نێوان‌؛ 5. نێوی گوندێک و ناوچەیەکە لە هەرێمی خوراسان، کە گوندی مانە لە نێوان ئەرمیان و سەمەلقان هەڵکەوتووە و کوردنشینە و کوردی تیرەی شادلوون و تورکمانیشی لێیە؛ 6. ناوچەی مانەش لە نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری بجنوورددا هەڵکەوتووە کە زۆربەی زۆری کوردنشینن.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!