ئامراز
کەرستە و ئەسپابی کار.
رێژنە
تاوەبارانی توند، وەکوو: رێژانێکە مەپرسە، یان رێژنەی فیشەک.
گاداتاس
خوداداو، فەرماندەرێکی ماد بووە کە بەرپرسی یەکێ لە لەشکرە پیادەکانی کوورشی هەخامەنشی بووە.
پەچە
1. پێچە، پەچە، دەسماڵ یان تەنراوێکی رەشە کە ژنان لە کوردەواریدا بەتایبەت لە لادێ بۆ شەرمە یان شەرمکردن لە پیاو دەم و لووتی پێ دادەپۆشن. شەرمە کولتووری عەرەبە کە بە هۆی ئایینی ئیسلامەوە هاتۆتە ناو کۆمەڵگای کوردەواری. کـــــۆڵان بــەکـــــۆڵان جــــادە بـه جــــــادە نەشمیلەی چاوجووان (پەچە)کەت لادە (عەلی مەردان) 2. پەچە، مۆڵگە، هەوێز، بێرە، رانەبێرە، بەو شوێنە دەگوترێ کە پەز و بزن (وردەماڵات)ی لێ دەخەوێنن بۆ شیردۆشین و وچاندەرکردنی شووان لە کاتی نیوەڕۆدا و کچان و ژنان دێن بۆ دۆشینیان. وەکوو: لەناو ران هاتەو شیر بە شانەوە لچی ها بە تۆز (پەچە)ی رانەوە (گەلێریی ناوچەی سنە)
گۆران
نێوی تیرەیەکە لە کورد کە لە ناوچەی داڵاهۆ و رێژاو و زۆر شوێنی دیکەی کوردستان دەژین و رەدووی ئایینی (یارسان) یان (ئەهلی هەق) ن و (کاکەیی) یشیان پێدەڵێن. گۆرانەکان یەکەمین یان دەتوانم بڵێم یەکێ لەو تیرەگەلەی کوردن کە زووتر لە هەموو تیرەکانی کورد دەستیان کردووە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و وشەی (گۆرانیی) بە نێوی ئەوانەوە هاتۆتە ناو زمان و ئەدەبیاتی کوردی؛ هۆزی گۆران یەکەم هۆز و تیرەی کوردن کە شارنشینییان دەست پێکردووە؛ لەبەر ئەوەش کە موسوڵمان نین، بەداخەوە پێیانگوتوون: گەور یان گاور، واتە: ناموسوڵمان!؛ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەتیشدا هەر سروود و ستران و ئاوازێکیش کە پێداهەڵگوتنی (ئیسلام)ی تێدا نەبووبێ، بە نالەبار و ناشایانیان لە قەڵەم داوە و پێیانگوتووە: گەورانی یان گاورانی!! و لەلایەن موسوڵمانانەوە بەرگری لێکراوە و وردە وردە ئەو ستران و سروودانە وشەی گەورانی بەسەردا بڕاوە و دوایی بۆتە: گۆرانی! هۆزی (گۆران) هۆزێکی کۆن و گەورەن؛ بەداخەوە (کوردی وشکەڕۆی موسوڵمان) یش پێیانگوتوون: دز، چەتە، رێگر، کە من پێموایە لەبەر ئەوەی کە موسوڵمان نەبوونە و پەیڕەوی ئایینی کۆنی یارسانن, وایان پێگوتوون، چونکە ئەوانە سەریان بۆ عەرەب و تەنانەت کوردی موسوڵمانیش کە لەبنەڕەتدا موسوڵمان نەبوونە و بە شەق و شمشێری عەرەب بوونەتە موسوڵمان، دانەنەواندووە؛ لەبەر ئەوەش کە کوردی موسوڵمان پەیتاپەیتا هێرشیان کردوونەتە سەر و ئازاریان داون، ناچار کاردانەوەیان نیشان داوە و خۆیانیان پاراستووە، کوردە موسوڵمانەکەش لە داخی ئەوە کە ئەم یارسان (ئەلحەق) انە پەرچەیان لەو دینە نەتەوەیی یەی خۆیان کردووە, ئامادە نەبوونە ببن بە موسوڵمان و ناونیتکەی وایان لێناون و بە دز و چەتە و رێگریان لەقەڵەم داون، لە کاتێکدا وا نییە و بۆ هەموو کوردیکی تێگەییشتوو و رۆشنبیر جێگای سەربەرزین، چونکە یارسان یان گۆرانەکان، زمان و کولتووری کوردییان لە چوارچێوەی ئەو دینە کۆن و نەتەوەیی یەی خۆیاندا بۆ پاراستووین! نێوی گۆران لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا و شوێنانی دیکە، بە یۆران دەخوێرێتەوە و ئەمیش وەکوو ئالان نێوێکی دنیاداگر (ئینترناشیۆناڵ)ە. بڕوانە (پاڵەوان) و (یارسان) لە بەشی کوڕان.
ڕەنگار
رەنگی تۆخ و تیرە.
گۆتۆ
گۆتی، گۆسی، گۆسان، نێوی کۆنی تیرەیەکی کوردە کە 2649 ساڵ بەر لە زایین، وڵاتی سۆمەر و ئەکەدیشیان داگیر کرد و ئەم دەسەڵاتەیان 125 ساڵ و 40 رۆژ درێژەی کێشا. دوایە وشەی گۆتی بە تێپەڕبوونی زەمان بووە بە کۆتی و کورتی و کاردخۆی و کوردخۆی. ئەم تیرەیە لە کێوەکانی زاگرۆسدا ژیاون. (ئێسترابوون) ی یۆنانیی لە باسی (ئاترۆپات) یان (ماد) ەکاندا بە کورتەکان نێوی بردوون. گەزەنفۆنیش لە گەڕانەوەی دەهەزار کەسەکەیدا لە (401) ی بەر لە زایین، لە چیاکانی زاکرۆس تووشیان هاتووە و بە دەستی هەر ئەو کاردۆخییانە زەبری کاریی وە لەشکرەکەی کەوتووە و لە (ئاناباز) یان (گەڕانەوە) دا باسی کردووە و لە فەرانسەیی یەوە کراوە بە کوردی. ئەم نێوە وەک لەسەرەوە باسم کرد، نێوی کۆنی کوردە کە عەرەب کردوویەتی بە جوودی و جوودیش کێوێکە لە کوردستان لە ناوچەی بادینان کە لە پشت نوسێبینەوە دادەکشێ بۆ لای زاخۆ و لە قورعان و لە ئینجیلیشدا هاتووە بۆ ئەوەی کە دەڵێن: پاپۆڕەکەی نۆح لە کاتی لافاوەکەدا، لە سەر ئەم کێوە نیشتۆتەوە. بڕوانە: گۆسان.
لەیلاخ
هەوارگەی هاوینی، زۆزان، کوێستان.
قارس
1. تووڕە، جاڕز؛ 2. دادروون بۆ کورتکردنەوە؛ 3. شار و مەڵبەندێکە لە باکووری کوردستان .
بەدری
مانگی تەواو، مانگی شەوی چوواردە.