نەواڵ

1. نوواڵ، شیو، دۆڵ؛ 2. لافاوی توانەوەی بەفر لە چیا.

باسێن

باگر، ئەو شتەی کە پێش بە شنەی با دەگرێ.

سمسێر

سمسار، دەڵاڵی بازاڕ.

کاوە

1. ئێش و ئازارێکە بە هۆی کارکردنی زۆرەوە لە لەشدا پەیدا دەبێ؛ 2. نێوی کاوەی کوردی قارەمانی داستانی ئەفسانەیی (کاوە و ئەژدەهاک)ە، کە ئەژدەهاکی کوشت و (فەرەیدو)ی فارسی لە جێگای دانا. بڕوانە ئەژدەهاک.

فراوین

فراڤین، ژەمی نیوەڕۆ.

دیلان

1. هه‌ڵپه‌ڕکێ، گۆڤه‌ند؛ 2. شایی و سه‌یران؛ 3. نازنێوی شاعیر و ده‌نگخۆشی کورد (مامۆستا ساڵه‌ح دیلان)ه‌.

ئالان

1. لووتکەی بەرزی پڕ لە دۆڵی پێچەڵپێچ؛ 2. ناوچەیەکە داگری نزیک بە 20 گوند، کەوتۆتە رۆژاوای شاری سەردەشت لە دۆژ سنووری دەسکردی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 3. نێوی چیایەکە هەر لەو ناوچەیە؛ 4. ئەم نێوە لە وڵاتانی سکاندیناوی و ئەورووپا و ئامریکا و کانادا و زۆر وڵاتی دیکەشدا هەیە و نێوێکی ئەنترناشیۆناڵە و نێوێکی کۆنە؛ 5. ئەم نێوە لە نێوان گەلانی ئاشووری و ئەرمەنی و مەسیحی و زۆر نەتەوەی دیکەشدا هەیە و بە (ئەلەن و ئەڵەن)یش دەوێژرێتەوە؛ 6. نێوی شارێکی کۆن بووە لە ناوچۆمان یا نێوانڕۆباران کە عەرەب دەڵێ: (بینُ النهرین).

دێرک

1. دێریک، دیرۆک، مێژوو؛ 2. کەونارا، زۆر کۆن؛ 3. نێوی شارێکە لە ڕۆژئاوای کوردستان.

جەسان

شارێکی کوردنشینه‌ له‌ باشووری کوردستان، که‌ به‌ زاراوه‌ی که‌لهوڕی قسه‌ ده‌که‌ن.

مانای

1. لەناونەچوو، هەمیشەماو؛ 2. بە هەورامی مان: واتە: بنەماڵە، یانە و شوێنەمێنگە، وەکوو هەورامان: واتە بنەماڵە یان خانەدانی ئەهووراییەکان؛ 3. کۆی مان دەبێ بە مانان کە واتاکەی دەبێتە: وێکچوو، لە شێوەی‌، وەکوو: ئێمە مانان؛ 4. لە گاتاکانی زەڕدەشتدا کە بە زاراوەکانی کەڵوڕیی و هەورامی و نیوەزاراوەکانی جافی و سنەیی نووسراون، مانا یان مانای، واتای پەروەردگار و یەزدان دەدا؛ 5. مانای نێوی هەوارگەیەکە لە هەورامان.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!