باستێ
گوندێکە لەسەر سنووری نێوان بانە و پێنجوێن لەلای (رەشەدێ) لە باشوری کوردستان.
فەرات
1. فرەهات؛ فورات، فرات؛ 2. تیژڕۆ؛ 3. چۆمی پڕئاو؛ 4. ئاوی شیرین و پاک بۆ خواردنەوە؛ 5. چۆمێکە لە دوو کەرت پێک دێ، کەرتێکیان چەمی قەرەسووە، کە لە (دوملوتەپە) ی باکووری ئەرزەڕۆم لە کوردستانی باکوور سەرچاوە دەگرێ و 640 کیلۆمیتر درێژایی یە و سەرچاوەی کەرتەکەی تری کە پێیدەڵێن: چۆمی موراد و قەرەسوو، لە باکووری رۆژاوای شاری ئەلازیک، لە کوردستانی باکوور سەرچاوە دەگرێ و هەموویان وێک دەکەونەوە و چۆمی فورات پێک دێنن، کە 647 کیلۆمیتری دیکەش بە کوردستاندا دەڕوا. فورات و دیجلە لە نزیک شاری بەسرەوە تێکەڵ دەبنەوە و دەبن بە یەکاوی عارەبان (شطٌ العَرب)، کە دەڕژێنە کەنداو (خلیج) ی فارسەوە.
قەشەنگ
قەشەنگێ، جوان و زەریف.
شەلیل
جۆرێک قۆخی پێوەند کراوە کە لە قۆخ بچووکترە.
ئەردەشێر
ئاردەشێر، 1. ئازا، دلێر؛ 2. سەرکەوتوو، زاڵ؛ 3. دامەزرێنەری بنەماڵەی ساسانی؛ 4. نێوی چەند پاشای بنەماڵەی ساسانی؛ 5. نێوی چەند پاشای بنەماڵەی هەخامەنشی. بڕوانە ئارتین.
خۆزان
شارەزا لە خۆ، بەڵەد لە جێگە و شوێنی خۆ.
دابان
نێوی گەردەنە یان (کەل) ێکە لە پشت شاخی (پیرەمەگروون) ەوە لای سلێمانی لە باشووری کوردستان.
شاریار
1. ، گەورەی شار، دەسەڵاتداری شار؛ 2. شایار، هاودەستی شا، ئاواڵ و دۆستی پاشا؛ 3. نێوی شاعیری گەورەی کوردی زەڕدەشتیی (پیر شالیار) ە، کە لە هەورامان ژیاوە لە کاتێکدا کە عەرەبەکان هێرشیان هێناوەتە سەر کوردستان.
کەوکەو
ئەم ناوە لە بنەڕەتدا (کوکب)ی عەرەبییە کە واتای ئەستێرە دەدا و بێژرەی کوردی ئاوەها گۆڕیویەتی.
وەرشەو
ئالیاژێکە تێکەڵ لە مس و زیو کە بریقەدارە و خەراپ نابێ و سینی و کەوچک و چەتاڵ و شتی وای لێ درووست دەکەن.