جگەرسۆز

مێهره‌بان، خه‌مخۆر و دڵسۆز.

کەیا

1. نازنێوی پیاوی بەدەسە‌ڵات، کوێخا؛ 2. کایە؛ 3. ژەندنی تراو، وەکوو مەشکەت کەیاندووە؟!

هاڵا

1. دۆست و هاواڵ؛ 2. پەنا، پەنابردن؛ 3. هەواڵ، ئاگا؛ 4. داد و فریاد.

پەچە

1. پێچە، پەچە، دەسماڵ یان تەنراوێکی رەشە کە ژنان لە کوردەواریدا بەتایبەت لە لادێ بۆ شەرمە یان شەرمکردن لە پیاو دەم و لووتی پێ دادەپۆشن. شەرمە کولتووری عەرەبە کە بە هۆی ئایینی ئیسلامەوە هاتۆتە ناو کۆمەڵگای کوردەواری. کـــــۆڵان بــەکـــــۆڵان جــــادە بـه ‌جــــــادە نەشمیلەی چاوجووان (پەچە)کەت لادە (عەلی مەردان) 2. پەچە، مۆڵگە، هەوێز، بێرە، رانەبێرە، بەو شوێنە دەگوترێ کە پەز و بزن (وردەماڵات)ی لێ دەخەوێنن بۆ شیردۆشین و وچاندەرکردنی شووان لە کاتی نیوەڕۆدا و کچان و ژنان دێن بۆ دۆشینیان. وەکوو: لەناو ران هاتەو شیر بە شانەوە لچی ها بە تۆز (پەچە)ی رانەوە (گەلێریی ناوچەی سنە)

دایاخ

1. دایه‌خ، بایه‌خ، به‌هره‌، فایده‌؛ 2. سه‌بر و حه‌وسه‌ڵه‌؛ 3. پشوودان.

ڕووبەخاڵ

خاڵ لەڕوو، کەسێک کە خاڵی بە روومەتەوە بێ.

ئاڤزین

1. په‌نگخواردنه‌وه‌ی ئاو و رابوونی له‌ جێگای خۆی؛ 2. بڵندایی و گێژی نێرینه‌ی ئاو.

بانیس

1. شوێنی تەخت و راسا؛ 2. دەشتی پان و بەرین.

مازێ

1. مازی، مازوو؛ 2. ماژەڵە، مرۆخەی پشت؛ 3. نێوی چیایەکە لە باکووری کوردستان.

ئەژدەهاک

1. نێوی کێوێکە لە ناوچەی هەورامان لە پشت گوندی دزڵییەوە، له ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ 2. نێوی کێوێکە لە ناوچەی سلێمانی نزیک بە سوورداش لە کوردستانی باشوور؛ 3. ئاستیاگ، ئازیدهاک، ئەژدەها، زەها، هەژدیها، حەزیا، ماری گەورەی ناو چیرۆکان، حەفی؛ 4. لە راستیدا، ئەژدەهاک یان ئاژدەهاک لە دوو وشەی (ئاژ و دەهاک) پێکهاتووە کە (ئاژ) واتە: ئاغا، زۆردار، سەرۆک و (دەهاک)یش واتە: شوێن یان جێگە و مێنگەی تیرە و هۆز. بڕوانە: دەهاک لە بەشی کوڕان. بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیەی کە لە ناو کورددا دەمێکە بڵاوە و دەڵێن: ئەژدەهاک حاکمێکی زاڵم و خوێنڕێژ بووە و چی و چی... (ئەحمەد شاملوو) شاعیری پایەبەرزی فارس دەڵێ: ئەژدەهاک (زوحاک) پاشایەکی عادڵ و خێرانکار بووە کە زەوینەداگیرکراوەکانی بە سەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازدا دابەشیوە و زۆر کاری دیکەی لەم بابەتانە بەڵام بە دەستی (شاوان بێمێشک) ێک بە نێوی (کاوە) لە دەسەڵات کەوتووە و (فەرەیدوون)ی لە جێگەی داناوە و پاشایەتی هاتۆتە گۆڕێ! هێرۆدۆت دەڵێ: ئاستیاز یان ئازیدهاک، یەکێ لە پاشاکانی ماد بووە و 33 ساڵ پاشایەتی کردووە. بڕوانە بۆ وشەگەلی (ماد) و (نەورۆز).

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!