مەڵۆ

1. ئەو گوڵ و چیچک و وەنەوشەیەی کە پڕ بەدەست، یان پڕبەمشت دەیڕنێن و دەیبەستن و چەپکەی دەکەن بۆ دیاری؛ 2. ئالیکی دروێنەکراو، باوەشێ گیای دروێنەکراو، ئەو گیا و کەما و گزرەیەی کە بە داس یان کەرەنتوو لە جاڕ یان یاڵ و کێودا دەیبڕن و مەڵۆ مەڵۆ دایدەنێن و دوایی کۆی دەکەنەوە و دەیکەن بە تایه و لە خەرماندا هۆڵەی دەکەن بۆ زستانی ئاژەڵ‌؛ 3. بەشێ لە سێبەشی گیا و گزرەی دروێنەکراو. مەڵۆ، نێوی کچێکی دووڕەگە‌ لە دانمارک، کە دایکی دانمارکییە و باوکی کوردە.

کەوێ

1. ڕەنگی کەوە؛ 2. وەکوو کەو، وێنەکەو؛ 3. کەوا؛ 4. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.

بەراڤی

کۆڕ، کۆبوونەوە، جڤین.

سۆرنگ

رۆنیاس، رەگی گیایەکە بەن و خامی پێ سوور دەکەن. بڕوانە رۆنیاس لە بەشی کچان.

ئەردەوان

1. خاوەن زەوی؛ 2. جێگری سە‏رپە‏لی شە‏ڕ؛ 3. نێوی چە‏ند ‏کە‏س له‏ پاشاکانی بنەماڵە‏ی ئە‏شکانی.

بناو

1. نوقمی ئاو، ژێر ئاو؛ 2. بناوی، دارێکی بێبەرە لە قەراخ ئاو و رۆباران دەڕوێ.

هەرکان

1. تۆمی دانەوێڵە، دانەوێڵەی پاک و خاوێن کە هەڵیدەگرن بۆ ساڵێکی دیکە بۆ چاندن و وەشاندن.

شەکیلە

پارچە هەمبانەی خۆشکراو بۆ سەر دەفر داگرتن.

گوڵپەری

1. گوڵێکی بۆنخۆشی گەڵازەردە کە لە قەراخ ڕۆباران دەڕوێ و بۆ تورشی کەڵکی لێوەردەگرن؛ 2. لە ڕادەبەدەر جووان، جووانی خەیاڵیی وەکوو پەریی.

گوڵنیشان

وەک گوڵ، لە نیشانەی گوڵ.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!