لاس
1. لاز، لاج، لاوی جووانچاک؛ 2. لاخە، گیای دووراوی نەبەسراوی کۆمنەکراو؛ 3. دەنگی گەماڵ لەکاتی تاوکردنی دێڵەبەبادا؛ 4. دارێکە لە دارسنجوو دەکا و دڕکی نییە؛ 5. کۆمای گزرە؛ 6. ژەنین یان پێوەدانی گۆڵەسەگ لە دەسان؛ 7. فریو؛ 8. ریخ یان لاسی گا، شیاکە؛ 9. نێوی قارەمانی چیرۆکی (لاس و خەزاڵ) ە کە لاس خەڵکی باڵەک و لە هۆزی باڵەکیان بووە.
گۆران
نێوی تیرەیەکە لە کورد کە لە ناوچەی داڵاهۆ و رێژاو و زۆر شوێنی دیکەی کوردستان دەژین و رەدووی ئایینی (یارسان) یان (ئەهلی هەق) ن و (کاکەیی) یشیان پێدەڵێن. گۆرانەکان یەکەمین یان دەتوانم بڵێم یەکێ لەو تیرەگەلەی کوردن کە زووتر لە هەموو تیرەکانی کورد دەستیان کردووە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و وشەی (گۆرانیی) بە نێوی ئەوانەوە هاتۆتە ناو زمان و ئەدەبیاتی کوردی؛ هۆزی گۆران یەکەم هۆز و تیرەی کوردن کە شارنشینییان دەست پێکردووە؛ لەبەر ئەوەش کە موسوڵمان نین، بەداخەوە پێیانگوتوون: گەور یان گاور، واتە: ناموسوڵمان!؛ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەتیشدا هەر سروود و ستران و ئاوازێکیش کە پێداهەڵگوتنی (ئیسلام)ی تێدا نەبووبێ، بە نالەبار و ناشایانیان لە قەڵەم داوە و پێیانگوتووە: گەورانی یان گاورانی!! و لەلایەن موسوڵمانانەوە بەرگری لێکراوە و وردە وردە ئەو ستران و سروودانە وشەی گەورانی بەسەردا بڕاوە و دوایی بۆتە: گۆرانی! هۆزی (گۆران) هۆزێکی کۆن و گەورەن؛ بەداخەوە (کوردی وشکەڕۆی موسوڵمان) یش پێیانگوتوون: دز، چەتە، رێگر، کە من پێموایە لەبەر ئەوەی کە موسوڵمان نەبوونە و پەیڕەوی ئایینی کۆنی یارسانن, وایان پێگوتوون، چونکە ئەوانە سەریان بۆ عەرەب و تەنانەت کوردی موسوڵمانیش کە لەبنەڕەتدا موسوڵمان نەبوونە و بە شەق و شمشێری عەرەب بوونەتە موسوڵمان، دانەنەواندووە؛ لەبەر ئەوەش کە کوردی موسوڵمان پەیتاپەیتا هێرشیان کردوونەتە سەر و ئازاریان داون، ناچار کاردانەوەیان نیشان داوە و خۆیانیان پاراستووە، کوردە موسوڵمانەکەش لە داخی ئەوە کە ئەم یارسان (ئەلحەق) انە پەرچەیان لەو دینە نەتەوەیی یەی خۆیان کردووە, ئامادە نەبوونە ببن بە موسوڵمان و ناونیتکەی وایان لێناون و بە دز و چەتە و رێگریان لەقەڵەم داون، لە کاتێکدا وا نییە و بۆ هەموو کوردیکی تێگەییشتوو و رۆشنبیر جێگای سەربەرزین، چونکە یارسان یان گۆرانەکان، زمان و کولتووری کوردییان لە چوارچێوەی ئەو دینە کۆن و نەتەوەیی یەی خۆیاندا بۆ پاراستووین! نێوی گۆران لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا و شوێنانی دیکە، بە یۆران دەخوێرێتەوە و ئەمیش وەکوو ئالان نێوێکی دنیاداگر (ئینترناشیۆناڵ)ە. بڕوانە (پاڵەوان) و (یارسان) لە بەشی کوڕان.
کاردوو
1. تۆمی گیایەکە لە گەنم دەکا و رەنگی رەشە؛ 2. گیایەکی گەڵا پانە لە ناو سماقا زەردی دەکەن و دەیکەن بە چێشت.
پاوێرە
نێوی کوردیی گوندێک بووە لە باکووری کوردستان کە دەوڵەتی تورک گۆڕیویە و نێوی تورکیی لە جێی داناوە.
گوڵزێڕ
گوڵی دەسکرد لە ئاوی زێڕ، گوڵی دروستکراو لە ئاوی زێڕ.
شەکرا
شیلەی چەوەنەر و گەزۆ.
سەرشار
سەری مەیدانی گەمە، کۆتایی گۆڕەپانی کایە.
سەرسیان
دێیەکە لای دێیەکانی (مەمەنداوا و دێبیژە) کە لە تیرەی ترکەرەشەن، لە باشووری کوردستان .
ناری
1. نەیر، وشەیەکی کۆنی ناو گاتاکانی زەڕدەشته و واتای ئاگر دەدا؛ 2. ناسک، تەنک، ژنی شەرمن؛ 3. گۆرانیی خەمبارانە؛ 4. نێوی بەنداوێک بووە لە ڕۆژاوای شاری بەغدا لە ناوچەی کووت، کە لە سەردەمی ساسانییەکاندا درووست کراوە؛ (ابن ڕوستەم) لە کۆپەڕی (الاغلاق النفسیە) دا لە باسی شاری کووتی بەر لە ئیسلامدا لە سەر ئەم بەنداوە دواوە و گوتوویەتی: کووت، کوردنشین بووە و کوردی فەیلی تێدا ژیاوە. بڕوانە بۆ نەیری.
وەرزی
بەرزی، بڵندی.