کەویژ
1. قەفیز، دەفری شتپێوان، بەتایبەت بۆ گەنم و دانەوێڵە و شتی وا لە کۆندا کەڵکیان لێوەردەگرت. پێشینان دەڵێن: (چکەویژێ، چمەویژێ!) ؛ 2. قەفیز وشەیێکی عەرەبییە و کوردییەکەی (دەمبێن یان دەمبەس)ە، دەمبێن پارچە ئاسنەواڵەیێکە کاتێ سۆندە یان شلنگی ئاو دەپچڕێت، بۆریی یان لوولەیەکی ئاسن دەخرێتە نێوان ئەو سۆندە بچڕاوە بۆ وێکخستنەوەی، ئەو بۆرییەی کە ئەم سەر و ئەو سەری سۆندەکەی تێکراوە، بەو دەمبێنە لە یەک گرێ دەرێتەوە.
ناوکۆ
1. دەروون و هەناوی نووسین و گوتار، ناوەوەی هەر شتێک؛ 2. ناوەڕاستی خەرمان و هەر شتێکی دیکە..
مانا
1. گوزارە، نیاز لە قسە یان نووسراو؛ 2. واتا؛ 3. وێکچوو، وێنوێن؛ 4. لە زەند و پازەندی ئاوێستادا بە واتای پەروەدگار و ئیزەد هاتووە؛ 5. تیرەیەکی کۆنی کورد بوونە کە لە خوارەوەی دەریای ورمێ ژیاون و پاشان کە بە دەسەڵات گەییشتن، پاتەختەکەیان بردە شاری زیویە یا (ئیزیرتوو) لە 50 کیلۆمیتری شاری سەقز. کۆنترین دەوڵەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەوڵەتی مانایی یەکان بووە که یەکەم دەوڵەتی یەکگرتووی ناوچەکە بووە و مەڵبەندێکی بەرینی گرتۆتە خۆی و خاوەنی دەسەڵاتی لەشکریی و توانای ئابووری بەهێز بووە کە لەبەرانبەر ئاشوورییەکان و ئۆرارتۆکانا ڕاوەستاوە و دێریکی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەزارەی یەکەم و کۆتایی هەزارەی دووهەمی پێش زایین، واتە ئەو سەردەمەی کە ئارییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا هاتوون؛ ماناکان بەشێک بوونە لە یەکیەتی هۆزەکانی لۆلۆیی و گۆتی کە لە مەنزوومەی زاگرۆس جیا دەبنەوە و خاکەکەیان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی باشووری گۆلی ورمێ هەتا ڕۆژاوای باشووری زەریاچەی کاسپین بەتایبەت نێوان مەراغە تا سەقز و بۆکانی گرتۆتە بەر و بۆکانیش شارێک بووە لە شاری مانایی یەکان؛ ڕۆسا یەکەم شای ئۆرارتۆیییەکان لە هێرشی خۆیدا بۆ سەر ماناییەکان، 22 قەڵا یان 22 شاری مانایی یەکان داگیر دەکا، بەڵام سارگۆنی پاشای دووهەمی ئاشوور، لە 715 تا 716ی بەر لە زایین لە ڕواندز و حاجی ئۆمەرانەوە بەرەو پیرانشار و سندووس داگەڕاوە و پاش ماوەیەک ڕۆییشتن بەرەو زەریاچەی ورمێ گەڕاوەتەوە و لەشکرەکەی بە ئیندرقاش و قومقەڵای سابڵاغدا بەرەو میاندوئاو بە چەمی تەتەهۆدا خۆی گەیاندۆتە شیز واتە ئاورگەی ئازەر گوشەسپ و پاشان چۆتە سایین قەڵا کە ئەودەم نێوی (ئەوکان) بووە، لەوێ دڕندانە بەلووزەو داویەتی بە سەر مانایی یەکاندا، بەڵام دیسانیش هەر تێک نەچوونە تا دواتر مادەکان دەستیان بە سەر خاکەکەیاندا گرتووە؛ ئەم تیرەیە بە گوتەی برتانیکای ئینگلیسیی، کە لە ئینسکلۆپیدیای زمانی ئینگلیزیدا باسی کردووە: ماناکان لە لایەن سێ هێزی گەورەی سەردەمی خۆیانەوە گەمارۆ دراون، واتە: ئاشوور و ئۆرارتۆ و ماد، بەڵام دوای هێرشی سەکایییەکان و پەیدابوونی ماد، لە سەدەی حەوتەمی بەر لە زایین، ناسنامەی تیرەیی خۆیان لە دەست داوە و چوونەتە ژێر دەسەڵاتی مادەکان و دوژمنی گەورەی ماناکانیش دەوڵەتی ئاشوور بووە کە دوایی بە دەستی مادەکان تێدا چوون. بڕوانە دوو وشەی (مانای) و (مانیان).
چێرین
نێوی کوردیی گوندێک بووه له باکووری کوردستان که دهوڵهتی تورک گۆڕیویه و نێوی تورکیی له جێی داناوه.
نەکەرۆز
1. زۆرسارد؛ 2. سەخت و رووتەن. 3. چیایەکە لەلای بانە لە کوردستان.
مامیسا
1. مامیشا؛ نێوێکی کۆنی سریانییە؛ 2. گیایەکی باڵابەرزە لە وێنەی خەشخاش کە گوڵی زەرد دەکا و گوڵەکەشی تۆمێکی وردی ڕەش دەکا و بۆ ناوزگ باشە چونکە ڕەوانی دەکا؛ 3. نێوی گوندێکە لە ناوچەی بادینان لە کوردستانی باشوور.
وەرزین
1. کاری کێڵگە؛ 2. نمەزین، ئارەقگیر؛ 3. بەرەی زین، قاییش و قەرووشی سینگی ئەسپ؛ 4. جووڵانەوە و خۆماندووکردن، وەرزش؛ 5. مەشق؛ 6. راڤە، لێکدانەوە؛ 7. لێکدانەوەی خەون.
سەنیار
کڕیار، شتکڕ، کەلوپەلکڕ.
ئاڤازەر
ناوێکی کرمانجییە بە مانای ئاوی زێڕ
هەرمێ
1. هەرمۆ، هەمرۆ، میوەی هەرمێ؛ 2. سەربەندی گۆرانییەکی کوردییە.