حەملان
کاتی خۆی لە سلێمانی لە ماڵێکدا دوو حەمە یان موحەممەدی لێ بووە، کە بۆ ئەوەی تێکەڵ نەبێ، بە یەکێکیان گوتووە: حەمە و ئەوی دیکەشیان: حەملان.
وەرشەو
ئالیاژێکە تێکەڵ لە مس و زیو کە بریقەدارە و خەراپ نابێ و سینی و کەوچک و چەتاڵ و شتی وای لێ درووست دەکەن.
میرۆ
میرا، پاشای بچووک.
پۆشیا
1. پۆشتە و رێک و پێک؛ 2. وشەی بکەری رابردووە واتە: لەبەر کرا.
یاسەمەن
یاسەمین، درەختێکی گەڵاوردی بچکۆلەیە کە گوڵی سپی و بۆنخۆش دەگرێ، لە داری یاسەمەن، دار جگەرە درووست دەکرێ.
بێریتە
بێرێت، بێرێتە، سەمای بەکۆمەڵ، سەمایەکی کۆنی سەردەمی زەڕدەشێتییەکان بووە.
باڵەک
1. شوێنی بەرز و باگرەوە؛ 2. نێوی دوو گوندن کە کەوتوونەتە لای سەرووی چەمی رواندز لە باشووری کوردستان؛ 3. بەو گوندانە و شوێنەکانیان دەڵێن: باڵەکایەتی؛ 4. باڵەک نێوی تیرەیەکە کە پاژی هۆزی (زەرزا) ن. لاس قارەمانی چیرۆکی (لاس و خەزاڵ)، خەڵکی ئەم ناوچەیە بووە.
زمناکۆ
کێوێکە لەلای رۆژهەڵاتی شاری (دەربەندیخان) لە باشووری کوردستان.
کارتەش
چاندن، تۆوەشاندن.
بەرکاز
پەنجەرە، دەلاقەی دیواودەر.