ئەستێ

بەردی ئەستێ، ئەستێ و قاو، بەردەچەخماخ.

ئار

1. لەو سەردەمەدا پێشبەندی (ئار) بە واتای (ئاگر و پاک) بۆ رێزدانان لەو شتانەی کە (پاک و پیرۆز) ‌بوونە بەکار براوە، وەک: ئاریاکیس، ئاریبانس و ئارچاری؛ لە راستیدا نێوی ئارچاری، چاری بووە کە هەر دەبێتە چێری. 2. وشەی (ئار) لە زمانی کوردیدا واتای ئاگر و رەنگی سوور دەدا کە لە ریشەی وشەی (ئار)ی ئەوێستایی یەوە هاتووە و واتای (ئاگرپەرست) و (سوور) دەدا،‌ لە زمانی پالەوی یان کوردیی کەڵوڕیشدا هەر ئەو واتایە دەدا و گوتراوە (ئارووس)؛ 3. (گەورە و مەزن)؛ 4. واتای (ئێش و ئازار) دەدا و لە زاراوەی کەڵوڕی (پالەوی)ی کۆنیشدا هەر ئەو مانایە دەدا؛ 6. هەروەها (ئار) مانای سپیکەلە یان چەرمەڵەش دەدا؛ 7. پاشگری بکەرە و بە هەندێ وشەی چووکەوە دەلکێ و نێوێکی دیکەی چاوگ ساز دەکا؛ وشەی ئاراراتیش دوور نییە لە وشەی ئار و ئاور کەوتبێتەوە، لەوانەیە ئەم وشەیەشیان بۆیە لەسەر ئەم کێوە دانابێ‌، چونکە کێوێکی سەر بە ئاگر یان گڕکانە، تورکەکانیش وشەی ئاگریان گۆڕیوە بۆ (ئاغر) و وشەی (داغ)یشیان کە وشەیەکی تورکییە و واتای چیا دەدا پێ زیاد کردووه و نێویان ناوە آغریداغ‌؛ حوکوومەتی تورک، وشەی (داغ)ی بۆیە بە وشەی کوردی ئاگرەوە ناوە و کردوویە بە (ئاغر)، لەبەر ئەوە بووە کە نێوی کوردیی لەو پارچەیە تێک بدەن و بیشێوێنن؛ چیای ئاگریی لەبەر ئەوەی کە گڕکانە و سەربەئاگرە، بوومەلەرزەی زەمەند و وێرانکاری لێ رادەبێ.

ساسان

1. زوڵملێکراو، ستەمدیو؛ 2. نێوی یەکەم کەسی دامەزرێنەری بنەماڵەی ساسانییەکان. بڕوانە مینا لە بەشی کچان.

ڕەندان

1. کۆی وشەی (رەند)، کە دەبێتە: ئازا و مێرخاس؛ 2. ئاد، زەوینی هەر چوارلا ئاو؛ 3. تەختایی ناو گردان.

کارمات

1. کارماد، کارمات، کڕمات، کرماج، کوردمانج، کورد، گوندی؛ 2. جووتیار، چاندەکار؛ 3. شوان و گاوان، بەخێوکەری ئاژەڵ؛ 4. تیرەیەک لە تیرەکانی ئەلحەق بوونە کە دوای ئەبوو موسلێمی خوراسانیی، لە 254 هەتا 270 ی کۆچییدا، بە شەڕی چەکداری لە دژی خەلیفەکانی سەرەتای ئیسلام بەرگرییان لە بزووتنەوەی سۆفیگەریی یارسان (حەقە) کردووە لە کوردستان و ئێران و زۆر شوێنێ دیکە و رەواجیان بە ئایینی یارسان داوە. عەرەبی موسوڵمان ئەم وشەیانە کردووە بە قرمەت (قرمط)، واتە: ناموسوڵمان و بی دین و کافر، یان ئەو کەسانەی کە لە نووسیندا خەتیان وردە!! زۆر بە داخەوە ئەم ناژیربێژییە و ئەم بێ مەنتەقییە ناچێتە مێشکەوە، چونکە ئەوانەی کە موسڵمانن، هەر گەل و نەتەوەیێکی ناموسڵمان بە بێدین و کافر دەزانن، ئەم تیرەیەشیان لە تیرەی ئەلحەق (یارسان) زانیوە، بۆیە بە قرمط یان قرمطی نێویان بردوون‌، کڕماتەتەکان ئایینی تایبەتی خۆیانیان هەبووە و نەچوونەتە ژێر درۆ و دەلەسەی خەلیفەکانی ئیسلامی ئەو سەردەمە کە سەرانسەری کوردستانیان لەناو خوێندا شەڵاڵ کرد. (قرمط) لە راستیدا (کڕمات) بووە کە عەرەب کردوویەتی بە قرمط!!

میلکان

جێگای چادر و چێخبەرپاکردنی خێڵاتی کورد.

ئادار

مانگی ئازار (مارت)، ده‌ ڕۆژ له‌ ڕه‌شه‌مه‌ و بیست ڕۆژ له‌ خاکه‌لێوه‌. بڕوانه‌ وشه‌ی ئاد.

خەجان

خه‌جێ، خه‌جیج، خه‌جی خه‌جان؛ 2. له‌ وشه‌ی (خه‌جێ) وه‌رگیراو؛ 3. جووان و له‌بار.

ئاماد

ئامه‌د، ئامات: 1. شاری شاران، گه‌وره‌شاری زه‌ڕده‌شتییه‌کان، گه‌وره‌شاری ناوچۆمان (بین النهرین)؛ 2. شاری هات و به‌خت و شانس؛ 3. نێوی شاری دیاربه‌کر بووه‌ 1500 ساڵ به‌ر له‌دایکبوونی حه‌زره‌تی عیسا؛ 4. ئامات، نێوی شاری ئامێدی بووه‌ له‌ 823ی به‌ر له‌زایین؛ 5. نێوی شارێکه‌ له‌ نێوان سه‌رده‌شت و مهاباد. بڕوانه‌ بۆ ئامێدی.

گەورێ

1. ژنی فەلە یان مەسیحی کە لە کوردستاندا دەژین؛ 2. سەربەند و پاشبەندی گۆرانیی کوردیی. (گەورا من، یار گەورێ)

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!