فەرات
1. فرەهات؛ فورات، فرات؛ 2. تیژڕۆ؛ 3. چۆمی پڕئاو؛ 4. ئاوی شیرین و پاک بۆ خواردنەوە؛ 5. چۆمێکە لە دوو کەرت پێک دێ، کەرتێکیان چەمی قەرەسووە، کە لە (دوملوتەپە) ی باکووری ئەرزەڕۆم لە کوردستانی باکوور سەرچاوە دەگرێ و 640 کیلۆمیتر درێژایی یە و سەرچاوەی کەرتەکەی تری کە پێیدەڵێن: چۆمی موراد و قەرەسوو، لە باکووری رۆژاوای شاری ئەلازیک، لە کوردستانی باکوور سەرچاوە دەگرێ و هەموویان وێک دەکەونەوە و چۆمی فورات پێک دێنن، کە 647 کیلۆمیتری دیکەش بە کوردستاندا دەڕوا. فورات و دیجلە لە نزیک شاری بەسرەوە تێکەڵ دەبنەوە و دەبن بە یەکاوی عارەبان (شطٌ العَرب)، کە دەڕژێنە کەنداو (خلیج) ی فارسەوە.
دارتاکۆ
نێوی سەردارێکی کوردی سەردەمی (کوورش)ی هەخامەنشی بووە.
گوڵنار
چاوەهەنار کە بۆ دەرمان دەشێ.
ژیلەمۆ
سکڵی وردی داری مێو، وردە سکڵ بن خۆڵەمێش کە دیسان دەتوانی ئاوری پێ بکەیتەوە.
ئاڵیا
پێچرا، تێک ئاڵا.
هەیڤ
مانگی ئاسمان، مانگی ساڵ.
بادێ
باتێ، گوندێکە لە نێوان دهۆک و زاویته لە کوردستانی باشوور.
کەوژین
1. بێزووکردن؛ 2. بە دارەوە وشکبوونی هێشووی ترێ.
کوردۆ
1. گۆڕدراوی وشەی (کارداک) و پاشان (کاردۆ)یە کە ریشەکەی وشەی (کورد)ە؛ 2. جۆرێک قەتاری کوردییە لە بەیات کورددا؛ بەیات کورد کە گۆشەیەکی بێ چارەکی بەیاتە، لەناو زۆر میللەتی دنیادا هەیە و بەنێوبانگە!؛ وشەی کوردیش هەر لە کۆنەوە هەبووە، بەڵام بەم شێوەگەلەی خوارەوە: کاردا، کارداک، کاردۆخ، کوردۆ؛ ئەو شاعیرانەش کە لە کۆندا نێوی کوردیان لە هۆنراوە و هەڵبەستدا هێناوە، ئەمانەی خوارەوەن: (منتهی الارب)، (فردۆسی)، (بیهقی)، (سوُزَنی)، (مولوی)، (روُدَکی)، (عمارە)، (سعدی)، (غزالی لوکری)، (اَنجمن آرا). بە تایبەت روودەکی بۆ خۆی کورد بووە، بە پێی ئەم شیعرەی کە گوتوویەتی: از رخت و کیای خویش، من رفتم و پردختم چون کـٌـــرد بماندستـم تنها من و این باهــــــو بەو جۆرەی کە مێژوو نیشانی دەدا، نێوی کورد دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵی بەر لە ئێستا، کە لە سەردەمی بەردێ نوێدا سەرقاڵی کشتوکاڵ بووە، بەڵام کۆنترین بەڵگەیەک کە نێوی کۆمەڵگای کوردی بە شێوەیەکی رەسمیی و فورمیی تێدا تاپۆ کراوە و بەڵگەیێکی جوغرافی مێژوویییە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشتسەد ساڵی پێش ئێستا، واتە سەردەمی سەلجووقییەکان، کە حەمدوڵڵا مستەوفی باسی دەکا و ئەویش پێکهاتەیێکی کۆمەڵایەتی جوغرافییە، نەک پێکهایێکی کۆمەڵایەتی سیاسی! نەخشەی کوردستان لە کۆندا ئەمە نەبووە کە ئێستا هەیە، کوردستان بە پێی نووسینی جوغرافیناسانی کۆن، سنووری کوردستان بازنەیەک بووە کە خاکی کوردستانی دەورە داوە و بازنەکەش بە قەراخ ئازەرباییجاندا هاتۆتە خوارێ بۆ قەزوێن و سوڵتانییە و هەمەدان و دەماوەند و بەشێک لە ناوچەی شیراز تا ئەهواز و ئابادان هەتا سەر کەنداوی فارس، لەو لاشەوە لە لای بەسرەوە بۆ کووت و عەمارە و مەندەلی و خانەقین و جەبەل عەمرەین و بەشێک لە تیکریت و دیجلە و فۆرات و مووسڵ و ئەسکەندەروونە و حەتای و سێواس و مووش و ئەرزنجان و قارس و ئەرزەڕۆم هەتا هاتۆتەوە لای ئەرمەنستان. بڕوانە بۆ کاردۆ.
تەیار
1. ساز و ئامادە بۆ کار یان سەفەر، وەخۆکەوتوو؛ 2. دەوڵەمەند و ئاسوودە.