پیرۆسا
نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.
ڕێحان
ریحان، رێحانە، سەوزەیەکی بۆنخۆشە کە دەخرێ و وشکیش دەکرێ بۆ ناو خۆراکیی؛ سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.
مراز
نیازی دڵ، ئارەزووی خواستنی شتێک، مراد.
سەردەم
کات، وەخت.
هەزبان
نێوی گەورەهۆزێکی کوردە کە هەڵداژرابوونە ئازەرباییجان و ئەرمەنستان. لە هۆزی هەزبان، جەعفەر هەزبانی لە سەرەتای ساڵی 320 ی کۆچی دژ بە دەسەڵاتدارەتی عەباسیی راپەڕی. لەم جەعفەر هەزبانییە پارچە شیعرێک لەسەر زوڵموزۆری عەرەب بە جێماوە کە بە داخەوە دەس نەکەوت کە لێرەدا چاپی بکەم.
هۆرە
1. دەوروبەر؛ 2. پووازی ئەستوور بۆ قەڵشوێهاتنی دارێ کە بە تەور دەیشکێنن؛ 3. سەیرانگا؛ 4. جێگای زۆر بەرز؛ 5. سۆز و نارەنار؛ 6. کەلام یان سروودی ئایینیی ئەلحەق (یارسان)ەکان، پەیوەندیدار بە سەردەمی زەڕدەشت کە هەوایەکی کۆنە و لە مەراسم و ستایش و نیایشی ئایینییدا گوتراوە! هۆرە یەکجار کۆنە و بە زاراوەی کەڵوڕی و جافی دەگوترێ، هەم بە پێی ناوەکەی و هەمیش بە پێی مێلۆدییەکە، کە لە نێوان ئەلحەقەکاندا باوە و دەیچڕن، وا دەردەکەوێ کە هەر ئەو هەوا کۆنە بێ کە لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا لە مەراسم و ستایشی ئایینییدا گوتراوه و لە کارنەمەی ئەردەشێری پاپەکاندا بە لحن اورامی (ئاوازی هەورامی) ناسراوە. هۆرە زۆرتر بە بێ مۆسیقا دگوترێ، بەڵام هەندێ جار لەگەڵ تەمبوور و بلوێریش گوتراوە! ئەم هەوایە وەک لە سەرەوە باسم کرد، ڕیتم و میزانی نییە و لە گوتندا ئازادە و بە دەنگی پچڕپچڕ دەگوترێ. هۆرە زۆرتر بە قوڕگ دەگوترێ و هۆرەبێژ، دەستێکی یان هەردوو دەستی لە پشت گوێ دەنێ و هەواکەی پێ دەچڕێ! لە باری زانستی مۆسیقاوە یەک پەردەیە و ئەگەر لە سۆلەوە دەست پێ بکا، هەر بە سۆل کۆتایی پێدێ! وشەی (هۆرە) لەبەر ئەوەی کە بۆ ستایشی ئەهوورامەزدا گوتراوە، لە واژەی (ئەهوورا) وەرگیراوە و هەر بەو شێوەیەی کە لە کۆندا گوتراوە، لەناو پەیرەوانی ئایینی یارساندا دەگوترێتەوە. هۆرە لەکاتی مردنی کەسێک، یان ڕوودانی کارەساتێک، بە هەوایەکی زۆر خەمگین دەگوترێ. شیعرەکانی هۆرە لە کۆندا هەڵگری گوتە پیرۆز و ئاسمانییەکانی ئاوێستا بووە، بەڵام لەو کاتەوە کە ئایینی ئیسلام لەناو کورددا جێگەی گرتووە، هۆرە لە لایەن دەروێش و سۆفییەکانی کوردستانەوە شێوەی ئایینیی گرتۆتە خۆی و بە هۆنراوەی عیرفانییش دەگوترێ. بێژگە لەمەش بە شیعری دڵدارییش دەگوترێ و هۆرە بەگشتیی، هەم لە شایی، هەمیش لەپرسەدا دەیچڕن. هۆرە وەکوو گاتاکان، بە شیعری بیست بڕگەیی دەخوێنرێ. هۆرە لە ناوچەکانی گۆران، سەنجابی، قەڵخانیی، زەهاو، خانەقین و کرماشان و ئیلام و لوڕستاندا باوە و دەگوترێ. هۆرە ئەوەندە بەسۆزە کە لەو ناوچانە (کزە) شی پێدەڵێن! هۆرە بەیانگەری داستانگەلی عاشقی و حەماسی و قارەمانانەیە و بەنێوبانگترین و کۆنترین هۆرە، هۆرەی (عەزیز و تەکش) ە، کە داستانێکی حەماسییە! جۆرەکانی هۆرە بریتین لە: گوڵەخاک، لوڕیچڕ، سووارانە، قەڵوەزیچڕ، قاچاخچیچڕ، دوودەنگیی (دووقۆڵیی)، غەریبیچڕ، ئەکوەرخانیی، کڵاودڕ، یەکدەنگیی، ئەرکەوازیچڕ، هەی سووار هەی سووار، گڵەوەدەر، یۆسۆ کڵاوزەر، باندەسانیی، شاحوسێنیی، سارۆخانیی، جڵەوشایی، تەرز، مەجنوون، سەحەریی، باریە، دۆباڵا، غەریویی، بانبنەیی و پاموورەیی. دوو جۆری جیاوازی هۆرەشمان هەیە کە کۆنن، وەکوو: موور بۆ شیوەن و هەرا بۆ شەڕ لەگەڵ دوژمن.
نەورۆز
نەڤرۆز، رۆژی سەری ساڵ، سەرەتای بەهار؛ لەراستیدا وشەی نەورۆز، وشەیەکی فارسییە و کوردیی نییە، چونکە کورد دەڵێ: رۆژ، نەک رۆز! کورد دەڵێ: نوێ، تازە، نەک: نەو! ئەگەر وشەی نەورۆز کوردیی بێ، دەبوو: نوێڕۆژ، یان تازەرۆژ با. داستانی نەورۆز چیرۆکێکی دوور و درێژە و گوتنی جۆربەجۆری لەسەرە. لەوانە مامۆستا هێمن، شاعیری نەمری کورد دەڵێ:
ساژین
گردومرد، خڕوخۆڵ.
شابەز
سەرۆکی بازرگانان، گەورەبازرگانی شار.
باوزێ
گوندێکە بەرانبەر بە چیای ئاسۆس لە ناوچەی دووکان لە باشووری کوردستان.