بێشۆرا
گوندێکە لە لای مێگر لە کن رواندز لە کوردستانی باشوور.
مەهاباد
وشەی (ماەئاباد)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا، نێوی کۆنی (نەهاوەند) بووە کە (ماەدینار) یشیان پێگوتووە! لە زاراوەی پالەوی کۆندا، واتە ئەو زاراوەیەی کە کوردانی کەلهوڕ یان کەڵوڕ قسەی پێدەکەن، بە (شار) گوتوویانە: (ماه). عەرەبیش ئەم وشەیەی کردووە بە مەدینە! لە زمانی پالەوی ئەوێستاییشدا بە شار گوتوویانە: ماه، هەر لەبەرئەمە بە (نەهاوەند) گوتوویانە: ماەبەسرە و بە (دینەوەر) یش ماەکووفە! عەرەبیش بە هەر دووکی گوتوون: ماهان! لە کۆندا واتە لە سەردەمی ساسانییەکان بە ناوچەکانی هەمەدان و کرماشان و دینەوەر و نەهاوەند و پێشکۆ، گوتوویانە: وڵاتی ماە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەم ناوە، پاشماوەی وشەی (ماد) و (مای) کۆنە کە ناوەندی وڵاتی ماد یان ئیمپەراتووریەتی ماد بووە. مەبەستیش لە (ماەکووفە)، دینەوەر و کرماشان بووە، تا هەڵوان، (ماەبەسرە)ش، نەهاوەند بووە هەتا دەگاتە (سیمەرە) لە ناوچەی لوڕستان. بە شوێنەمێنگە و ژینگەی مادەکانیشیان گوتووە: وڵاتی (ماد)، یان (مای). بە نەهاوەندیشیان گوتووە: ماەدینار. وشەی (ماە)، وشەی ئاڵشتکراوی (ماد)ە، کە نێوی تیرەی وڵاتی ڕۆژاوای ئێرانە. لە کۆپەڕەکەی ئەردەشێری پاپەکانیشدا ئەم وشەیە هەر هەمان وشەی کۆنی (مادیک) یان (ماد)ە کە لە زاراوەی کوردی پالەوی یان کەڵوڕیدا بە ماە نێوی هاتووە. لە کۆپەڕی مێژوونووسان و جوغرافیزانانی ئێرانیی و عەرەبیشدا نێوی ماە هاتووە و لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) یشدا کە لە پالەوییەوە کراوە بە فارسی، زۆر جار نێوی ماە هاتووە، چونکە وەیس کچی شاقاڕن و شاژنی شارۆ و خوشکی وەیرۆ و ژنی شامۆبد و خەڵکی وڵاتی ماد بووە، شاقاڕنیش پاشای وڵاتی ماد بووە. قازی ئەحمەد لە زمانی تۆفیق وەهبی کوردناسی زاناوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: (مادەکان بەرەبەرە، لەگەڵ کوردەکان خزمایەتییان کرد و تێکەڵ بوون، جا کوردەکانی ئیمڕۆ، بەرهەمی ئەو پێوەندییەن.) دوایە دەڵێ: {نێوی ماد بە شێوەی (ماس) یان (ماسی) یا مەهاباد (ماەئاباد)، لە نووسراوە و سەنەد و بەڵگە مێژوویی یەکاندا هەروا مابووەوە.)؛ قازی ئەحمەد دەڵێ: وەختێ من چیرۆکی دڵداریی (وەیس و ڕامین) م کە بەرەبەری ساڵی (446) ی کۆچیی فەخرەدین ئەسعەدی گورگانیی لە زمانی پالەوییەوە بە شیعر کردوویە بە فارسیی، دەخوێندەوە، لە چەند جێگا نێوی (وڵاتی ماە) یا (ماەئاباد)م وەبەرچاو هات کە بۆ وەڕاستگەڕانی قسەی تۆفیق وەهبی دەکرێ وەک بەڵگەیەکی پتەو ئاماژەی پێبکرێ؛ (وڵاتی ماە)، لە چیرۆکی (وەیس و ڕامین) دا بە ناوچەی ڕۆژاوا و شیمالی ڕۆژاوای ئێران و ئاران و ئەرمەنستان دەگوترا کە پاتەختەکەی هەمەدان بووە و ئەم هەرێمە لە مێژوودا هەر ئەو مەڵبەندی مادە}؛ مەهاباد: نێوی پێغەمبەرێک بووە کە بەر لە زەڕدەشت هاتووە و لە خوارەوەی گۆلی ورمێ لە دایک بووە؛ وشەی (ماد) لە سەردەمی ساسانییەکاندا گۆڕدراوە بە (مای) و پاشان بوە بە (ماه).
خەمیس
گوێز و مێوژی کوتراو پێکهوه.
پرووشە
1. دەنکە دەنکەی بەفر کە دەبارێ، پرووشەی ئاو و باران، پرووشەی بەفر؛ 2. کەمخواردن، چرۆکردن.
باسار
وێژەری بەرنامەی رادیۆ و تەلەڤزیۆن.
شەرمین
شەرمن، بەشەرم، بەحەیا.
شاباڵ
1. شاپەڕ، گەورەترین پەڕەکانی باڵی مەل؛ 2. ئەندازەی لەسەر پەنجەوە هەتا ئەستۆ.
هێرۆ
1. هەرمەڵە، گیایەکی بەرزی گەڵاپانە، لاسکی ئەستوورە؛ 2. نێوی گوندێکە لەناوچەی قەڵادزێ لە باشووری کوردستان.
ئالان
1. لووتکەی بەرزی پڕ لە دۆڵی پێچەڵپێچ؛ 2. ناوچەیەکە داگری نزیک بە 20 گوند، کەوتۆتە رۆژاوای شاری سەردەشت لە دۆژ سنووری دەسکردی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 3. نێوی چیایەکە هەر لەو ناوچەیە؛ 4. ئەم نێوە لە وڵاتانی سکاندیناوی و ئەورووپا و ئامریکا و کانادا و زۆر وڵاتی دیکەشدا هەیە و نێوێکی ئەنترناشیۆناڵە و نێوێکی کۆنە؛ 5. ئەم نێوە لە نێوان گەلانی ئاشووری و ئەرمەنی و مەسیحی و زۆر نەتەوەی دیکەشدا هەیە و بە (ئەلەن و ئەڵەن)یش دەوێژرێتەوە؛ 6. نێوی شارێکی کۆن بووە لە ناوچۆمان یا نێوانڕۆباران کە عەرەب دەڵێ: (بینُ النهرین).
کەوماڵ
سەنگ و سووزنکردنی کون و کەلەبەران بۆ گەڕان بە دوای شتێکدا. هەموومان کەوماڵ کرد هیچمان نەدۆزییەوە.