ژینۆ

1. ئاماژە بە ژیان؛ 2. ئینسانی سەرزیندە و بزێو.

لارەسا

سێبەری نیوەڕۆ.

ڕێکۆک

رێچکە، باریکەڕێ.

سیلان

موورگێکی رەشە کە ژنان بۆ خشل بەکاری دەبەن.

فریا

1. هاوار و داد؛ 2. کۆمەک و یارمەتی؛ 3. فریاکەوتن، بەهاواری کەسێکەوە چوون، هانا؛ 4. گەییشتن لەکاتی خۆیدا.

بێرات

شوێنی ئاژەڵداری، شاخێکە لەڵای چیای کارۆخ، لە کوردستانی باشوور.

قەتوور

نێوی قەڵا و ناوچە و گوندێکی کوردنشینە لە لای شاری خۆی لە هەرێمی شکاکان کە رابردووی لە باری کۆنبوونەوە دەگەڕێتەوە بۆ 716 ی زایین و لەو ساڵەدا سارگۆنی دووهەم پاشای ئاشوور، بەوێدا تێپەڕیوە و چۆتە ناو خاکی ئۆرارتۆرەوە.

کارداکا

مینۆرسکی لە زمانی (تورداگین)ەوە دەڵێ: بە پێی دوو پارچە بەردەنووسی وەدیتراو، کە وێنەیان لەسەر بووە و مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە زایین، کارداکا وڵاتێک بووە لەناو وڵاتی ئاشووردا کە کورد بەڕێوەی بردووە. بڕوانە کاردۆ.

پارشان

کێوێکە لە نێوان چەمی قالوێ و چۆمی تەتەهوو لە هەرێمی موکریان.

گۆران

نێوی تیرەیەکە لە کورد کە لە ناوچەی داڵاهۆ و رێژاو و زۆر شوێنی دیکەی کوردستان دەژین و رەدووی ئایینی (یارسان) یان (ئەهلی هەق) ن و (کاکەیی) یشیان پێدەڵێن. گۆرانەکان یەکەمین یان دەتوانم بڵێم یەکێ لەو تیرەگەلەی کوردن کە زووتر لە هەموو تیرەکانی کورد دەستیان کردووە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و وشەی (گۆرانیی) بە نێوی ئەوانەوە هاتۆتە ناو زمان و ئەدەبیاتی کوردی؛ هۆزی گۆران یەکەم هۆز و تیرەی کوردن کە شارنشینییان دەست پێکردووە؛ لەبەر ئەوەش کە موسوڵمان نین، بەداخەوە پێیانگوتوون: گەور یان گاور، واتە: ناموسوڵمان!؛ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەتیشدا هەر سروود و ستران و ئاوازێکیش کە پێداهەڵگوتنی (ئیسلام)ی تێدا نەبووبێ، بە نالەبار و ناشایانیان لە قەڵەم داوە و پێیانگوتووە: گەورانی یان گاورانی!! و لەلایەن موسوڵمانانەوە بەرگری لێکراوە و وردە وردە ئەو ستران و سروودانە وشەی گەورانی بەسەردا بڕاوە و دوایی بۆتە: گۆرانی! هۆزی (گۆران) هۆزێکی کۆن و گەورەن؛ بەداخەوە (کوردی وشکەڕۆی موسوڵمان) یش پێیانگوتوون: دز، چەتە، رێگر، کە من پێموایە لەبەر ئەوەی کە موسوڵمان نەبوونە و پەیڕەوی ئایینی کۆنی یارسانن, وایان پێگوتوون، چونکە ئەوانە سەریان بۆ عەرەب و تەنانەت کوردی موسوڵمانیش کە لەبنەڕەتدا موسوڵمان نەبوونە و بە شەق و شمشێری عەرەب بوونەتە موسوڵمان، دانەنەواندووە؛ لەبەر ئەوەش کە کوردی موسوڵمان پەیتاپەیتا هێرشیان کردوونەتە سەر و ئازاریان داون، ناچار کاردانەوەیان نیشان داوە و خۆیانیان پاراستووە، کوردە موسوڵمانەکەش لە داخی ئەوە کە ئەم یارسان (ئەلحەق) انە پەرچەیان لەو دینە نەتەوەیی یەی خۆیان کردووە, ئامادە نەبوونە ببن بە موسوڵمان و ناونیتکەی وایان لێناون و بە دز و چەتە و رێگریان لەقەڵەم داون، لە کاتێکدا وا نییە و بۆ هەموو کوردیکی تێگەییشتوو و رۆشنبیر جێگای سەربەرزین، چونکە یارسان یان گۆرانەکان، زمان و کولتووری کوردییان لە چوارچێوەی ئەو دینە کۆن و نەتەوەیی یەی خۆیاندا بۆ پاراستووین! نێوی گۆران لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا و شوێنانی دیکە، بە یۆران دەخوێرێتەوە و ئەمیش وەکوو ئالان نێوێکی دنیاداگر (ئینترناشیۆناڵ)ە. بڕوانە (پاڵەوان) و (یارسان) لە بەشی کوڕان.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!