باوەز

1. کاتی هەڵکردنی با؛ 2. پووش و پەڵاش یان شتێک کە با بیهێنێ.

چەمچەماڵ

1. چەمی بەرانبەر ماڵان، چەمێک کە بەناو گوند و شاردا بڕوا؛ 2. شارۆچکەیەکە لە نێوان سلێمانی و کەرکووک؛ 3. ناوچەیەکە لە هەریمی کرماشان. ئەم نێوە لە گاتاکانی زەڕدەشتدا و لە داستانی (رۆسەم و زۆراو) دا هاتووە.

زارین

گریان بە دەنگی بەرز.

ساڤۆ

گوڵێکە لە ناوچەی بادینان دەڕوێ و گوڵ لە رەنگی شین و پەمەیی و هیدیکە دەردەکا.

درێشک

درێشک، دره‌وش.

هۆرە

1. دەوروبەر؛ 2. پووازی ئەستوور بۆ قەڵشوێهاتنی دارێ کە بە تەور دەیشکێنن؛ 3. سەیرانگا؛ 4. جێگای زۆر بەرز؛ 5. سۆز و نارەنار؛ 6. کەلام یان سروودی ئایینیی ئەلحەق (یارسان)ەکان، پەیوەندیدار بە سەردەمی زەڕدەشت کە هەوایەکی کۆنە و لە مەراسم و ستایش و نیایشی ئایینییدا گوتراوە! هۆرە یەکجار کۆنە و بە زاراوەی کەڵوڕی و جافی دەگوترێ، هەم بە پێی ناوەکەی و هەمیش بە پێی مێلۆدییەکە، کە لە نێوان ئەلحەقەکاندا باوە و دەیچڕن، وا دەردەکەوێ کە هەر ئەو هەوا کۆنە بێ کە لە سەردەمی زەڕدەشتییەکاندا لە مەراسم و ستایشی ئایینییدا گوتراوه و لە کارنەمەی ئەردەشێری پاپەکاندا بە لحن اورامی (ئاوازی هەورامی) ناسراوە‌. هۆرە زۆرتر بە بێ مۆسیقا دگوترێ، بەڵام هەندێ جار لەگەڵ تەمبوور و بلوێریش گوتراوە! ئەم هەوایە وەک لە سەرەوە باسم کرد، ڕیتم و میزانی نییە و لە گوتندا ئازادە و بە دەنگی پچڕپچڕ دەگوترێ. هۆرە زۆرتر بە قوڕگ دەگوترێ و هۆرەبێژ، دەستێکی یان هەردوو دەستی لە پشت گوێ دەنێ و هەواکەی پێ دەچڕێ! لە باری زانستی مۆسیقاوە یەک پەردەیە و ئەگەر لە سۆلەوە دەست پێ بکا، هەر بە سۆل کۆتایی پێدێ! وشەی (هۆرە) لەبەر ئەوەی کە بۆ ستایشی ئەهوورامەزدا گوتراوە، لە واژەی (ئەهوورا) وەرگیراوە و هەر بەو شێوەیەی کە لە کۆندا گوتراوە، لەناو پەیرەوانی ئایینی یارساندا دەگوترێتەوە. هۆرە لەکاتی مردنی کەسێک، یان ڕوودانی کارەساتێک، بە هەوایەکی زۆر خەمگین دەگوترێ. شیعرەکانی هۆرە لە کۆندا هەڵگری گوتە پیرۆز و ئاسمانییەکانی ئاوێستا بووە، بەڵام لەو کاتەوە کە ئایینی ئیسلام لەناو کورددا جێگەی گرتووە، هۆرە لە لایەن دەروێش و سۆفییەکانی کوردستانەوە شێوەی ئایینیی گرتۆتە خۆی و بە هۆنراوەی عیرفانییش دەگوترێ. بێژگە لەمەش بە شیعری دڵدارییش دەگوترێ و هۆرە بەگشتیی، هەم لە شایی، هەمیش لەپرسەدا دەیچڕن. هۆرە وەکوو گاتاکان، بە شیعری بیست بڕگەیی دەخوێنرێ. هۆرە لە ناوچەکانی گۆران، سەنجابی، قەڵخانیی، زەهاو، خانەقین و کرماشان و ئیلام و لوڕستاندا باوە و دەگوترێ. هۆرە ئەوەندە بەسۆزە کە لەو ناوچانە (کزە) شی پێدەڵێن! هۆرە بەیانگەری داستانگەلی عاشقی و حەماسی و قارەمانانەیە و بەنێوبانگترین و کۆنترین هۆرە، هۆرەی (عەزیز و تەکش) ە، کە داستانێکی حەماسییە! جۆرەکانی هۆرە بریتین لە: گوڵەخاک، لوڕیچڕ، سووارانە، قەڵوەزیچڕ، قاچاخچیچڕ، دوودەنگیی (دووقۆڵیی)، غەریبیچڕ، ئەکوەرخانیی، کڵاودڕ، یەکدەنگیی، ئەرکەوازیچڕ، هەی سووار هەی سووار، گڵەوەدەر، یۆسۆ کڵاوزەر، باندەسانیی، شاحوسێنیی، سارۆخانیی، جڵەوشایی، تەرز، مەجنوون، سەحەریی، باریە، دۆباڵا، غەریویی، بانبنەیی و پاموورەیی. دوو جۆری جیاوازی هۆرەشمان هەیە کە کۆنن، وەکوو: موور بۆ شیوەن و هەرا بۆ شەڕ لەگەڵ دوژمن.

پژاو

1. دەشتی زەق و بەراو؛ 2. دەشتێکە لەبەری زرێبار، کە (ماش)یان لێ هەڵدەبەست بۆ ماسیگرتن؛ ماش: وەکوو تەیمان و کۆڵیت، لەبەراو درووست دەکرێ تا ماسی تێبکەوێ و بیگرن.

شیلان

جۆرێک موورووی وردی سوورە؛ 2. دلێق، جلێق، بەری دارێکی سووری بتەوی دڕکاوییە، کە شەش گەز هەڵدەچێ و گوڵی زەردی تۆپ و پڕ دەکا و بەری سووری ورد و خرت و شیرین و بەچێژ دەگرێ، لە شێوەی سرینچک (سنجوو)، کە دەخورێ و بۆ دەرمانیش بەکار دێ.

داخواز

1. خوازیار، خوازه‌ر؛ 2. داواکاری، پێداویستیی.

دارکۆ

دارکونکەرە، دارتەقێنە، مەلێکە کە دار کون دەکا.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!