مادۆسا

نێوی هۆزێکی کورد بووە لە ناوچەی کەرکووک کە بە دەستی دەوڵەتی خوێنڕێژی عوسمانی هەڵداژراونەتە قبرس و لەوێ ماونەتەوە و لە نێوان تورکدا زمان و فەرهەنگی خۆیان وردە وردە لەبیر کردووە و بوونەتە تورک.

کاوە

1. ئێش و ئازارێکە بە هۆی کارکردنی زۆرەوە لە لەشدا پەیدا دەبێ؛ 2. نێوی کاوەی کوردی قارەمانی داستانی ئەفسانەیی (کاوە و ئەژدەهاک)ە، کە ئەژدەهاکی کوشت و (فەرەیدو)ی فارسی لە جێگای دانا. بڕوانە ئەژدەهاک.

درسیم

دێرسیم، ناوچەیەکی بەرینە لە باکووری کوردستان، کە داگری چەند باژێر و چەندین گوندە، لەم ناوچەیەدا کوردی زاراوەزازا و کرمانج پێکەوە دەژین کە زازاکانیان سەر بە ئایینزای عەلەوین؛ شۆڕشی دەرسیم کە بە سەرۆکایەتی شێخ رەزای دەرسیم لە چیای ئاگری هەڵگیرسا، لەم ناوچەیەوە دەستی پێکرد؛ وشەی دێرسیم، دوور نییە لە دوو وشەی (دێر: پەرستگا و سیم: زێڕین و پیرۆز) پێک هاتبێ بەواتای پەرستگای زێڕین، یان جێگای پیری زەڕدەشتییەکان.

مامز

1. ئاسک، کەژاڵ، پەزەکێوی، ئاهوو؛ 2. ماسییەک کە گەرا دادەنێ؛ 3. مامزە، ئەو ئاسنەی کە سوار لە پاشپانییەی چەکمەی قاییم دەکا بۆ لێخوڕینی ئەسپ.

گیابەند

گیایەکی زۆر بۆنخۆشە.

لیرە

1. لوورە، بالۆرە، جۆرێک گۆرانییە کە ژنان لە کاتی کار و فرماندا دەیچڕن و بەسۆزە؛ 2. دراوی سکە لە زێڕ.

گوارە

گۆشوارە، گوارەی گوێ.

سەوزە

1. ئەسمەر، رەشتاڵە؛ 2. سەوزی خواردن؛ 3. جۆرێک کشمیش.

کاڤار

بە زاراوەی کرمانجی، واتە: قەزا یان شارۆچکە.

چەپکە

ده‌سکه‌گوڵ، چه‌پکه‌ گوڵ.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!