زەندین

گولەبەن، کراسی زرێپۆش کە لە کۆندا وەکوو گولەنەبڕ لەبەریان دەکرد.

ئارکی

هەرکی، نێوی تیرەیەکە لە هۆزی زێبار لە باشووری کوردستان. بڕوانە وشەی ئار.

بازان

1. نێوی کوڕی (ساسان) دامەزرێنەری پاشایەتیی ساسانییەکانی بە نەتەوە کورد بووە؛ 2. کۆی باز بە دوو واتا: یەکەم، بازی نەچیر و دووهەم باز بە مانای قەڵەمباز و پەڕشت؛ 3. کێوێکە لەلای باکووری گوندەکانی خانماوا لە ناوچەی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 4. نێوی تیرەیێکی کۆن و گەورەی کوردە کە لە باشیک دەژین لە باشووری کوردستان، لە نێوان دهۆک و مووسڵ. بڕوانە بۆ باشیک.

قازەن

دەسک و گوڵ لە چەڵتووکی برنج.

بەرزیا

باڵابەرز. ئەم نێوە هی سەردەمی مادەکانە کە کوری داریووش بووە.

ئالان

1. لووتکەی بەرزی پڕ لە دۆڵی پێچەڵپێچ؛ 2. ناوچەیەکە داگری نزیک بە 20 گوند، کەوتۆتە رۆژاوای شاری سەردەشت لە دۆژ سنووری دەسکردی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 3. نێوی چیایەکە هەر لەو ناوچەیە؛ 4. ئەم نێوە لە وڵاتانی سکاندیناوی و ئەورووپا و ئامریکا و کانادا و زۆر وڵاتی دیکەشدا هەیە و نێوێکی ئەنترناشیۆناڵە و نێوێکی کۆنە؛ 5. ئەم نێوە لە نێوان گەلانی ئاشووری و ئەرمەنی و مەسیحی و زۆر نەتەوەی دیکەشدا هەیە و بە (ئەلەن و ئەڵەن)یش دەوێژرێتەوە؛ 6. نێوی شارێکی کۆن بووە لە ناوچۆمان یا نێوانڕۆباران کە عەرەب دەڵێ: (بینُ النهرین).

هۆرە

1. دەوروبەر؛ 2. پووازی ئەستوور بۆ قەڵشوێهاتنی دارێ کە بە تەور دەیشکێنن؛ 3. سەیرانگا؛ 4. جێگای زۆر بەرز؛ 5. سۆز و نارەنار؛ 6. کەلام یان سروودی ئایینیی ئەلحەق (یارسان)ەکان، پەیوەندیدار بە سەردەمی زەڕدەشت کە هەوایەکی کۆنە و لە مەراسم و ستایش و نیایشی ئایینییدا گوتراوە! هۆرە یەکجار کۆنە و بە زاراوەی کەڵوڕی و جافی دەگوترێ، هەم بە پێی ناوەکەی و هەمیش بە پێی مێلۆدییەکە، کە لە نێوان ئەلحەقەکاندا باوە و دەیچڕن، وا دەردەکەوێ کە هەر ئەو هەوا کۆنە بێ کە لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا لە مەراسم و ستایشی ئایینییدا گوتراوه و لە کارنەمەی ئەردەشێری پاپەکاندا بە لحن اورامی (ئاوازی هەورامی) ناسراوە‌. هۆرە زۆرتر بە بێ مۆسیقا دگوترێ، بەڵام هەندێ جار لەگەڵ تەمبوور و بلوێریش گوتراوە! ئەم هەوایە وەک لە سەرەوە باسم کرد، ڕیتم و میزانی نییە و لە گوتندا ئازادە و بە دەنگی پچڕپچڕ دەگوترێ. هۆرە زۆرتر بە قوڕگ دەگوترێ و هۆرەبێژ، دەستێکی یان هەردوو دەستی لە پشت گوێ دەنێ و هەواکەی پێ دەچڕێ! لە باری زانستی مۆسیقاوە یەک پەردەیە و ئەگەر لە سۆلەوە دەست پێ بکا، هەر بە سۆل کۆتایی پێدێ! وشەی (هۆرە) لەبەر ئەوەی کە بۆ ستایشی ئەهوورامەزدا گوتراوە، لە واژەی (ئەهوورا) وەرگیراوە و هەر بەو شێوەیەی کە لە کۆندا گوتراوە، لەناو پەیرەوانی ئایینی یارساندا دەگوترێتەوە. هۆرە لەکاتی مردنی کەسێک، یان ڕوودانی کارەساتێک، بە هەوایەکی زۆر خەمگین دەگوترێ. شیعرەکانی هۆرە لە کۆندا هەڵگری گوتە پیرۆز و ئاسمانییەکانی ئاوێستا بووە، بەڵام لەو کاتەوە کە ئایینی ئیسلام لەناو کورددا جێگەی گرتووە، هۆرە لە لایەن دەروێش و سۆفییەکانی کوردستانەوە شێوەی ئایینیی گرتۆتە خۆی و بە هۆنراوەی عیرفانییش دەگوترێ. بێژگە لەمەش بە شیعری دڵدارییش دەگوترێ و هۆرە بەگشتیی، هەم لە شایی، هەمیش لەپرسەدا دەیچڕن. هۆرە وەکوو گاتاکان، بە شیعری بیست بڕگەیی دەخوێنرێ. هۆرە لە ناوچەکانی گۆران، سەنجابی، قەڵخانیی، زەهاو، خانەقین و کرماشان و ئیلام و لوڕستاندا باوە و دەگوترێ. هۆرە ئەوەندە بەسۆزە کە لەو ناوچانە (کزە) شی پێدەڵێن! هۆرە بەیانگەری داستانگەلی عاشقی و حەماسی و قارەمانانەیە و بەنێوبانگترین و کۆنترین هۆرە، هۆرەی (عەزیز و تەکش) ە، کە داستانێکی حەماسییە! جۆرەکانی هۆرە بریتین لە: گوڵەخاک، لوڕیچڕ، سووارانە، قەڵوەزیچڕ، قاچاخچیچڕ، دوودەنگیی (دووقۆڵیی)، غەریبیچڕ، ئەکوەرخانیی، کڵاودڕ، یەکدەنگیی، ئەرکەوازیچڕ، هەی سووار هەی سووار، گڵەوەدەر، یۆسۆ کڵاوزەر، باندەسانیی، شاحوسێنیی، سارۆخانیی، جڵەوشایی، تەرز، مەجنوون، سەحەریی، باریە، دۆباڵا، غەریویی، بانبنەیی و پاموورەیی. دوو جۆری جیاوازی هۆرەشمان هەیە کە کۆنن، وەکوو: موور بۆ شیوەن و هەرا بۆ شەڕ لەگەڵ دوژمن.

بستیک

تیسکەهەنگوور، تیسکە ترێ،‌ هێشووی ترێ، زەنگەتە ترێ.

سنەوبەر

جۆرێک لە دارکاج کە هەمیشە سەوز و بەرز و جوانە.

لەیلێ

1. گراوی مەجنوونی بەنێوبانگ؛ 2. سەربەند و ناوبەند و پاشبەندی چەندین گۆرانیی کوردییە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!